ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر
نەخۆشینی درێژخایەنی تەنگداگەڕانی سییەکان (COPD) هەناسەدان سنووردار دەکات.
هۆکارە سەرەکیەکەی ئەو نەخۆشیە بە هۆی جگەرەکێشانەوەیە، بەڵام لەو کەسانەش دەبینرێ کە هەندێ جۆری سووتەمەنی بەکار دەهێنن بۆ چێشتلێنان و گەرمکردنەوەی ناوماڵ کە هەم دەبێتە مەترسی بۆ خۆیان و، هەم ژینگە پیس دەکات.
د. باغەوان ئەحمەد پسپۆڕی نەخۆشیەکانی هەناو و دڵ و پسپۆڕی ورد لە نەخۆشینی سیپەلاک و سینگ باس لە نەخۆشینی تەسکبوونەوەی ڕێڕەوی هەناسە دەكات و نیشانەكان و ماكەكانی نەخۆشینەكە دەخاتە ڕوو.
د. باغەوان ئەحمەد دەربارەی نیشانەکانی نەخۆشینی تەسکبوونەوەی ڕێڕەوی هەناسە ڕوونی دەكاتەوە كە تەنها پاش ئەوەی زیانی گەورە بەر سییەکان دەکەوێت ئینجا دەردەکەون و بە تێپەڕینی کات خراپتر دەبن ئەگەر نەخۆشەکە بەردەوام بێت لە جگەرەکێشان.
نیشانەکانی نەخۆشییەكە ئەمانە لەخۆ دەگرێت:
* هەناسەتەنگی، بەتایبەتی لە کاتی چالاکی جەستەیی و رۆیشتن تا دەگاتە هەناسەتەنگی لە کاتی دانیشتن و پاڵکەوتن.
* دەنگێکی وەک سیکەسیک یان خیسەخیس.
* کۆکەی درێژخایەن کە زۆر جار بەڵغەمی لەگەڵدایە.
* کەمجووڵەیی.
* دابەزینی کێش.
* هەڵئاوسانی قاچ.
* دابەزینی ڕێژەی ئۆکسجین.
د. باغەوان ئەحمەد لە بارەی ماکەکانیشەوە ئاماژە بەوە دەكات كە:
* هەوکردنی کۆئەندامی هەناسەی کەسانی تووشبوو بە COPD زیاتر باری تەندروستیان تێک دەچێت وەکو کۆکەی زیاد و بەڵغەم و هەناسەتەنگی و دابەزینی رێژەی ئۆکسجین کاتێک تووشی هەڵامەت و ئەنفلۆنزا و بەکتریا و زیادبوونی ڕێژەی پیسداگەڕانی ژینگە دەبن، هەر هەوکردنێکی سیپەلاک هەناسەدان قورستر دەکات و زیانی زیاتر بە شانەکانی سیپەلاک دەگەیەنێت.
* نەخۆشینی دڵ. بە هۆکارێکی نادیار، COPD مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ زیاد دەکات، لەوانە جەڵتەی دڵ.
* شێرپەنجەی سیپەلاک.
* بەرزداگەڕانی پەستانی خوێنبەرەکانی سیپەلاک.
* خەمۆکی.
* خەوزڕان.
* دابەزینی رێژەی ئۆکسجین و بەرزبوونەوەی رێژەی دووانۆکسیدی کاربۆن لە خوین کە پێویستی بە رۆژانە وەرگرتنی ئۆکسجین دەبێت.
د. باغەوان ئەحمەد دەشڵێت: هەرچەندە ئەو نەخۆشیە نەخۆشییەکی درێژخایەنە و زۆر جار بە تێپەڕبوونی کات خراپتر دەبێت، بەڵام دەتوانرێت ڕێگەی لێ بگیرێت و چارەسەر بکرێت. بە زۆرێک لە تووشبوانی COPD دەتوانن بە باشی نیشانەکان و چۆنیەتی ژیان کردن کۆنترۆڵ بکەن بە وەرگرتنی چارەسەر و رێنمایی پزیشکی.

