بەڕێوبەرایەتیی تەندروستیی هەولێر لە ڕێنماییەكدا بۆ دایك و باوكان باس لە هۆكارەكان و چۆنیەتیی خۆپارێزی لە سكچوون دەكات تاوەك منداڵەكانیان بپارێزن و سەلامەت بن.
لە جیهاندا سكچوون بە یەكێك لە نەخۆشییە هەرە مەترسیدارەكان دادەنرێت، بە پێی راپۆرتەكانی رێكخراوە جیهانییەکەی تەندروستی، سکچوون مەترسییەکی گەورە لەسەر ژیانی منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵان دروست دەكات ئەگەر زوو چارەسەر نەكرێت.
پاكوخاوێنی و هۆشیاریی تەندروستی و بەزوویی سەردانكردنی نەخۆشخانە لە كاتی تووشبووندا منداڵەكەت بەدوور دەگرێت لەو مەترسییە گەورەیە.
هۆكارەكانی سكچوونی منداڵان:
ئاوی پیس و خواردنی ناخاوێن، هۆكاری سەرەكی سكچوون و رشانەوەن بەتایبەت لە وەرزی هاویندا، ئەو منداڵانەی شیری دایكیان دەخۆن كەمتر تووشی سكچوون دەبن خۆ ئەگەریش سكچوون بگرن ئەوا ئاسانتر چارەسەر دەكرێن و زووتر چاك دەبنەوە.
بەگشتی، بەهۆی سكچوونەوە ئاو لە لەشی منداڵدا كەم دەكات و دەبێتە هۆی وشكبوونەوە، ئەگەر وشكبوونەوە بگاتە رێژەیەكی دیاریكراو ئەوكات مەترسی لەسەر گیانی منداڵەكەت دروست دەكات، ئەگەر چەند رۆژێك منداڵ سكی بچێ و بڕشێتەوە و چارەسەر وەرنەگرێ ئەوا سەدا 20ی كێشی منداڵەكەت كەم دەكات و چیتر منداڵ بەرگە ناگرێت.
نیشانەكانی سكچوونی منداڵان:
سكچوون و وشكبوونەوە و تینوویەتی نیشانە سەرەتاییەكانن و پاشان نیشانەكانی تر بەدەردەكەون كە ئەوانیش بریتین لە :
• تیرداگەڕانی رەنگی میز بە بەردەوامی
• كەم میزكردن یاخود میزنەكردن
• كەمبوونەوەی چالاكی و وزەی لەچاو رۆژانی ئاسایی
• بێهێزی و نەبوونی ئارەزوو بۆ خواردن
• وشكبوونەوەی دەمولێو و گریان بەبێ فرمێسك.
نیشانە هەرە مەترسیدارەكان بەهۆی سكچوونی منداڵانەوە:
هەندێكی نیشانەی تر هەیە كە بەهۆی سكچوونەوە منداڵ تووشی دەبێت و ئەگەر زوو بەزوو چارەسەرنەكرێت ئەوا ژیانی لەمەترسیدایە؛ لەوانە:
• ئەگەر منداڵەكە شیر یان ئاو نەخوات.
• ئەگەر منداڵەكە چاوی زۆر بەقووڵا بچێت.
• ئەگەر منداڵەكە دەست و قاچی سارد بووەوە.
• ئەگەر منداڵەكە زۆر خەواڵوو بوو.
• ئەگەر هەناسەدانی زۆر خێرا بوو.
بۆ پاراستنی منداڵ لە سكچوون، زۆر گرنگە لە کاتی لەدایكبوونیەوە تا تەمەنی دوو ساڵان شیری دایكی بخوات.
گرنگیدان بە پاكوخاوێنیی منداڵ بەتایبەت لە رووی كوڵاندنی ئاوی خواردنەوە و خاوێنیی قاپ و كەوچك و ئەو شتانەی كە پەیوەندەی راستەوخۆی هەیە بە خواردنی منداڵەوە.
دەتوانرێت تەنها بە گرتنە بەری رێوشوێنی پاك و خاوێنی ئاو و خواردن بە رێژەی سەدا 95 رێگە بگیرێت لە تووشبوون بە سكچوون و رشانەوە.

