ئا\ دیمەن تاهیر خالید
شیرپێدان سوودی تەندروستیی زۆری هەیە بۆ دایک و منداڵەکەی. شیری دایک زۆر گرنگە بۆ دابینکردنی پێداویستییە تەندروستییەکانی منداڵێکی گەشەسەندوو و خۆراکێکی گونجاوە بۆ کۆرپە. هەروەها سیستەمی بەرگریی لەش لە کۆرپەدا بەهێز دەکات، کە بەشدارە لە پاراستنی کۆرپەلە لە زۆرێک لە نەخۆشییە باوەکانی منداڵان. لەم بابەتەدا، هەریەک لە بەڕێزانی بواری تەندروستی هۆشداری دەدەن بە دایکان کە زۆر پێویستە شیری خۆیان بدەنە منداڵەکانیان. شیردان بە منداڵ بەرپرسیارێتییەکە لەسەر دایک کە پێویستە جێبەجێی بکات. هەر بۆیە تەندروستی خۆت و تەندروستی کۆرپەکەت بەدەستبهێنە بە شیرپێدانی سروشتی، چونکە ئەو شیرپێدانە پارێزگارییەکە بۆ ئەو و بۆ خۆت.
هانا هادی، پسپۆڕی دەرمانسازی، لە چەند خاڵێکدا گرنگیی پێدانی شیری سروشتی ڕوون دەکاتەوە. لە سەرەتادا دەتوانین بڵێین هیچ جێگرەوەیەک بۆ شیری دایک نییە. پزیشکانی پسپۆڕی منداڵان وای بە باش دەزانن کە منداڵ لە شەش مانگی یەکەمی ژیانی تەنها شیری دایک بەسە، تەنانەت بێ ئەوەی ئاویش یان هەر شلەیەکی تر بخواتەوە. هەروەها ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیش (WHO) هەمان شت بە باش دەزانێت.
سوودەکانی شیری دایک زۆر زۆرن و لە زۆر ڕووەوە، لە ڕووی تەندروستییەوە ئەمانەن:
١. هەموو پێداویستییەکانی لەشی منداڵی تازە لەدایکبوو دابین دەکات، وەک: پڕۆتین، کاربۆهیدرات، چەوری، کانزاکان و ڤیتامینەکان.
٢. ئەو پڕۆتینەی لە شیری دایکدا هەیە زۆر بە ئاسانی هەرس دەکرێت، کە زۆر گرنگە چونکە کۆئەندامی هەرسکردنی منداڵی تازە لەدایکبوو هێشتا پێنەگەیشتووە.
٣. ئەو پڕۆتینەی لە شیری دایکدا هەیە زۆر گرنگە بۆ سیستەمی بەرگریی منداڵ و ئەندامەکانی هەرسکردن.
٤. شیری دایک جۆرەها دژەتەنی تێدایە وەک IgA, IgG, IgM، کە منداڵەکە دەپارێزێت دژی هەوکردن و ڤایرۆس و بەکتریاکان.
٥. شیری دایک دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی تووشبوونی منداڵ بە هەوکردنی کۆئەندامی هەناسە، گوێ و سکچوون.
٦. شیری دایک دەبێتە هۆی کەمتر تووشبوون لە داهاتوودا بە قەڵەوی، نەخۆشیی شەکرە لە جۆری دووەم، ڕەبوو و جۆرەها نەخۆشیی هەستەوەری (حەساسییە) لە داهاتوودا.
٧. شیری دایک دەبێتە هۆی پاراستنی منداڵ لە داهاتوودا بۆ تووشبوون بە هەندێک جۆری شێرپەنجە وەک شێرپەنجەی خوێن لە جۆری لوکیمیا…
لە ڕووی تەکنیکییەوە سوودەکانی ئەمانەن:
١. هەموو کاتێک ئامادەیە.
٢. پێویستی بە ئامادەکردن ناکات.
٣. هەمان پلەی گەرمیی لەشی دایکە بۆ کۆرپەلە.
لە ڕووی سۆزداریشەوە سوودی ئەوەیە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی پەیوەستی دایک و کۆرپەلە بە شێوەیەکی باش و تەندروست.
لە کۆتاییدا، دایکانی بەڕێز ئەوانەی شیری خۆیان دەدەنە منداڵ، دەبێت ئەوە بزانن کە هەر خواردنێک ئەوان دەیخۆن، هەمان ئەو خواردنەیە کە منداڵەکانیان وەری دەگرن. بۆیە نابێت جگەرە بکێشن و نابێت خواردنەوە کحولییەکان بخۆنەوە بە هیچ جۆرێک کاتێک شیری خۆیان دەدەنە منداڵەکانیان.
هەروەها کاتێک سەردانی هەر پزیشکێک دەکەن، پێویستە پێش دەرماننووسین بە پزیشکەکانیان بڵێن کە شیری خۆیان دەدەن بە منداڵەکانیان، چونکە هەندێک لە دەرمانەکان لە شیری دایکدا دەردەدرێن کە ڕەنگە زیان بە منداڵەکانیان بگەیەنێت.

