رۆژنامەی ھەولێر

“لە چارەسەری نەخۆشییەوە بۆ چارەسەری نەخۆش”

دلۆڤان محمد فاتح

 

پیشەی پزیشکى یەکێکە لە کارە هەرە پیرۆز و بەنرخەکان؛ چونکە ئەگەر لەڕووى باوەڕدارییەوە لەوە تێپەڕین، کە خواى گەورە شیفابەخشى سەرەکییە، کارى پزیشک وەکو هۆکارێک، پەیوەستە بە ژیان و مردن، پەیوەستە بە بوون و نەبوون و لە زۆربەى حاڵەتەکانیشدا، پەیوەستە بە رەخساندن و مسۆگەرکردنى ژیانێکى خۆش و ئاسوودە بۆ مرۆڤ.
بەداخەوە لەم سەردەمەدا، زۆر جار کەلێن خراوەتە نێوان نەخۆش و نەخۆشییەکان، کە ئەنجامەکەى، ئاڵۆزترکردنى پڕۆسەى چارەسەرکردن و چاکبوونەوەى نەخۆشى و نەخۆشە. لەبەر ئەم ئاڵۆزییە، زۆرجار پیشەى پزیشکى ئەو گرینگى و پیرۆزیی و رێزەى لەدەستدەدات، کە هەیەتى و دەبێ هەیبێت.
دەروونناسى بەناوبانگى سویسرى (کارڵ گۆستاف یۆنگ) وتەیەکى جوانى هەیە، دەڵێ: “دەرمانەکان نەخۆشییەکان چارەسەردەکەن، بەڵام تەنها دکتۆرەکان دەتوانن نەخۆش چاکبکەنەوە” واتە ئێمە دەبێ بە شێوەیەکى هاوسەنگ چەندە گرنگى بە چارەسەرکردن و بنبڕکردنى نەخۆشییەکان دەدەین، گرنگی بە چارەسەرکردنى نەخۆشەکانیش بدەین. ئەمە واتە لەبەرچاوگرتنى رەهەندە بایۆلۆجى و دەروونییەکان لە یەک کاتدا. گرنگیدان بەم لایەنە دەروونییە، بابەتێکى زۆر هەستیارە، چونکە زۆر تویژینەوەى زانستى سەردەمییانە، ئەوەیان سەلماندووە، کە بارقورسییە دەروونییەکان رۆڵێکى مەترسیداریان هەیە لە نەخۆشکەوتنی مرۆڤ و قورسترکردنى نەخۆشییەکانیان.
سەرەڕاى هەموو ئاستەنگە زۆرەکانى بەردەم کەرتى تەندرووستى لە کوردستان، بەڵام ئەم تێگەیشتنە، دوو ستوونى سەرەکى روانگەى ئێمەیە و، بەردەوام لەگەڵ ستافە دڵسۆزەکەى تەندرووستى، پێداگریمان لەسەر کردووەتەوە، کە پێویستە لە نەخۆشدا، تەنیا نەخۆشییەکەى نەبینین، بەڵکو سەرنجى سەرەکیمان لەسەر خودى نەخۆشەکەش بێت. بەمە دەتوانین پڕۆسەى چارەسەرێکى هاوسەنگ دەستپێبکەین، کە کاریگەرتر و بەرهەمدارترە. جوانتر و مرۆییترە. دواجار ئەرکى ئێمەش خزمەتکردنە بە مرۆڤ.
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر