رۆژنامەی ھەولێر

تایبەت بە وەرزشوانانی لەشجوانی لە كاتی وەرزشكردن لە هۆڵەكانی لەشجوانیدا چۆن خۆت دەپارێزیت لە پێكانی وەرزشی

ماكوان عيززه‌‌ت-هەولێر

 

سوودەکانی وەرزشکردن زۆرن، گرنگترینیان ئەوەیە کە یارمەتی خۆپاراستن لە نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی مێشک دەدات. وەرزشکردنی بەردەوام یارمەتی بەهێزکردنی ماسوولکەکانی دڵ و باشترکردنی کارکردنی دەدات.

وەرزشکردنی بەردەوام یارمەتیی کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ و كەمكردنی ترس و نیگەرانی دەدات، ئەگەرچی وەرزشكردنی سوودێكی زۆری بۆ جەستە هەیە، لە هەمانكاتدا وەرزشکردنی بەردەوام، باری دەروونی باشتر دەکات و هەستکردن بە باشی زیاد دەکات. بۆیە وەرزشکردن بیرۆکەیەکی باشە بۆ ئەو كەسانەی دڵەڕاوكێیان زۆرە.

د. دێدەوان نامیق ڕەسوڵ پسپۆڕی نەشتەرگەری ئێسک و شکان لە چەند ئامۆژگارییەكدا بۆ ئەو كەسانەی هاتوچۆی هۆڵەكانی وەرزش دەكەن ڕێنمایی خۆپاراستنان بۆ دەخاتە ڕوو تاوەك دوور بن لە پێکانی وەرزشی:
١. گەرمکردنەوەی لەش (٥-١٠ خولەک):
کاردیۆی سووک و هەندێ لە جووڵەکانی جومگە بە بەکارهێنانی ئامێری سووک وەک دەمبڵ و شافتی سووک. بۆ زیادکردنی چوونی خوێن بۆ ماسولکە و ئامادەکردنی ماسولکە و جومگەکان بۆ وەزش.

٢. وەرزش بە تەکنیکی دروست:
تەکنیکی هەڵە فشار دەخاتە سەر ماسوولکە و جومگەکان بەمەش ڕێژەی پێکان زیاد دەکات، پێویستە ڕێنمایی ڕاهێنەر بەڕێکی جێبەجێ بکرێت.
هەڵبژاردنی وەرزشەکانیش زۆر گرنگە بە تایبەت بۆ ئەو کەسانەی تەمەنیان لە سەروو ٤٥-٥٠ ساڵانەوەیە.
٣. بە قورسایی کەم دەست پێ بکە و هێواش هێواش زیادی بکە:
زیادکردنی قورسیای لەناکاو بێ ڕاوێژی ڕاهێنەر ڕێژەی پێکان زیاد دەکات، لە هەموو بارێک نابێت لە سەدا ١٠ زیاتر بێت لە هەفتەیەک.
٤. پێڵاوی گونجاو لەپێ بکە:
– پێڵاوی تایبەت بۆ وەرزشەکەت (ڕاکردن، هەڵگرتنی قورسایی) بەکار بێنە بۆ پاراستنی جومگەکان.
٥. ماسوولکەکانی کۆر بەهێز بکە:
کە بریتین لە ماسولکەکانی سەرەوەی ڕان، حەوز، پشت و سک.
٦. گوێ لە لەشت بگرە:
ئازاری ئاسایی یاخود ناڕەحەتی و ماندووبوونی ماسوولکە ئەمە ڕێپێدراوە و ئاساییە بەڵام هەموو ئازارەکی نوێ و زۆر بە ئازاری مەترسیدار دادەنرێت پێیویستە ڕاوێژ بکەی.
٧. راکێشان و سترێچی ماسوولکە (٥-١٠ خولەک)
پیوستە پاش وەرشی بەهێزکردن ئەنجام بدرێت نەک پێش، ئەمەش نەرمونیانی ماسوولکە و جووڵەی جومگە دەپارێزیت.
٨. ئاو بخۆرەوە و خواردنی تەندروست بخۆ:
ئاوی پیویست پێش و لە کاتی وەرزش و دوای وەرزش پێویستە بخورێتەوە.
پڕۆتینی پێویست لە خۆراک و ڤیتامین دی بۆ چاکبوونەوەی ماسوولکە و ئێسک.
٩. پشوو بدە:
پیویستە ١-٢ ڕۆژی پشوو هەبێت بۆ هەر سێتیکی ماسولکە تاوەکو کاتی پێویستی هەبێت بۆ چاکبوونەوە.
١٠.وەرزشیتایبەت بۆ بارودۆخی تایبەتەکان:
بۆ نموونە کەسێک سەوەفانی جومگەی هەیە، یان پووکانەوەی ئێسک یاخود ئینزیلاقی پشتی هەیە پیویستە وەرزشی تایبەتیان بۆ دابنرێت بۆ ئەوەی دوور بن لە پێکان.

د. دێدەوان نامیق لە بارەی ئەو هەڵانەی کە زۆرترین پێکانیان لێ دەکەوێتەوە ئاماژە بە سێ هەڵەی سەرەكی دەكات كە بریتین لە:
١.پشتگوێخستنی خۆ گەرمکردن پێش یاری.
٢.هەڵگرتن و زیاد کردنی قورسیایی بەبێ ڕاوێژی ڕاهێنەر.
٣.گوێنەدانە ئازاری نوێ لە کاتی وەرزش.