ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر
ھێلکەدان ئەندامێکی سیستەمی زاوزێی ژنانەیە؛ ئەرکی هێلکەدان دروستکردنی گەرایە، هێلکەدان ئەم گەراگەلە بۆ کاتی بەبەربوون (لقاح) ئامادە دەکات، هەر ٢٨ ڕۆژ جارێك هێلکەدان یەک دانە گەرا بەر دەداتە ناو لوولەی هێلکەدانەوە و ئەگەر لەگەڵ گەراکە، سپێرمیش لە ناو منداڵداندا هەبێت ئەوە بەبەربوون ئەنجام دەدرێت و كۆرپهله دروست دەبێت.
زۆرێک لە خانمان هەست بە نەخۆشینی هێلكەدانیان ناكەن؛ بەڵام گرنگە بیزانن، هەتا ئاگایان لە هێلکەدانیان هەبێت؛ د. دلۆڤان محەمەد پسپۆڕی نهخۆشیهکانی ژنان و منداڵ بوون، چاودێری دووگیان، نەشتەرگەری بە ناوسکبین، نەزۆکی و، منداڵی بلوری، لە چەند ئامۆژگارییەكیدا وردەكاری دەخاتە ڕوو بۆ ئەوەی ئافرەتان بتوانن پارێزگاری لە هێلكەدانیان بكەن.
د. دلۆڤان محەمەد دەڵێت: بۆ ئەوەی هێلکەدان بە تەندروستی بمێنێتەوە، ئەم ڕێنماییانەی بۆ جێبەجێ بکرێت:
١. خواردنی خۆراکی هاوسەنگ: خۆراکی دەوڵەمەند بە میوە و سەوزە و دانەوێڵەی تەواو و چەوریی تەندروست.
٢. کێشێکی تەندروست: قەڵەوی کاریگەری لەسەر هاوسەنگی هۆرمۆنەکان دەبێت.
٣. وەرزشکردن بە بەردەوامی: ڕێکخستنی هۆرمۆنەکان و ڕۆیشتنی خوێن باشتر دەکات.
٤. دوورکەوتنەوە لە جگەرەکێشان: جگەرە زیان بە تەندروستی کۆئەندامی زاوزێ و هێلکەدان دەگەیێنێت.
٥. کەمکردنەوەی فشار: فشاری درێژخایەن کاریگەری لەسەر هێلکەدان و هۆرمۆنەکان دەبێت.
٦. پشکنینی هۆرمۆنەکان: بە تایبەت ئەگەر سووڕی مانگابەی ناڕێک یان هێلکەدان کیسی هەبێت.
٧. پشکنینی بەردەوام: پشکنینی حەوز و سۆنەر ئەگەر پێویست بوو.
٨. خواردنەوەی ئاوی پێویست.
٩. سنووردارکردنی خۆراکی پارازتە (لەقوتووکراو) و شەکر: دەتوانن ناهاوسەنگی هۆرمۆنەکان خراپتر بکەن.
پاشخان
هۆکارەکانی کێشەی كیسی هێلكهدان:
هۆكاره سهرهكییهكانی ئهم نهخۆشییه خۆی له کەمجووڵەیی، قەڵەوی، زیادبوونی هۆرمۆنی تێستێستیرۆن (هۆرمۆنی پیاوانەیە و بە ڕێژەیەکی کەم لە ژنانیشدا هەیە)، هەروەها هۆکاری بۆماوەی و بوونی کەسانی تر لە خێزانەکەدا کە ئەم کێشەیەیان هەبووبێت پێشتر، وهك دایك بۆ كچهكهی، زۆر کاریگەری هەیە، ئهمه جگه لهوهی بەرگریکردنی ئەنسۆلینیش هۆکارێکی ترە بۆ دروستبوونی کیس لەسەر هێلکەدان.
• ئەنسۆلین هۆرمۆنێکی سروشتییە؛ پەنکریاس دەڕێژرێتە ناو خوێنەوە تا ڕێژەی شەکری لەش ڕێک بخاتەوە. کاتێک ئەنسۆلین بەرگری بەهێز دەبێت کار دەکاتە سەر لەش و زیادبوونی ڕێژەی ئەنسۆلینیش ڕێژەی تێستۆستیرۆن زیاد دەکات.

