رۆژنامەی ھەولێر

بۆچی هەنجنینی پیاز، دەبێتە هۆی ئاوکردنی چاو

ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر

 

پیاز لە هەموو جیهاندا بەکار دێت؛ کە پیاز دەهەنجێنرێ، چاو فرمێسکی تێ دەزێت.

هۆکاری ئەوەی پیاز لە کاتی هەنجنیندا دەبێتە هۆی تێزانی فرمێسک، لەبەر ئەوەیە کە ماددەیەکی کیمیایی ورووژێنەر دەردەدات کە دەبێتە هۆی کزانەوەی چاو.
د. حەسەن خۆشناو پسپۆڕی نەشتەرگەری نەخۆشیەکانی چاو لە بارەی ئەوەی كە چۆن پیازهەنجنین دەبێتە هۆی ئاوکردنی چاو، وای ڕوون دەكاتەوە: کە پیازێک دەهەنجنرێ (پارچەپارچە دەكرێت) هەندێک ئاوێتە(lachrymator) ـی لێ دەردەچێ و کار دەکاتە سەر دەمارەکانی سەر ڕووپۆشی چاو (ڕژێنەکانی فرمێسک) دروست دەکات.
ئەو پێکهاتانەی لە پیازەوە دەردەچن و لە ڕێگای هەوا دەگەنە چاو، پێک دێن لە میپیۆنین و سیستین کە لە خێزانی ترشامینیەکان. (پرۆتین لە چەندێک لەم ترشامینیانە پێک هاتووە کە پێکەوە گرووپ کراون).
کە پیاز هەنجنرا، خانەکانی پیازەکە ئەم ئاوێتانەی لێ هەڵدەستێت و دەچێتە ناو هەوا؛ کەوابوو “ئەنزیم” کار دەکات بۆ گۆڕینی ترشامین (ترشە ئەمینییەکان) بۆ پێکهاتەی لاکریماتۆر (ترشەڵۆکی سەلفەر)؛ ترشەڵۆکی سەلفەر دەمارەکانی ڕژێنی فرمێسکی سەرەکی ڕژێنەکانی دەوروبەری (ڕووپۆشی) چاو دەورووژێنێت لە ئەنجامدا فرمێسک دەڕژێت.
د. حەسەن خۆشناو ئامۆژگاری هاووڵاتیان دەكات كە چۆن ڕێگە لەم کاردانەوەیە بگرن:
1. بە چەقۆیەکی تیژ پیاز بهەنجە؛ هەتا پیازە هەنجنراوەکە، ماددەی ورووژێنەری کەمتری لێ بەر ببێتەوە.
2. پیاز لە سەلاجەدا هەڵبگیرێت؛ کە سارد بێ، کەمتر ئەو ماددانە پەرشوبڵاو ببنەوە کە دەگەنە چاو.
3. پیازەکە بخەرە ناو ئاوەوە تا ترشامینەکەی لێ بتوێنەوە.
4. لە کاتی هەنجنینی پیازدا چاویلکەی مەلەکردن لە چاو بکە.
5. بەکارهێنانی ئامێری هەواکێش (ساحیبە) و پانکە بۆ دوورخستنەوەی ئەلیلی سەلفاید.