رۆژنامەی ھەولێر

نیشانە‌كانی هە‌وكردنی ڕیخۆڵە‌كوێرە‌

ماكوان عيززه‌‌ت-هەولێر

 

د. سەرکەوت ڕەووف پزیشکی پسپۆڕیی ورد لە نەخۆشیەکانی کۆئەندامی هەرس و جگەر و هەناوبینی دەڵێت: ھە‌وكردنی ڕیخۆڵە‌كوێرە‌ دە‌بێتە‌ ھۆی ئازار لە‌ بە‌شی خوارە‌وە‌ی لای ڕاستی ناوسكدا، بە‌ڵام لە‌ زۆربە‌ی خەڵكدا ئازارە‌كە‌ لە‌ ناوكە‌وە‌ دە‌ست پێ دە‌كات، كاتێك ھە‌وكردنە‌كە‌ خراپتر دە‌بێت ئە‌وا ئازارە‌كە‌ش زیاد دە‌كات و، لە‌ كۆتاییدا دە‌بێتە‌ ئازارێكی توند.

د. سەرکەوت ڕەووف دەشڵێت: ھە‌رچە‌ندە‌ ھە‌موو كە‌س بۆی ھە‌یە‌ تووشی ھە‌وكردنی ڕیخۆڵە‌ ببێ، بە‌ڵام زیاتر لە‌ تە‌مە‌نی ١٠ هەتا ٣٠ ساڵاندا ڕوو دە‌دات، چارە‌سە‌ر بۆ ئە‌م حاڵە‌تە‌ لابردنی ڕیخۆڵە‌كوێرە‌یە‌ بە‌ شێوە‌ی نە‌شتە‌رگە‌ری.
ئەو پزیشكە، نیشانەکانی ھە‌وكردنی ڕیخۆڵە‌كوێرە‌ دەخاتە ڕوو كە بریتین لە:

1. دڵتێكە‌ڵهاتن و ڕشانە‌وە‌.
2. ئازارێكی لە‌ ناكاو كە‌ لە‌ دە‌وری ناوك دە‌ست پێ دە‌كات و داوتر بە‌رە‌و بە‌شی خوارە‌وە‌ی لای ڕاستی ناو سك دە‌چێت.
3. ھە‌ڵئاوسانی سك.
4. ئازارێك كە‌ بە‌ ڕۆشتن و كۆكە‌، زیاتر دە‌كات.
5. ئازارێكی لە‌ناكاو كە‌ لە‌ بە‌شی خوارە‌وە‌ لای ڕاستی ناو سكدا دە‌ست پێ دە‌كات.
6. نەمانی ئارە‌زووی خواردن.
7. قە‌بزی یاخود سكچوون.
د. سەرکەوت ڕەووف گوتیشی: ئازارە‌كە‌ دە‌گۆڕێت بە‌پێی تە‌مە‌ن و شوێنی ڕیخۆڵە‌كوێرە‌، لە‌ ئافرەتی سكپڕدا ئازارە‌كە‌ ڕە‌نگە‌ لە‌ بە‌شی سە‌رە‌وە‌ی ناو سكدا بێت، چونكە‌ لە‌ كاتی سكپڕیدا ڕیخۆڵە‌كوێرە‌ لە‌ شوێنی ئاسایی خۆی بە‌رزترە‌.