ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر
بەکتریای گەدە جۆرێکە لە بەکتریا کە هێرش دەکاتە سەر ناوپۆشی گەدە و دوانزەگرێ (بەشی یەکەمی ڕیخۆڵە باریکە). لە کاتێکدا زۆربەی خەڵک نیشانەکەیان نییە، بەڵام بەکتریا دەبێتە هۆی خوران و هەوکردن، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی برینی گەدە و هەوکردنی گەدە. چارەسەری بریتییە لە دەرمانی دژۆک (Antibiotic).
د. حسەین عەلی کەسنەزانی دكتۆرا لە نەشتەرگەری گشتی و هەناوبینی و غودە و مەمك دەربارەی بەکتریای گەدەوە ئاماژە بەوە دكات كە دەبێتە هۆی دروستبوونی برین و هەوکردن لە ناوپۆشی گەدە یان بەشی سەرەوەی ڕیخۆڵە باریکە (دوانزەگرێ). بۆ هەندێک کەس هەوکردن دەبێتە هۆی شێرپەنجەی گەدە.
د. حسەین عەلی کەسنەزانی ڕوونی دەكاتەوە كە تووشبوون بە ئێچپایلۆری (H. pylori) باو و ئاساییە. نزیکەی دوو سێهەک واتە دوو لەسەر سێی دانیشتوانی جیهان لە جەستەیاندا هەیە. بۆ زۆربەی خەڵک هەرگیز هیچ نیشانەیەکی لێ ناکەوێتەوە. بەڵام باوترین هۆکاری برینی گەدەیە، کە برینی کراوەی ئازاربەخشە لە کۆئەندامی هەرسکردندا؛ لە حاڵەتە دەگمەنەکاندا تەنانەت دەتوانێت ببێتە هۆی شێرپەنجەی گەدە.
گەدە چۆن تووشی بەکتریا دەبێت؟
د. حسەین عەلی کەسنەزانی دەڵێت: بەکتریای ئێچپایلۆری بە زۆری لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر بڵاو دەبێتەوە و هەروەها ئەگەری هەیە لەو ڕێگانەیشەوە تووشمان بکات:
*خواردنی پیس، ئاو، یان کەلوپەل.
*دەم بە دەم (ماچکردن).
*پیسایی یان ڕشانەوە.
کاتێک ئێچپایلۆری دەچێتە ناو جەستەتەوە، لە ناوپۆشی گەدەدا بە زاوزێ ژمارەی زۆر دەکات. ئەمەش دەبێتە هۆی لاوازبوونی ناوپۆشەکە و، لەوانەیە ئیدی بەرگەی ترشەڵۆکی گەدە نەگرێت و، ببێتە برینی گەدە.
نیشانەکان
د.حسەین عەلی کەسنەزانی ئاماژە بەوە دەكات كە تەنها هەبوونی بەکتریاکە نیشانەکانی نیشان نادات. بەڵام پێدەچێت هەستیان پێ بکەیت ئەگەر تووشی هەوکردنی گەدە یان برینی گەدە بیت بە هۆی ئێچپایلۆریەوە؛ باوترین نیشانە ئازارێکی بێدەنگ یان کزەی سکە. لەوانەیە هەستەکە بێت و بڕوات، لەوانەیە لە کاتی بەتاڵبوونی گەدەدا خراپتر ببێت. لەوانەیە کەسەکە دوای خواردن، هەست بکا باشتر بووە؛ خواردنەوەی شیر، یان خواردنی دەرمانی دژەترش ئازارەکە کەم دەکاتەوە.
نیشانەکانی تر بریتین لە:
1. ئاوسانی گەدە
2. لەخواردنکەوتن
3. هێڵنج
4. ڕشانەوە
5. دابەزینی کێش بەبێ هیچ هۆکارێکی ڕوون.
ڕێگاکانی دەستنیشانکردن بریتییە لە :
• بە پشكنینی پیسایی؛
• بە پشكنینی هەناسە؛
• بە نازووری گەدە.

