رۆژنامەی ھەولێر

پرخەپرخی شەوان؛ دەنگێكی بێزاركەر و لەوانەیە مەترسیدار

ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر

زانایان لە دوا توێژینەوەیان دەربارەی پرخەپرخی شەوان، ئاشكرایان كردووە كە ئەگەر پرخەپرخی کاتی خەو، وەستانی هەناسەدانیشی لەگەڵ بێت، ڕەنگە نیشاندەرێکی جددی سەرەتایی بێت بۆ مەترسیی تەندروستیت، لەوانەش نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی مێشک.

توێژەران پشتیان بە چاودێریکردنی وردی شێوازی خەوتنی بەشداربووان لە ماڵەوە بەستووە، کە داتای متمانەپێکراوی لەسەر کاریگەرییە تەندروستییەکانی پرخەپرخ كردووە.
د. هێمن نووری حەسەن پسپۆڕی نەخۆشییەکانی قوڕگ و لووت و گوێ دەڵێت: پرخەپرخ بریتیە لە دەنگێکی نائاسایی لە کاتی خەوتندا، بە ھۆی تەسکبوونەوەی ڕێڕەوی ھەناسەدانەوە. کە ھەم لە ڕووی جەستەیی و هەم لە ڕوی کۆمەڵایەتییشەوە خراپ و ناخۆشە.
د. هێمن نووری ھۆکارەکان دەخاتە ڕوو :
1. ھۆکاری ناو لووت:
* لاری کۆڵەکەی لووت.
* تەسکی لووت بە ھەر ھۆکارێک.
* زیادە گۆشتی ناو لووت.
* ھەوکردن و ھەستیاری درێژخایەنی ناو لووت .
* ئاوسانی ڕەفەکانی ناو لووت.
2. ھۆکاری ناو دەم و گەروو:
* گەورەی و ئەستورێ زمان بەتایبەت بنکی زمان.
* گەورەبون و ئاوسانی درێژخایەنی لەوزەتێنەکان.
* شۆڕی و درێژی مەڵاشوو.
* درێژی زمانە بچکۆلە.
* ئەستوویری ناو قوڕگ و گەروو.
3. ھۆکارەکانی دەرەوەی لووت و دەم و گەروو:
* قەڵەوی.
* ئەستووریی مل.
* بەکارھێنانی دەرمانی دەروونی و ھێورکەرەوە.
* خۆڕەتاندن و، ماندووکەوتنی زۆر.
* خەوتن لەسەر پشت.
دەربارەی چارەسەری پرخەپرخ، د. هێمن نووری ئاماژە بەم هەنگاوانە دەكات:
1. وەرزش و دابەزاندنی کێش.
2. چارەسەری ھەر گرفتێکی ناو لووت، وەک ڕاستکردنەوەی کۆڵەکەی لووت یان نەشتەرگەریی لابردنی زیادەگۆشتی لووت و بچووککردنەوەی ڕەفەی خوارەوەی ناو لووت.
3. چارەسەری ھەر گرفتێکی ناو دەم و گەروو، وەک نەشتەرگەری لەوزەکان ئەگەر گەورە بوون.
4. نەشتەرگەریی جوانکاری و کورتکردنەوەی مەڵاشوو و بەلکێنەی زمان (زمانە بچکۆلە.)
5. خەوتن لەسەر لاتەنیشت.
6. خۆنەڕەتاندن؛ دوورکەوتنەوە لە ماندوویەتی و شەکەتیی زۆر.