رۆژنامەی ھەولێر

ئایا کوتان بۆ پەتای وەرزی باشترین چارەسەرە؟

د. هانا هادی

ئەمساڵیش وا نزیک دەبینەوە لە هاتنەوەی هەواپەتا (پەتا وەرزیەکەی ئەنفلۆنزا و هاوشێوەکانی)؛ بەپێی ئەزموونی ساڵانی پێشوو و داتا و ئامارە تەندروستییەکان، لە هەرێمی کوردستان ساڵانە لە وەرزی پایز و زستانیشدا، هەواپەتا و هەڵامەت و پەرسیو و، هەندێک جاریش (بە کەمی) کۆرۆنا بڵاو دەبێتەوە.
ئەنفلۆنزا هەواپەتایەکی ڤایرۆسی وەرزییە، دەبێتە هۆی هەوکردنی بەشی سەرووی کۆئەندامی هەناسە؛ دەکرێت سووک، مامناوەند، یان توند و قورس بێت.
بە زۆری ٥ ڕۆژ تاکو یەک هەفتە دەخایەنێت و خۆی چاک دەبێتەوە، هەندێک جار پێویستی بە دەرمان و خەواندن دەبێت لە حاڵەتی قورسبوونی یان لە نەخۆشخانەی بەساڵاچوواندا، ئەوانەی نەخۆشینی درێژخایەنیان لەگەڵدایە یان بەرگرییان کەمە.
نیشانەکانی بریتین لە تایەکی لەناکاو، بێهێزی، کۆکە، پژمین، سەرئێشە و ئازاری ماسوولکە، کەمتۆحی و تۆحنەبردن؛ (تۆح: واتە ئیشتیها و ئارەزووی خواردن)
چاکترین ڕێگەچارە وەرگرتنی کوتانی ئەنفلۆنزایە لە مانگی ٩ و ١٠ـدا، پێش ئەوەی هەواپەتاکە تەشەنە بکات. دواتریش دەکرێت کوتان وەربگرین بەڵام باشترە زوو وەریبگرین.
هەموو کەسێک، بچووک و گەورە دەتوانێت کوتانەکە وەربگرێت لە ٦ مانگانەوە بۆ گەورە و بەساڵاچووان؛ بەڵام هەندێک کەس هەن پێویستە وەریبگرن، ئەوانە پێیان دەڵێن گرووپی بەرمەترسیی ئەنفلۆنزا. ئەو کەسانەن کە ئەگەر تووشی پەتاکە ببن، لێیانی قورس دەکات و تووشی کێشە و ماکیان دەکات؛ ئەو کەسانە ئەوانەی خوارەوەن:
*. ئەوانەی هەموو ساڵێک بە قورسی هەواپەتا و پەرسیو دەگرن.
*. ئەوانەی نەخۆشینی درێژخایەنی سیپەلاک و دڵ و گورچیلە و جگەر و شێرپەنجەیان هەیە.
*. ئەو تەمەن خوار پێنج‌ساڵان و سەروو ٦٥ساڵانەی بەرگەیان لاوازە.
*. ئەوانەی قەڵەون.
*. ئەوانەی بەرگری و بەرگەی لەشیان لاوازە بە هەر هۆکارێکەوە بێت.
ڕێگاکانی تری بەرگیری لە نەخۆشییەکە و خۆپاراستن لێی بریتین لە:
*. دەستشۆردن بە ئاو و سابوون، بەتایبەتی دوای گەڕانەوە بۆ ماڵەوە، دوای کۆکە و پژمین، پێش نانخواردن.
*. دەست بە دەم و لووت و چاوتدا مەهێنە.
*. لەو کەسانە نزیک مەبە کە تا و کۆکە و پژمینیان هەیە، لانی کەم یەک مەتر لێیانەوە دووربە
*. لە کاتی کۆکە و پژمیندا، بە دەسەسڕ و کلینیکس بەری پێ بگرە؛ ئەگەرنا ناوەوەی قۆڵت بدە بەر دەم و لووتت با کۆکە و پژمەت بڵاو نەبێتەوە
*. بە خواردنی تەندروست، خەوی پێویست و، وەرزش و، خواردنی میوە، بەرگەی لەشت بەهێز بکە؛ بە تایبەت میوەی ترش؛ وەک: وەک لیمۆ، پرتەقاڵ، مزرەمەنی. خواردنەوەی ئاوەمەنی و خواردنی شلەمەنی، وەک ئاو، شۆربا و ئەوانە. وەرزش و پیاسە (ڕۆیشتن بە پێ)، خۆخاوکردنەوە و کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ و خەمی سترێسی ڕۆژانە.
لە کاتی تووشبوون، زۆر گرنگە پشوو بدەی و نەچیتە ناو خەڵکی، با کەسی تر تووش نەکەیت.
شلەمەنی زیاتر بخۆوە.
زوو زوو دەستوپلت بشۆرە و لووتت بسڕەوە و، ئاو بە دەم و لووتتدا وەربدە. ئاوخوێیش زۆر گرنگە؛ خوێواوکی شیرتین (شلەتێن) بە دەمتدا بدە؛ یەک پەرداخ ئاو، یەک چارەکە کەوچکەچا خوێی بەسە.
دەتوانیت بۆ تا و سەرئێشە، حەبی پاراسیتۆڵ بخۆی.
ئەگەر بەو ڕێکارانە هەواپەتاکە چاک نەبووەوە و، ماوەی ٣ ڕۆژ چەڵەکەی نەکرد و هەر وەک خۆی مایەوە یان خراپتر بوو، سەردانی پزیشک بکە؛ ئەگەر لە گرووپی بەرمەترسیت ئەوا پێویستە زووتر سەردانی پزیشک بکەیت و بە ڕاوێژی پزیشک چارەسەر وەربگریت.