ماكوان عێزهت – هەولێر
کۆڵۆن دەکەوێتە کۆتایی کۆئەندامی هەرسەوە. ماسولکەیەکی شێوە لوولەیە و پاشماوە پاڵ دەنێتە دەرەوە لە جەستە. شێرپەنجەی کۆڵۆن یەکێکە لە شێرپەنجە باوەکان لە جیهاندا و لە ڕیزبەندی سێیەمدایە لە ڕیزبەندی باوترین جۆرەکانی شێرپەنجە.
شێرپەنجەی کۆڵۆن یەکێکە لە شێرپەنجە باوەکان لە جیھاندا، لە چەند ساڵی ڕابردوو بە شێوەیەکی زیاتر دەرکەوتووە. پێشتر وا پێشبینی دەکرا کە زیاتر لە کەسانی تەمەن ناوەڕاست و بەساڵاچوان دەرئەکەوێت، بەڵام ئێستا لە تەمەنی گەنج و تەنانەت لە نەوجەوانانیشدا پەیدا دەبێت؛ ئەوەش بەھۆی ھۆکاری گۆڕانکاری گەورە لە شێوازی ژیان و پیسداگەڕانی ژینگە.
د. حەبیب مەحموود پسپۆڕ لەنەشتەرگەری ناوسکبینی و قەڵەوی وکۆئەندامی هەرس ڕوونیدەكاتەوە كە ھۆکارەکانی شێرپەنجەی کۆڵۆن زۆرن بۆ نمونە زۆر خواردنی گۆشتی سور و چەوری، جگەرە کێشان، خواردنەوە کحولیەکان، وەرزش نەکردن، کەم خواردنی سەوزە، ھەندێک جۆریش پەیوەنی بە بۆماوە ھەیە و لەناو ھەندێک خێزان ڕووئەدات.
د. حەبیب مەحموود دەشڵێت: ھەندێک جار ھیچ نیشانەیەکی دیاریکراوی نییە و کتوپڕ دەرئەکەوێت، ھەندێک جاریش بەشێوەی ئازاری ناوسک، قەبزی، خوێندانان لە کۆمەوە، کەمخوێنی یان زوو ماندووبون و ھیلاکی و بێھێزی. دەردەكەوێت، دەستنیشانکردنەکەی بە نازووری کۆڵۆن دەکرێت؛ ھەموو کەسێک لە تەمەنی ٤٥ ساڵان بەرەو سەرەوە پێویستە نازووری کۆڵۆنی بۆ بکرێت، ئەگەر گرفتی نەبوو ئەوكات ١٠ ساڵ جارێک ئەم پشكنینەی بۆ دەکرێتەوە.
د. حەبیب مەحموود دەربارەی خۆپاراستن و ڕێگەگرتن لە شێرپەنجەی کۆڵۆن چەند ئامۆژگارییەك دەخاتە ڕوو:
1. وەرزش و چالاکیی جەستەیی.
2. وازھێنان و دوورکەوتنەوە لە جگەرەکێشان.
3. دابەزاندنی کێشی جەستە لەو کەسانەی کە قەڵەون. دەرکەوتووە کە قەڵەوی دەبێتە ھۆی چەند شێرپەنجەیەکی ئەندامەکانی لەش؛ شێرپەنجەی کۆڵۆن یەکێکە لەو شێرپەنجانەی پەیوەندیی بە قەڵەویەوە ھەیە؛ دابەزاندنی کێش و ڕێگەگرتن لە قەڵەوی یەکێکە لە ڕێگاکانی خۆپاراستن لە شێرپەنجەی کۆڵۆن.
4. خواردنی سەوزە، بە شێوەیەکی وا کە ڕۆژانە لە ٣٠ گرام کەمتر نەبێت.
5. دوورکەوتنەوە لە ئارەق و ئارەقەمەنی.
6. کەمکردنەوەی خواردنی گۆشتی سوور بە تایبەتی گۆشتی پارازتە (ئامادەکراوی لەقوتونراوو).
7. خواردنی بڕی پێویست لە ڤیتامین دی و کالیسیۆم. چونکە دەرکەوتووە ڤیتامین دی ئەگەر کەم بێ، ھۆکارێکی شێرپەنجەی کۆڵۆنە.
8. ئەنجامدانی ھەناوبینی (نازوور)ی پێشوەختە بۆ کۆڵۆن یەکێکە لە ڕێگا گرنگەکان. ھەموو کەسێک لە دوای تەمەنی ٤٥ ساڵانەوە پێویستە نازووری کۆڵۆنی بۆ بکرێت؛ ١٠ ساڵ جارێکیش دووبارەی بکاتەوە. ئەگەر شێرپەنجەی کۆڵۆن لە خێزانێکدا ھەبوو ئەوا پێویستە ئەندامانی تری خێزانەکە لە پێش تەمەنی ٤٥ ساڵانەوە نازووری کۆڵۆنیان بۆ بکرێت.

