رۆژنامەی ھەولێر

قەڵەوی هۆکارێکی ناسراوی تووشبوون بە مایەسیری

ماكوان عيززه‌‌ت – هەولێر

نەخۆشینی مایەسیری بریتییه‌ له‌ هەڵئاوسان و گه‌وره‌بوونی خوێنهینه‌ره‌کانی ناوپۆشی کۆم؛ د. دیاری نیهاد ئیسماعیل پزیشکی پسپۆڕی نه‌شته‌رگه‌ریی گشتی، نەشتەرگەری قەڵەوی، نەشتەرگەری بە ناوسکبین، ڕوونی دەكاتەوە كە چۆن قەڵەوی دەبێتە هۆی پەیدایشتی مایەسیری.

د. دیاری نیهاد ئاماژە بەوە دەدات كە هۆکاری وەک زیادبوونی پەستانی سک و قەبزییەکی درێژخایەن و دانیشتنی درێژخایەن و لاوازداگەڕانی دیواری خوێنبەرەکان، هۆكارن بۆ تووشبوون بە مایەسیری؛ هەربۆیە زیادبوونی پەستانی سک كە زیادبوونی چەوری لەش بە تایبەت لە دەوروبەری سک فشاری ناو سک زیاد دەکات. یانیش ئەم فشارە دەبێتە هۆی فشار لەسەر خوێنبەرەکانی بەشی خوارەوەی کۆم و دەبێتە هۆی ئاوسانی خوێنبەرەکان و دەرکەوتنی مایەسیری. هەروەها قەبزییەکی درێژخایەن كە زۆرجار قەڵەوی پەیوەندی بە خۆراکی کەم‌ ڕیشاڵ و خراپی چالاکیی جەستەییەوە هەیە، کە هۆکارن بۆ قەبزی. یانیش پەستان لە کاتی پیساییکردن بە هۆی قەبزییەوە فشارێکی زیاتر دەخاتە سەر خوێنبەرەکانی کۆم كە ئەمەش هۆكارە بۆ مایەسیری. هاوكات دانیشتنی درێژخایەن چونكە ئەو کەسانەی کێشیان زیادە لەوانەیە کاتێکی زیاتر بە دانیشتن بەسەر بەرن (بەتایبەت لەسەر ئاودەست)، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ڕۆیشتنی خوێن و زیادبوونی فشار لە ناوچەی کۆم. هەروەها لاوازداگەڕانی دیواری خوێنبەرەکان كە قەڵەوی دەتوانێت کاریگەری لەسەر سووڕی خوێنبەرەکان هەبێت و لەوانەیە دیواری خوێنبەرەکان بە تێپەڕینی کات ناسک بکات.
د. دیاری نیهاد گرنگترین و باوترین نیشانەکانی مایەسیری دەرەکی دەخاتە ڕوو؛ كە ئەمانەن:
1. ئازار یان ناڕەحەتی؛ بە زۆری ئەمە دیارترین نیشانەیە، بەتایبەتی لە کاتی دانیشتن یان لە کاتی پیساییکردن، زۆرجار ئازارەکە تیژ دەبێت ئەگەر خوێن‌مەیین لە مایەسیرییەکەدا دروست بێت.
2. ئاوسانی دەوری کۆم؛ ڕەنگە هەست بە گرێیەکی ڕەق لە نزیک دەرچەی کۆم بکرێت.
3. خوران؛ پێستی دەوروبەری مایەسیریی دەرەکی لەوانەیە تووشی خوران ببێت؛
4. خوێنەچۆڕەی دوای پیساییکردن.
د. دیاری نیهاد ئامۆژگاری ئەو كەسانە دەكات كە لە كاتی هەستكردنیان بە نیشانەكانی مایەسیری یانیش ئەگەر تووشی ئازارێکی زۆر بوون، یان خوێنەچۆڕەی بەردەوام سەردانی پزیشك بكەن و ڕاوێژی پێ بكەن.