ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر
جگەر لە گرنگترین ئەندامەکانی لەشە، کە بەرپرسە لە ڕزگارکردنی جەستە لە زۆرێک لە ژەهر و پاشماوەی بەرهەمی خواردنی خۆراک و دەرمانە جیاوازەکان، هەروەها بەرپرسە لە بەرهەمهێنانی چەندین فاکتەر کە لە کاتی بڕان یان خوێنەچۆڕەی ناوەکی و دەرەکیدا خوێن دەمەیێنێت و خوێنبەست دەکا. هەروەها زەرداو بەرهەم دێنێتت کە بەرپرسە لە هەرسکردنی چەوری، پەککەوتنی جگەریش بیتوانایی جگەرە لە ئەنجامدانی ئەو ئەرکانە، کە کۆتا قۆناغی نەخۆشکەوتنی جگەرە.
دکتۆر فەرمان عوسمان بەرزنجی پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتی ڕوونی دەكاتەوە کە نەخۆشکەوتنی جگەر دەکرێت هۆکارەکەی خواردنەوەی درێژمەودای مەی و ئارەقەمەنی بێت یان تووشبوون بێت بە ڤایرۆسەکانی هەوکردنی جگەر بە تایبەتیش سی و دی بە گشتی چارەسەری پەککەوتنی جگەر لە رێگەی چاندنەوەی جگەرەوە دەبێت.
د. فەرمان بەرزنجی لە بارەی نەشتەرگەری چاندنەوەی جگەر ڕوونی دەكاتەوە كە بەهۆی گرنگیی جگەرەوە، پێویستە هەموو کەسێک جگەرێکی هەبێت کە ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات بە شێوەی پێویست بۆ بەردەوامی لە ژیان، کە کۆبوونەوەی ژەهرەکان بەهۆی پەککەوتنی جگەر دەکرێت ببێتە هۆی تێکدانی كارەكانی مێشک بە شێوەیەکی گەورە کە پێی دەوترێت تێکچوونی مێشکی جگەری، کە دەکرێت ببێتە هۆی بوورانەوەی درێژخایەن و تەانەت مردن، ئەگەر چارەسەری گونجاو دابین نەکرێت.
لە زۆربەی حاڵەتەکاندا کەسی بەخشەری جگەر کەسێکی زیندووە یان لە جێگادا مردووە، کە نەشتەرگەرەکان هەڵدەستن جگەری زیانپێگەیشتووی کەسی تووشبوو هەڵدەگرن و دەیگۆڕنەوە بە جگەرە ساغەکە لە هەمان شوێنی توێکاریدا، کە ئەمە پێچەوانەی چاندنەوەی گورچیلەیە کە لە جێیەکی جگە لەوەی خۆیدا دەچێنرێتەوە.
زۆربەی حاڵەتەکانی چاندنەوەی جگەر لە بەخشەرێکی مردووەوە دەبێت، بەڵام هەندێک حاڵەتی چاندنەوەی جگەری کەسی زیندووش هەیە، هەروەها کەسی بەخشەر دەتوانێت بەردەوامی بداتە ژیانی بەبێ کێشە چونکە لە نەشتەرگەرییەکەدا بەشێکی جگەری لێ دەکرێتەوە نەک هەموو جگەری.
د. فەرمان بەرزنجی دەربارەی هۆکارەکانی ئەنجامدانی نەشتەرگەری چاندنەوەی جگەر، ئاماژە بەوە دەكات كە:
مێوبندی (ڕەقداگەڕان)ـی جگەر بڵاوترین هۆکاری چاندنەوەی جگەرە، بەڵام دەکرێت بۆ ئەوانەش بکرێت لەپڕ جەرگیان راوەستاوە و پەکی کەوتووە؛ کە دەکرێت هۆکارەکەی هەوکردنی جگەر یان بەرکەوتنی جگەر بە زەبرێک یان جگە لەوانە بێت.
چاندنەوەی جگەر بۆ ئەو حاڵەتانەیە:
* هەوکردنی درێژخایەنی جگەر: هاوکات لەگەڵ مێوبەندی جگەر.
* هەوکردنی جۆگەی زراو: کە تیکچوونێکی دەگمەنی کۆئەندامی بەرگرییە کە دەبیتە هۆی هێرشکردنی جەستە بۆ سەر خانەکانی زراو.
* ڕەقداگەڕانی جۆگەی زراو: کە دەبێتە هۆی داخرانی جۆگەی زراو کە وادەکات زراو بگەڕێتەوە بۆ شانەکانی جگەر و ئازاریان پێ بگەیەنێت.
* داخرانی جۆگەی زراو: داخرانی تەواوی جۆگەی زراوە، کە نەخۆشییەکی دەگمەنە و لە منداڵاندا دەبێتە هۆی زەردووییەکی پێشوەخت.
* خواردنەوەی مەی و ئارەقەمەنی بە شێوەیەکی درێژخایەن.
* نەخۆشینی وێڵسن: کە نەخۆشییەکی درێژخایەنە و دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی مس لە زۆربەی ئەندامەکان و لە جگەریشدا.
* نەخۆشینی ڕەنگینهەڵگەڕانی خوێن: کە نەخۆشییەکە دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی ئاسن لە دڵ و مێشک و جگەردا و دەبیتە هۆی چەند نەخۆشییەکی جیاواز.
* کەمداگەڕانی ئەلفا ١ ئەنتیتریپسین.
د. فەرمان عوسمان بەرزنجی دەشڵێت: پێویستە ئەوەش بزانرێت کە ئەو نەخۆشیانەی هۆکارەکەیان کۆنترۆڵ ناکرێن چاندنەوەی جگەریان بۆ ناکرێت، هەروەها هەندێک حاڵەتی پزیشکی هەن کە رێگری لە نەخۆشەکان دەکەن بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری چاندنەوەی جگەر. هەروەها لەسەر نەخۆش پێویستە دەمپارێزی (ڕجیمی خۆراکی) بکات و پاش چاندنی جگەر بە تەواوەتی دەمپارێزی بکات لە خواردنەوەی مەی و ئارەقەمەنی بۆ دڵنیایی لە بەردەوامی کارایی جگەری چێنراو، چونکە ئەو نەخۆشەی تووشی پەککەوتنی جگەری چێنراو دەبێت ئەگەری سەرگرتنی نەشتەرگەرییەکی تری بۆ کەم دەبێتەوە.

