مستەفا مەحەمەد مستەفا
کەڕووی ڕەنگاوڕەنگ یەکێکە لە خێزانی کەڕووەکان، ئەم جۆرە کەڕووە بەشێوەیەکی سرووشتی لەسەر پێستی هەموو مرۆڤێک بوونی هەیە، زۆرحەزبە چەوریەکانی سەرپێستی مرۆڤ دەکات، واتە لەسەرچەورییەکانی پێستی مرۆڤ دەژیت، ناسراوە بە کەڕووی سەرپێست، جۆرێکە لە جۆرەکانی هەوێن، دەتوانن لەژێرهەڵ ومەرجی دیاریکراودا گەشە بکەن، بەڵام لە جۆری کەڕووە زیان بەخشەکان نییە، چوونکە کاریگەری لاوەکی لەسەرجەستەی مرۆڤ دروست ناکات، هەروەها ئازاروخورشتی لەگەڵدا نییە، لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە ناگوازرێتەوە، لەهەندێک بارودۆخی تایبەتدا بەهۆی چاڵاکی و زیادبوونی کەڕووەکاو لەسەر پێست هەندێک جار بەشێوەیەکی ناسرووشتی گەشەکردنی ئەم هەوێنە لە کۆنترۆل دەردەچێت، لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی دروستبوونی تۆزێکی سپی پەرتوو بڵاو لەسەر پێست، کە ئەمەش جۆرێکە لەهەوێن، پێی دەگوترێت مالاسیزیا فورفور(Malassezia fur fur ) لەگەڵ تێکەڵبوون بە ئارەقە و چەورییەکانی سەرپێست کاژێکی سپی لەگەڵدا دەبێت، ئەم جۆرە کەڕووە لەدوایی تەمەنی بیست ساڵیدا لە هەندێک کەس نیشانەکانی بەدەردەکەوێت، ئەمەش دیاردەیەکی باوە بەتایبەتی لەوکەسانەی بەرگری لەشیان لاوازە یاخود گۆڕانکاری لەهۆرمۆنیان ڕوودەدات، لەهەندێک کەس هۆکارێکی بۆماوەییە، ئەم جۆرە کەڕووە لە ژینگەیەکی شێدار و گەرم گەشە دەکەن، زیاترلەو کەسانە دەردەکەوێت کە ئارەقەی زۆردەکەن یاخود دڵە ڕاوکێیان زۆرە یان پێستیان چەورە، هەندێک جارنیشانەکانی لە منداڵانیشدا دەردەکەوێت بەتایبەتی ئەومنداڵانەی کۆئەندامی بەرگڕی لەشیان لاوازە، بەڵام ئەم حالەتە لەناو تەمەنی گەنجاندا باوترە وەک لە منداڵان وکەسە بەتەمەنەکاندا، لەئەنجامدا کاریگەری دەبێت لەسەرڕەنگی میلانینی پێستی کەسەکە، دەبێتە هۆی دەرکەوتنی پەڵەی گەورە و بچووکی سوورقاوەیی تۆخ یان ڕەنگی کەکاوی یان پەمەیی یان تێکەڵ، پەڵەکان کاژێکی سپی تەنکی پێوەیە ڕەنگی پەڵەکان بەپێی ڕەنگی پێستی کەسەکە و بەرکەوتنی شوێنەکە بە تیشکی خۆردەگۆڕێت، جیاوازی دەبێت لەگەڵ ڕەنگی سرووشتی پێست، زۆربەی نەخۆشەکان هیچ نیشانە یەکیان لەگەڵدا نییە جگە لە دەرکەوتنی پەڵەکان نەبێت پەڵەکان تەنها دیمەنێکی ناشرینی هەیە، هەروەها کاریگەری دەبێت لەسەرباری دەڕوونی کەسەکە، بەڵام لەهەندێک کاتدا خورانێکی کەمی لەگەڵدا دەبێت بەهۆی هەوکردنی پێستی چەور Hyporic dermatitis، زیاترلەگەڵ وەرزی هاوین و گەرمی شێداردا پەڵەکان لەسەربەشە چەورییەکانی لەش وەکوو سینگ و مڵ و زگ و شان و سەر قۆلەکان دەردەکەوێت٠
ئەم حالەتە سرووشتی وایە لە دوایی چارە سەرکردن ئەگەری دووبارەبوونەوەی هەیە، رەنگە لەماوەی سالێکدا جارێک یان دووجار دووبارە بێتەوە، جا بۆ ریگڕی کردن لە دووبارە توشبوونەوە بەم حالەتە وەکو چارەسەرکرنی هەرنەخۆشیەکی دیکە پێویستە چەند ڕێنماییەکی تایبەت رەچاو بکرێت بۆ ئەو کەسانە ی ئەم کێشەیان هەیە :-
• بەکارهێنانی دەرمانی دژە کەڕوو لەژێرچاودێری پزیشکی پسپۆری تایبەت بە نەخۆشییەکانی پێست ٠
• دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی جڵ وبەرگی تەسک و ماددەی نایلۆن ٠
• خۆپاراستن لە دڵە ڕاوکێ و بارە دەڕوونییەکان ٠
• دابەزاندنی کێشی لەش، ئەوکەسانەی قەڵەون کە ئارەقەی زۆردەکەن • خۆپاراستن و کەم کردنەوەی خواردنی چەوری زۆر، بەتایبەتی ئەوکەسانەی پێستیان زۆرچەورە٠
• دوورکەوتنەوەی ژنان لە بەکارهێنانی دەنکۆلەکانی دژە منداڵبوون و سکپڕی ئەمەش هۆکارێکە بۆتوشبوونەوە بەم حالەتە٠
• خۆشوشتن و پاک وخاوێن راگرتنی پێست لە چەوری و ئارەقەی زۆر، بە شامپۆوسابوونی پزیشکی، چۆنیەتی ماوەی بەکارهێنانی لەژێر
چاودێری پزیشکی پسپۆری تایبەت بەنەخۆشیەکانی پێست ٠
tishkytandrusty73@gmail.com

