ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر
هەوکردنی بەکتریایی لە منداڵداندا باوترین هۆکاری دەردانی نائاسایی زێیە لە ئافرەتان بەتایبەت ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان ١٥ بۆ ٤٤ ساڵاندایە، کاتێک ڕوو دەدات کە ژمارەیەکی زۆر لە بەکتریا لە زێدا هەبن و هاوسەنگی سروشتی بەکتریا لە زێدا دەگۆڕێت.
زێ بەکتریای بەسوودی لێ دەژیێت؛ لە ژنانی تووشبوو بە نەخۆشیی زێ، بەکتریای ئاسایی چڕبوونەوەیان کەم دەبێتەوە و، ژمارەی بەکتریای “زیانۆک” زیاد دەکات. هۆکاری ئەم گۆڕانکاریانە نادیارە؛ د. دلۆڤان محەمەد عەلی پسپۆڕی نهخۆشینهکانی ژنان و منداڵبوون هۆکارەکانی هەوکردنی بەکتریایی لە منداڵداندا دەخاتە ڕوو .
ئەو پزیشكە پسپۆڕە ئاماژە بەوە دەكات كە هەوکردنی بەکتریای منداڵدان دەکرێت بەهۆی چەند بەکتریایەکی جیاوازەوە بێت و، لە بارودۆخی جیاوازدا ڕوو بدات. هۆکارە سەرەکییەکانی هەوکردنی بەکتریای منداڵدان ڕوون دەكاتەوە:
1. منداڵبوون (بەتایبەت بە نەشتەرگەری) بەکتریاکانی زێ، ملی ڕەحم، یان ژینگەی دەرەوە دەتوانن بڵاو ببنەوە بۆ ناو منداڵدان. وەک سترێپتۆکۆکۆسی گروپی B (GBS) و ئی کۆلای.
2. لەبارچوون: شانەکانی ناو منداڵدان تووشی هەوکردن دەبن.
3. هەوکردنی گواستراوەی سێکسی.
– کلامیدیا تراکۆماتیس و نێستێریای گۆنۆریا دەتوانن لە ملی ڕەحمەوە بەرەو منداڵدان بڵاو ببنەوە.
– ئەمانە لەوانەیە ببنە هۆی نەخۆشینی هەوکردنی حەوز (PID) کە کاریگەری لەسەر منداڵدان و بۆرییەکانی فالۆپ و هێلکەدان دەبێت.
4. دانانی لەولەبی ناو منداڵدان.
5. پارچەی وێڵاش دوای منداڵبوون یان لەبارچوون دەتوانن تووشی هەوکردن ببن.
6. لاوازبوونی کۆئەندامی بەرگریی لەش: ئەو ژنانەی نەخۆشینی شەکرە، یان ئایدزیان هەیە زیاتر تووشی هەوکردن دەبن.

