رۆژنامەی ھەولێر

کاریگەریى نەخۆشینی شەکرە لەسەر گوێ

ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر

 

هەروەک ئاشکرایە لای زۆربەمان، کاریگەری و ماکی نەخۆشینی شەکرە بەسەر هەموو ئەندامەکانی جەستەوە زۆرە و بێگومان گوێچکەیش وەکو ئەندامە سەرەکیەکەی بیستن ڕەنگە بەدەر نەبێت لە لێکەوتەکانی.

د. شاهۆ حەوێزی پزیشکی قوڕگ و لووت و گوێ کاریگەریی نەخۆشی شەکرە لەسەر گوێ لە چوار خاڵدا دەخاتە ڕوو:
١.تێکدانی سانکا (سیستەم)ـی بەرگریی لەش
وادەکات لەش ئاسانتر تووشی هەوکردن بێت و نەتوانێت بەرگری بەهێز بەرامبەر بەکتریا و میکرۆبەکانی تر دروست بکات

٢.هەڵکشانی ڕێژەی شەکرە لە خوێندا
ڕێگاخۆشکەرە بۆ گەشەی بەکتریا و کەڕووەکانی ناو لەش و زیاتر تووشی هەوکردنمان بکەن؛ گوێچکەیش یەکێکە لەو ئەندامانەی جەستە کە خوێنی بۆ دەچێ و بەو شێوەیەش ئەگەری هەیە تووشی هەوکردن ببێت.

٣.کاریگەری لەسەر دەمارەکانی خوێن
بەرزهەڵگەڕانی ڕێژەی شەکرە کار دەکاتە سەر ڕووپۆشی دەمارەکانی خوێن و بەمەش بڕێکی کەمتر ئۆکسجین و خۆراکی پێویست دەگات بە گوێچکە و ئەندامەکانی تری لەش و، ئەو ئەندامانە وەکو جاران بەرگەی هەوکردن و، میکرۆبەکان ناگرن و، چاکبوونەوەیان زیاتر دوا دەخەن.

٤.کاریگەریی لەسەر هەستەدەمارەکان
نەخۆشینی شەکرە، خراپ کار دەکاتە سەر هەستەدەمارەکان؛ کەواتە ئەو دەمارانەی فرمانی گوێ ڕێک دەخەن لەکار دەکەون و ناتوانن فرمانی خۆیان بە تەواوەتی جێبەجێ بکەن؛ وەک: پاککردنەوەی گوێچکە لە دەردراو و پیسی کە ئیشێکی رۆژانە و بەردەوامی ناو گوێچکەیە؛ کەوابوو گوێچکە دەبێتە ناوەندێکی ئاسان بۆ گەشەی بەکتریا و میکرۆب و کەڕووەکان.

بە شێوەیەکی گشتی، هەموو ئەو کاریگەرانەی بەرزیی شەکرە دروستی دەکات لەسەر گوێ وادەکات گوێ زیاتر تووشی هەوکردن ببێت؛ هەوکردنی بەکتریایی و ڤایرۆسی و کەڕوویی.
هەروەها هەندێک کەسی شەکرەگرتوو، لەبەر سستداگەڕانی هەستەدەمارەکان، تووشی کزداگەڕانی گوێ یان گرانبوونی گوێ دەبن؛ هەروەها ڕەقداگەڕانی خانە و شانەکانی گوێ یەکێکی ترە لە دەرئەنجامەکان.
هەربۆیە شەکرەگرتە دەبێ لەژێر چاودێری پزیشکی تایبەتدا بێ و ئەو پارێز و چارەسەرانەی بۆی دانراوە، جێبەجێی بکا بۆ ئەوەی دوور بێ لە ماکەکانی نەخۆشینی شەکرە.