رۆژنامەی ھەولێر

زێدەگۆشتی ڕیخۆڵە چییە و چۆن چارەسەر دەکرێت؟

ماكوان عێزەت -هەولێر

گۆشتی زیادەی ڕیخۆڵە بریتییە لە گەشەیەکی نائاسایی کە لە ناوپۆشی ڕیخۆڵەدا پەیدا دەبێت، زۆرجار لە قۆڵۆن یان کۆمیشدا دەردەکەوێت.

د. ھاوار حەسەن نەقشبەندی پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشینەکانی مەمک و غودە و کۆئەندامی هەرس و نازوور، نیشانەكان و چارەسەرییەكانی زیادەگۆشتی ڕیخۆڵە دەخاتە ڕوو؛ زۆرێک لە جۆرەکانی زێدەگۆشتی ڕیخۆڵە بێ نیشانەن، بەڵام ئەگەر نیشانەی هەبێ، لەوانەیە بریتی بن لە:
1. بەخوێنداکەوتنی کۆم.
2. گۆڕانی خووی ڕیخۆڵە.
3. سکئێشە.
4. کەمخوێنی و کەمداگەڕانی رێژە ئاساییەکەی ئاسنی ناو لەش، بە هۆی خوێنەچۆڕەوە.

هەروەها دەربارەی چارەسەرییەكانیش د. ھاوار حەسەن نەقشبەندی دەڵێت: چارەسەری سەرەکی بریتییە لە لابردنی (گۆشتی زیادە) لە کاتی نازووری قۆڵۆن. بژاردەی تایبەتیش بریتییە لە لابردنی گۆشتی زیادەی ڕیخۆڵە بە نازور یانیش لابردنی گۆشتی زیادەی ڕیخۆڵە بە نەشتەرگەری پێویستە ئەگەر گۆشتی زیادەی ڕیخۆڵە زۆر گەورە بن یان نەتوانرێت بە شێوەی نازوور لا ببرێن. ئەو لابردنە زۆر پێویستیشە ئەگەر گومانی شێرپەنجە هەبێت.
لە كۆتاییدا ئەو پزیشكە پسپۆڕە ئاماژە بەوە دەكات كە چاودێری بەدواداچوونی حاڵەتەكان بەندە بە ژمارە و قەبارە و جۆری زێدەگۆشتەکەوە؛ بە شێوەیەکی گشتی نازوور هەر 3-10 ساڵ جارێک دووبارە دەکرێتەوە، بەپێی مەترسی.