رۆژنامەی ھەولێر

ئەگەر بەنیازی نەشتەرگەری قەڵەویت

ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر

 

زۆر گرنگە تێگەیشتنێکی وردت هەبێت لە ڕێکارەکانی نەشتەرگەری قەڵەوی، مەترسی و سوودەكانی وە ئەو گۆڕانکاریانەی شێوازی ژیان کە پێویستی پێیەتی. ئافرەتی قەڵەو، ئەگەر پلانی هەیە دووگیان ببێت، پێویستە لەگەڵ پزیشکی نەشتەرگەریدا باسی کاتی دووگیانییەكەش بکا و ئامۆژگارییە پزیشکییەکان جێبەجێ بکات بۆ دڵنیایی لە دووگیانییەکی سەلامەت و تەندروست.

د. دیاری نیهاد ئیسماعیل پزیشکی پسپۆڕی نه‌شته‌رگه‌ری گشتی، نەشتەرگەری قەڵەوی، نەشتەرگەری بە ناوسکبین دەربارەی ئەو ئافرەتانەی كە نەشتەرگەری قەڵەوی دەکەن دەتوانن دووگیان دەڵێت: بەڵێ، ئافرەت دەتوانێت دووگیان بێت دوای نەشتەرگەری قەڵەوی. لە ڕاستیدا ئەم نەشتەرگەریانە بە شێوەیەکی بەرچاو ئەگەری دووگیانی زیاد دەکەن بە باشترکردنی هۆرمۆنەکان و ڕێکخستنی هێلکە دابەزین.

چ کاتێك گونجاوە بۆ دووگیانی دوای نەشتەرگەریی قەڵەوی؟
لەو بارەیەوە د. دیاری نیهاد ئاماژە بە ماوەی چاوەڕوانی دەكات كە پزیشکان پێشنیاری ئەوە دەکەن کە لایەنیکەم ١٢ بۆ ١٨ مانگ دوای نەشتەرگەری قەڵەوی چاوەڕێ بکرێت پێش ئەوەی هەوڵی دووگیانی بدەیت. ئەم ماوەیە پێویستە بۆ جێگیربوونی کێش. هەروەها بەدواداچوونی پزیشکی بە تایبەت ئەگەر نەشتەرگەرییەکە کەمتر لە ١٢ مانگ پێش دووگیانی ئەنجامدرابێت.
د. دیاری نیهاد ئامۆژگاری بۆ دووگیانی دوای نەشتەرگەری قەڵەوی دەكات كە پێویستەبایەخ بە خۆراکی هاوسەنگ بدرێت وەك خواردنی ڤیتامین و تەواوکەرە خۆراکییەکان كە زۆر پێویستە بۆ پاڵپشتی گەشەی کۆرپەلە و دایک، بەتایبەتی کە قەبارەی گەدە پاش نەشتەرگەری ڕەنگە توانای لەش بۆ هەڵمژینی ماددە خۆراکیەکان کەم بکاتەوە. هەروەها ڕاوێژکردن لەگەڵ پزیشکی ئافرەتان كە پێویستە پزیشکی ئافرەتان و منداڵبوون ئاگادار بکەیتەوە بە بوونی مێژووی نەشتەرگەری قەڵەوی بۆ بەدواداچوونی ورد لە کاتی دووگیانیدا.