رۆژنامەی ھەولێر

کەمخوێنی بەهۆی کەمی ڕێژەی ئاسن

ماكوان عيززه‌‌ت-هەولێر

کەمخوێنی بریتییە لە دابەزینی ئاستی هیمۆگلۆبین لە خوێندا، دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئۆکسجین بۆ شانەکان چونکە هیمۆگلۆبین هەڵگری ئۆکسجینە.

هیمۆگلۆبین لە خڕۆکە سوورەکانی خوێندا هەیە کە لە خوێندا دەسووڕێنەوە. پرۆتینێکی دەوڵەمەندە بە ئاسن.
کەمخوێنی بەپێی ئەوەی کە ئایا قەبارەی خڕۆکە سوورەکانی خوێن زۆر کەمە یان زۆر گەورەیە پۆلێن دەکرێت.
د. بێستون ئەحمەد شێخانی پسپۆڕی پزیشکی بەرگری جەستە ئاماژە بە کەمخوێنی بە هۆی کەمداگەڕانی ڕێژەی ئاسن دەكات و، لە چەند خاڵێكدا دەیانخاتە ڕوو:
* باوترین جۆری کەمخوێنییە، کاتێک ڕوودەدات کە جەستە بە ڕادەی پێویست مادەی ئاسنی تێدا نەبێت. جەستە پێویستی بە ئاسن هەیە بۆ دروستکردنی هیمۆگلۆبین و خڕۆکەی سووری پێگەیشتوو بە ڕێژەی سروشتی. بۆیە جەستە ناتوانێت ئەو بڕە ئۆکسجینە بەدەست بهێنێت کە پێویستی پێیەتی، لە ئەنجامدا کۆمەڵیک نیشانەی نامۆ دەردەکەون.
* بەشێکی زۆرلە منداڵان وئافرەتان تووشی کێشەی کەم خوێنی دەبن بە کەمی مادەی ئاسن.
* کەمبوونەوەی ڕێژەی ئاسن لە خوێن هۆکارێکە کە کەسەکە ڕۆژانە ڕێژەی پێویست وەرناگرێ بۆ لەش. بۆ نمونە بۆ منداڵ ٧ بۆ ١٢ مانگان mg 11 پێویستە بێ جیاوازی ڕەگەز. ٤ بۆ ٨ ساڵ mg 7 پێویستە. ئەگەر کەسەکە ئافرەتی دووگیان بوو ڕێژەکەی بەرز دەبێتەوە بۆ 27 mg ڕۆژانە.
د. بێستون شێخانی ئاماژە بەوەش دەدات كە مەرج نییە هەموو کات نیشانەکان دیار بکەون بەڵام کاتێک کەمداگەڕانی ڕێژەی ئاسن توند بێت چەند نیشانەیەک دەردەکەوێت بۆ نموونە:
1. بێهێزی و سەرسوڕان، سەرئێشە؛
2. زوو ماندیبوون؛
3. کاڵداگەڕانی ڕەنگی پێست؛
4. شکانی نینۆک و هەڵوەرینی بە ئاسانی؛
5. هەناسەتەنگی و زیادبوونی لێدانی دڵ؛
6. هەستکردن بە سەرما؛
7. ئارەزووی خواردنی بەفر و خۆڵ.
دەربارەی هۆکارەکانیش د. بێستون ئەحمەد شێخانی ڕوونی دەكاتەوە كە بریتین لە:
1. خوێنەچۆڕەی زۆر کە دەبێتە هۆی لەکیسچوونی ڕێژەیەکی زۆری ئاسن؛
2. کەمشتی ڕێژەی ئاسن لە خواردن.
3. کێشەی هەرس و هەڵمژرانی ئاسن لە ڕیخۆڵەباریکەوە، لەبەر نەخوشینەکانی ڕیخۆڵەباریکە.
4. کەمشتی ڤیتامین سی.
دەربارەی چۆنیەتیی دەستنیشانکردنی كەمخوێنی، ئەو پزیشكە پسپۆڕە دەڵێت: لە تاقیگەدا دەستنیشان دەکرێت؛ بە پشکنینی:
(S.Iron)، (S.Ferritin)، (Transferrin)، (Total Iron-binding capacity)
هاوكات چارەسەری دەخاتە ڕوو، كە بریتییە لە:
1. خواردنی ژەمەخوراکی دەوڵەمەند بە مادەی ئاسن؛ بۆ نموونە: گۆشتی سوور، مریشک، جگەر، ماسی؛
2. دانەوێڵە و پاقڵەمەنیەکان، نیسك؛
3. سەوزە ڕەنگ سەوزە توخەکان وەک سپێناخ، کەرەوز.
4. میوەی ووشکەوەکراوی وەک كشمیش و قەیسی.
5. هەروەها خواردنی ڤیتامین سی (vitamin c) یارمەتیی زیاتر هەڵمژرانی ئاسن دەدات لە ریخۆڵەوە.