ماكوان عيززهت – هەولێر
بینینی خوێن لە کاتی ڕشانەوەدا لە ڕووی پزیشکییەوە حاڵەتێکی نائاساییە و ئاماژەیە بۆ چەندین مەترسی؛ تەنانەت ئەگەری هەیە ببێتە هۆی مردن.
لەو حاڵەتەدا دەبێ وریا بین بۆ ئەوەی بتوانین لە ڕووی پزیشکییەوە بە شێوەیەکی دروست مامەڵەی لەگەڵدا بکەین، چونكە ئەم حاڵەتە بە حاڵەتێکی فریاگوزاری و جددی دادەنرێت و پێویستی بە چاودێری پزیشکی خێرا هەیە، چونکە دەتوانێت نیشانەی کێشەیەکی تەندروستی جددی بێت.
د. دیاری نیهاد ئیسماعیل پزیشکی پسپۆڕی نهشتهرگهری گشتی، نەشتەرگەری قەڵەوی، نەشتەرگەری بە ناوسکبی بە ووردی باس لە بینینی خوێن لە کاتی ڕشانەوەدا دەكات سەرەتا ئاماژە بەوە دەدات كە ئەم حاڵەتە نیشانەیە بۆ نەخۆشییەک بۆیە بینینی خوێن لە ڕشانەوەدا نیشانەیەکی پزیشکی جدییە کە دەتوانێت ئاماژە بە چەندین حاڵەتی مەترسیدار بکات:
د. دیاری نیهاد ئیسماعیل دەڵێت خوێنی سووری گەش لە ڕشانەوەدا ئاماژەیە بۆ خوێنەچۆڕەی چالاک، زۆرجار لە کۆئەندامی سەرەوە گەدە و ڕیخۆڵە (GI).
هۆکارەکان:
1. کێشەی سوورێنچک – ئاوسانی خوێنبەرەکان لە سوورێنچکدا کە دەتوانێت بپچڕێت (باوە لە کەسانی تووشبوو بە نەخۆشینی جگەرەمۆمینە (مۆمداگەڕانی جگەر).
2. مالۆری وایس؛ دڕانێکە لە ناوپۆشی سوورێنچکدا کە بەهۆی ڕشانەوەیەکی توند یان دووبارەبوونەوەیەوە دروست دەبێت.
3. برینی گەدە؛ خوێنەچۆڕەکردنی برینی ناوپۆشی گەدە.
4. هەوکردنی گەدە؛ هەوکردنی ناوپۆشی گەدە، هەندێکجار بەهۆی کحول، دەرمانی دژەهەوکردنی ناستیرۆیدی، یان هەوکردن بە بەکتیریای گەدە؛ وەک: (H. pylori).
5. هەوکردنی سوورێنچک؛ هەوکردنی سوورێنچک، هەندێکجار بە هۆی گەڕانەوەی ترشەڵۆکی گەدە.
د. دیاری نیهاد ئیسماعیل دەربارەی بینینی ڕشانەوەی قاوەیی دەڵێت ڕشانەوەیەکی تیر و قاوەیی ئاماژەیە بۆ خوێنی کۆن کە بەشێکی لێ هەرس بووە.
هۆکارەکان:
1. برینی درێژخایەنی گەدە
2. شێرپەنجەی گەدە یان سوورێنچک
3. کاریگەریی لاوەکیی دەرمانی دژەهەوکردنی ناستیرۆیدی
4. هەوکردنی درێژخایەنی گەدە
دەربارەی سەردانیكردنی پزیشكیش د. دیاری نیهاد ئیسماعیل دەڵێت پێویستە داوای چاودێریی فریاگوزاری بکەیت لەم حاڵەتانەدا:
* خوێنێکی زۆر لە ڕشانەوەدا هەبێت.
* سەرەگێژە، بێهۆشکەوتن، دڵەکوتەی خێرا
* ڕشانەوە و رەشداگەڕانی پیسایی
* تێكچوونی ڕەنگی پێست یان سەرلێشێوان (گێژی)

