رۆژنامەی ھەولێر

هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی کۆلێرا دەدرێت

ماكوان عێزه‌‌ت – هەولێر

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداری دەدات كە پەتای کۆلێرا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرەو هەڵکشان دەچێت و لەمساڵدا زیاتر لە 400هەزار حاڵەتی کۆلێرا لە 31 وڵاتدا تۆمار کراوە.

رێکخراوی ته‌ندروستیی جیهانی ڕایگەیاندووە: لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ناوەڕاستی مانگی ئاب، ٤٠٩هەزار و ٢٢٢ حاڵەتی تووشبوون و ٤هەزار و ٧٣٨ حاڵەتی مردنی لە سەرانسەری جیهان تۆمار کردووە.
کۆلێرا لەو وڵاتانە سەری هەڵداوەتەوە کە ساڵانێکە حاڵەتی بەرچاویان تۆمار نەکردووە، وەک کۆماری کۆنگۆ و چاد و سوودان .
کۆلێرا نەخۆشینێکی بەکتریاییە (واتە بە هۆی جۆرە بەکتریایەکەوە بڵاو دەبێتەوە)، کە تووشی مرۆڤ دەبێت، لە رێگەی چوونەژوورەوەی بەکتریای (Vibrio -cholera) بۆ ناو گەدە و ریخۆڵەکان (کۆئەندامی هەرس)، ئەوەش وادەکات مرۆڤ خێرا تووشی سکچوون و رشانەوەیەکی توند ببێت.
شێوازی گواستنەوەی ئەم نەخۆشینە، لە خۆراك و ئاوی پیسەوە، بە رێگەی خواردن و خواردنەوە دەگوازرێتەوە بۆ جەستەی مرۆڤ، ماوەی گەشەکردنی بەکتریاکە ١٢ کاتژمێر تا پێنج رۆژ دەخایەنێت.
ڕێوشوێنی خۆپارێزی لەكاتی بڵاوبونەوەی سكچوون و ڕشانەوە و كۆلێرا
د. پروشە شوان پزیشكی گشتی و پسپۆڕی خۆراك و كێش رایدەگەیەنێت لە كاتی پەتای سكچوون و ڕشانەوە و كۆلێرا پێویستە هاووڵاتیان رێوشوێنی خۆپارێزی و پاكوخاوێنی بگرنە بەر:
• لەكاتی بوونی گومان لەپیسداگەڕانی ئاو، دەبێت پێش بەكارهێنانی ئاو بكوڵێنرێت بۆ مەبەستی خواردنەوە و چێشتلێنان.
• پێویستە هەموو خۆراكەكان داپۆشراو بن و سەوزە و میوە، بە جوانی بشۆردرێتەوە و پاك بكرێتەوە؛ بۆ ماوەیەك لەناو خوێ یان سركە یان گیراوەی تایبەتدا بخووسێنرێت.
• دڵنیابوونەوە لەوەی ئەو خۆراكەی بەكار دەهێنرێت لە سەرچاوەیەكی پاك و بە ئاوی پاك بەرهەم هێنراوە.
• دووركەوتنەوە لە خواردنی ساردەمەنییەكان و ئەو شەربەتە دروستكراوانەی پاكوخاوێنی و ئاوی بەكارهاتوو و كەرەستەكانی جێی دڵنیایی نییە.
• دووركەوتنەوە لە سەوزە نەكوڵێنراو یان مامەڵەكردن لەگەڵ خواردنە نەشۆردراوەكان.
• شۆردنی دەستوپل، بە تایبەتی پێش نان خواردن و دوای چوونەسەرئاو و خۆبەدوورگرتن لە هەموو بەركەوتنەكان لەگەڵ كەسانی نەخۆش.
نیشانەکانی نەخۆشینی کۆلێرا
• سکچوونێکی توند، کە لە شێوەی ئاوی برنجە و بۆنێکی ناخۆشی هەیە.
• رشانەوەیەکی زۆر.
ئەم دوو نیشانەیەی نەخۆشییەکە، وادەکات نەخۆش بڕێکی زۆری ئاو و خوێی لەشی لە ماوەیەکی کەمدا لەدەست بدات و ببێتە هۆی لاوازبوونی گورچیلەکانی، بۆیە پێویستە خێرا ئەو بڕە ئاوە بگەڕێندرێتەوە بۆ جه‌ستە لە رێگەی ده‌ماره‌كانیه‌وه‌ ژیناو (موغەزی) وه‌ربگرێت، یان خواردنەوەی بڕێکی باشی ئاو.
• رێنماییەکانی خۆپاراستن لە کۆلێرا
یەکەم/ بۆ ئەو کەسانەی تووشی کۆلێرا بوونە:
1. جیاکردنەوەی کەسانی تووشیار، لە ئەندامانی دیکەی خێران.
2. پاککردنەوەی کەلوپەلی نەخۆشەکە و ئەو جلوبەرگانەی بەکاری دەهێنێت.
3. لابردنی پاشماوەکانی نەخۆشەکە، بە شێوەیەکی بێوەی.
دووەم/ بۆ ئەو کەسانەی تووشی نەخۆشییەکە نەبوونە:
1. گرنگیدان بە پاکوخاوێنی.
2. دابینکردنی ئاوی خاوێن بۆ خواردنەوە و کوڵاندنی ئاو پێش بەکارهێنانی.
3. خۆپاراستن لەو سەوزانەی گومان دەکرێ پیس داگەڕاوە.
4. بەکارنەهێنانی خواردن و خواردنەوەی سەردانەپۆشراو و دەستگێڕ و عارەبانە.
5. زووزوو دەستشۆردن بە ئاو و سابوون، بە تایبەت دوای دەرچوون لە سەرئاو و پێش ناخواردن.