رۆژنامەی ھەولێر

ئایا گونجاوە چا بدرێت بە منداڵ؟

ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر

 

زۆربەی شارەزایانی بواری خواردنی منداڵ ئامۆژگاریمان دەکەن کە گوونجاو نییە چا بدرێت بە منداڵی خوار پێنج ساڵان.

د. هەرێم حەمەد حەسەن پسپۆڕ لە نەخۆشییەكانی منداڵان و تازەلەدایكبووان و گەشە، هۆكاری پێنەدانی چا بە منداڵ ڕوون دەكاتەوە و و دەڵێت: هۆکارەكە بۆ بوونی ماددەی کافاینە لە چادا کە وادەکات جووڵەی مناڵەکە زۆر بێت (stimulant)؛ وادەکات کە منداڵەکە زوو زوو میز بکات کە لەوانەیە ببێتە هۆی وشکداگەڕانی منداڵەکە؛ هەروەها ماددەی کالسیۆمی لەش کەم دەکاتەوە.
د. هەرێم حەمەد دەشڵێت: لەناو چادا ماددەیەک هەیە بە ناوی پۆلیفینۆڵ کە ئەنووسێت بە ماددەی ئاسنەوە و دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی رێژەی هەڵمژینی ماددەی ئاسن و سەرەنجام کەمخوێنی. هەروەها ئەو ماکی تانین(Tanin) ـەی ناو چاو، دەبێتە هۆی ڕەشداگەڕانی رەنگی دەموددان؛ ئامۆژگاریمان هەیە بۆ دایکان و باوکان، با چا نەدەن بە منداڵەکەیان؛ خۆ ئەگەر نەکرا و زەحمەت بوو دەتوانیت ناوبەناو چایەکی کاڵ (ڕوون)ـی بە بڕێکی کەم پێ بدەیت.