رۆژنامەی ھەولێر

نیشانە و مەترسییەكانی بەرزهەڵکشانی پەستانی خوێن

ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر

 

هەندێك ئافرەت بۆ یەكەم جار پاش هەفتەی بیستەمی دووگیانیدا دووچاری بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن دەبن.

هەڵکشانی پەستانی خوێن لە ئافرەتی دووگیاندا مەترسی دروست دەکات. لێرەدا ئەو شتانە دەخەینە ڕوو کە پێویستە بیزانیت و بزانیت چۆن ئاگاداری خۆت و کۆرپەکەت بیت.
د. کەژان کاوە تەها دکتۆرای نەشتەرگەری و نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون و نەزۆکی، ڕوونی دەكاتەوە كە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن لە کاتی دووگیانیدا حاڵەتێکی مەترسیدارە و، لەوانەیە کار بکاتە سەر دایک و کۆرپە. جەختیش دەكاتەوە كە ئەم حاڵەتە پێویستی بە چاودێرییەکی وردی پزیشکی هەیە.
د. کەژان کاوە لە بارەی نیشانەکانی بەرزداگەڕانی پەستانی خوێن لە کاتی دووگیانیدا ئاماژە بەوە دەكات كە ‎ڕەنگە هەندێک لە خانمان هەست بە هیچ نیشانەیەک نەکەن، بەتایبەتی لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا. بەڵام کاتێک نیشانەکان دەردەکەون دەتوانن بریتی بن لە:
* سەرئێشەی توند.
* کزداگەڕانی چاو.
* ئاوسانی دەست، دەموچاو، یان قاچ (لەناکاو یان توند.
* ئازاری بەشی سەرەوەی سک.
* هێڵنجدان یان ڕشانەوە.
* هەناسەتەنگی.
* زیادبوونی لەناکاوی کێش (بەهۆی ڕاگرتنی شلە).

د. کەژان کاوە دەربارەی کاریگەرییە لاوەکی و ئاڵۆزەکانیش بۆ دووگیان ئاماژە بەوە دەدات كە: جەڵتەی مێشک و جیابوونەوەی وێڵاش و تێکچوونی ئەندامەکانی جەستە (گورچیلە، جگەر) و، زایینی پێشوەختە و بەرزداگەڕانی فشارخوێن لە دوای زایین ڕوو دەدات. هەروەها ئەم مەترسییە لاوەكیانەیشی هەیە بۆ کۆرپە:
سنووردارکردنی گەشەی ناو منداڵدان و لەدایکبوونی پێشوەختە و کێشی کەمی کۆرپەلە و، لەدایکبوونی کۆرپەلەی بە مردوویی یانیش کێشەی هەناسەدان لە کاتی زاییندا.
پاشخان
چی بکەیت بۆ ئامادەکاری بۆ دووگیانی؟
ئەگەر پەستانی خوێنت بەرزە، پێش دووگیانکەوتن، کاتێک بۆ پزیشکێک دیاری بکە کە ئەزموونی زۆری هەبێت لە بەڕێوەبردنی ئەو دووگیانیانەی کە مەترسی و ئاڵۆزییەکی لەسەرە بەهۆی تێکچوونی فشارخوێنی بەرزەوە. هەروەها دڵنیابە کە لەگەڵ ئەندامانی تری تیمی چاوەدێری تەندروستی خۆت کۆدەبیتەوە، وەک پزیشکی چاوەدێری سەرەتایی یان پزیشکی دڵ. ئەوان هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە دەکەن کە تۆ چەندە باش پەستانی خوێنت بە باشی بەڕێوە دەبەیت. هەروەها لەوانەیە پێشنیاری گۆڕانکاری لە چارەسەرەکەتدا بکەن پێش ئەوەی دووگیان بیت.
ئەگەر کێشت زیادە، پزیشکەکەت پێشنیاری دابەزاندنی کێشت دەکات پێش دووگیانکەوتن.

لە کاتی سەردانەکانی پێش زایین، چاوەڕوانی چی دەکەیت؟
لە ماوەی دووگیانیدا زۆرجار سەردانی پزیشکەکەت دەکەیت. لە هەر سەردانێکدا پزیشکەکەت کێش و پەستانی خوێنت دەپشکنێت. هەروەها لەوانەیە پێویستت بە پشکنینی تاقیگەیی هەبێت.
هاوكات پزیشکەکەت لە نزیکەوە چاودێریی تەندروستی کۆرپەکەت دەکات. لەوانەیە چەند سۆنەرێک بکات بۆ چاودێریکردنی گەشەی کۆرپەکەت. هەروەها دەکرێت پشکنینی کۆرپەلە بکرێت بۆ هەڵسەنگاندنی تەندروستی کۆرپەکەت. جگە لەوەش لەوانەیە پزیشکەکەت پێشنیاری ئەوە بکات کە چاودێری جوڵەی ڕۆژانەی منداڵەکەت بکەیت. چ هەنگاوێک دەتوانی بنێیت بۆ کەمکردنەوەی مەترسی و ئاڵۆزییەکان؟

گرنگیدانێکی باشی خۆت باشترین ڕێگایە بۆ گرنگیدان بە کۆرپەکەت. بۆ نموونە:

* پێویستە بە درێژای دووگیانی، بەردەوام سەردانی پزیشکەکەت بکەیت.
* خواردنی دەرمانی پەستانی خوێن و ئەسپرینێکی کەم بە ژەمی کەم ڕۆژانە بەپێی ڕێنمایی پزیشکەکەت. پزیشک سەلامەتترین دەرمانەکانت بۆ دەنووسێت بە گونجاوترین ژەم بۆ حاڵەتەکەت.
* چالاک مانەوە. پێشنیارەکانی پزیشكەكەت بۆ چالاکیی جەستەیی جێبەجێ بکە.
* خواردنی خۆراکی تەندروست. ئەگەر پێویستت بە یارمەتی هەیە بۆ پلاندانان بۆ ژەمەکانت داوای یارمەتی لە پزیشکی خۆراک بکە.
* زانینی ئەوەی چی نەکەیت. دوور بکەوەرەوە لە جگەرەکێشان و مەی و ماددە هۆشبەرە نایاساییەکان. پێش خواردنی دەرمان، ڕاوێژ بە پزیشکەکەت بکە.