ماكوان عێزەت – ههولێر
شێرپەنجە، نەخۆشییەکی کوشندەی سەدەی بیستویەكە؛ لەگەڵ ئەوەشدا زۆرێک لە نەخۆشانی شێرپەنجە بە پەرۆشن بۆ چاکبوونەوە، جا هەر جۆرە شێرپەنجەیەک بێت، بە وەرگرتنی تەواوی جۆرەکانی چارەسەرکە خۆی دەبینێتەوە لە (چارەسەری کیمیایی، چارەسەری هۆرمۆنی، نەشتەرگەری، تیشک، چارەسەری بەرگری، چاندنی مۆخی ئێسک لە شێرپەنجەی خوێن).
د. بێستون شێخانی سپۆڕی پزیشکی بەرگریی جەستە و توێژەر لە بواری شێرپەنجە ڕوونی دەكاتەوە کە ئەو نەخۆشانە پێویستیان بە خشتەیەکی نموونەیی هەیە؛ خشتەکە بەندە بە جۆری شێرپەنجەکە و قۆناغی نەخۆشییەکەوە.
د. بێستون شێخانی لە چەند خاڵێكدا جۆرەكان دەخاتە ڕوو:
1.پەیوەندییەکی بەردەوام و سەردانیکردنی دکتۆر
دوای وەرگرتنی چارەسەر و چاکبوونەوە ٩٠% هیچ ڕوو نادا بەڵام ١٠% لەوانەیە بگەڕێتەوە یا لە شوێنێکی دیکەوە دەرکەوێتەوە؛ بۆیە پێویستە مانگانە سەردانی دکتۆری خۆت بکەی بێ کەمتەرخەمی، دوای ئەوەی دڵنیا دەبینەوە کە خانەی شێرپەنجەیی لە لەشت بەدی ناکرێ، ماوەی سەردانی کەم دەکرێتەوە، بۆ سێ مانگ جارێک، لە ماوەی دوو ساڵی یەکەم، ئەگەرهاتو لەو ماوەیە هەستت بە هەر نیشانەیەکی نامۆ کرد وەکو (ئازارێکی نوێ، کەمکردنەوەی کێش، یان تا) یەکسەر بە دکتۆرەکەت بڵێ، بۆ چارەسەری. لە ساڵی پێنجەم بە دواوە کە بە چاکبوونەوە ئەژمار دەکرێ، دەبێت پەیوەندیت لەگەڵ دکتۆرەکەت هەبێ ساڵێ جارێك.
2.پاراستنی تەندروستیت:
•بەکارهێنانی خۆراکی بێوەی: وەک (میوە و سەوزەی تەرچک (فرێش)، پڕۆتین، ڕیشاڵ.
•چالاکی جەستەیی و وەرزش: بەپێی توانای خۆت، وەرزشێکی مامناوەند بکە.
•پشتگیری کۆمەڵایەتی: پەیوەندییەکی پتەو لەگەڵ خێزان و هاوڕێکان ببەستە، ئەگەر پێویستت بوو، بەشداری گرووپەکانی پشتگیری نەخۆشانی شێرپەنجە بکە.
•خەوی خۆش: کاتی پێویست بۆ نوستن و پشوودان تەرخان بکە، زۆر گرنگە رۆژانە نزیکەی ٧-٨ کاتژمێر بخەوی؛ خەوێکی خۆش.
3.چاودێریی تایبەت بە جۆری شێرپەنجە
بەپێی جۆری شێرپەنجەکە وەک (شێرپەنجەی مەمک، پرۆستات، ڕیخۆڵە، سیپەلاک، جگەر، ئێسک، مێشک، شێرپەنجەی خوێن، پێست، منداڵدان) دکتۆر ڕێنمایی تایبەت دەداتە نەخۆش. بۆ نموونە:
بە گشتی پێویستی بەم پشکنینانە هەیە بە پێی جۆری شێرپەنجەکە؛ وەک: (مامۆگرافی، پشکنینی کۆلۆنۆسکۆپی و ئیندۆسکۆپی، سۆنەر، سی تی سکان، تیشکی ئێکس، پێت سکان، تیشکی موگناتیسی (ئێم ئاڕ ئای)، بایۆبسی، پشکنینی خوێن) بەپێی پلانێکی دیاریکراو.
پشکنینەکانی خوێن کە گرنگن وەک: (CBC، Liver Function Test، Test Renal Function)
هەروابێتەوە هەندێ تیومەر مارکەر (TUMOR MARKER)هەیە گرنگن بۆ چاودێرییکردنی جۆرەکانی شێرپەنجە یا پێشبینی سەرهەڵدانەوە یا ڕێبەری کردن بۆ چارەسەر وەک:
(CEA) بۆ شێرپەنجەی قۆلۆن
(PSA)بۆ شێرپەنجەی پرۆستات
(AFP) بۆ شێرپەنجەی جگەر و گون وهێلکەدان
(CA19-9) بۆ شێرپەنجەی پەنکریاس
(CA125) بۆ شێرپەنجەی هێلکەدان
(CA15-3) بۆ شێرپەنجەی مەمک
(B2M) بۆ شێرپەنجەی خوێن
4.خۆپاراستن لە نەخۆشییەکانی تر
لە پاش چارەسەر، جار وایە پێویستە پشکنینی ددان، چاودێری دڵ، یان چاودێری هۆرمۆن بکەیت.
5.ئەوەی کە زۆر گرنگە و، لە وڵاتی ئێمە کەمبایەخە، پێویستە بە تایبەتی دوای دەستنیشانکردن یا چارەسەربوون باری دەروونی نەخۆشەکە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت لای پزیشکی پسپۆڕی دەروونی، چونکە نەخۆشیەکە کاریگەری نەرێنی لەسەر دەروونیان دروست دەکات؛ ئەگەرهاتو هەستی بە نیگەرانی، خەمۆکی، یان فشار کرد، چارەسەری دەروونی پێویستە.

