ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر
بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، ڕۆتینەکان چالاکتر دەکات، بەتایبەتی بۆ خانمانی دووگیان. چی بکەیت بۆ ئەوەی باشتر ڕووبەڕووی ئەم مانگە درێژە ببیتەوە؟ زۆربەی خانمانی دووگیان بە باشترین شێوە ڕووبەڕووی دەبنەوە، بەڵام ڕاستە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لە کاتی دووگیانیدا خراپترە. خانمانی دووگیان دەتوانن لە هاویندا چی بکەن بۆ باشتر بەرەنگاربوونەوەی گەرما؟
دکتۆرە پۆیلە حەبیب زەنگەنە دکتۆرا لە نەخۆشیەکانی ژنان و منداڵبوون و نەزۆکی ڕوونی دەكاتەوە كە کەشوهەوای گەرم کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر گۆڕانکارییە هۆرمۆنییەکان، هەروەها کار دەکاتە سەر خانمانی دووگیان، بە چەند شێوەیەک:
تێکچوونی خەو و سەرەگێژە
زایینی پێشوەختە
بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن
هەستیاری و خورانی پێست
شەکەتی و ماندوویەتی؛ زیادبوونی ماندوویەتی و هەناسەتەنگیی ئافرەتی دووگیان و هەندێک جار بوورانەوە
وشکداگەڕانی لەش؛ ئەویش بە هۆی لەدەستدانی شلەی زیاتر لە کاتی گەرمادا، بۆیە دەبێت ئافرەتی دووگیان ئاوی زۆر بخواتەوە.
دکتۆرە پۆیلە حەبیب ئامۆژگاریی خانمانی دووگیان دەكات كە:
1-پێویستە خانمانی دووگیان شلەمەنی و ئاوی زۆر بخۆن و بخۆنەوە، خۆیان لە گەرمای ڕاستەوخۆ بەدوور بگرن، پشوودانی زۆر، لەبەرکردنی جلوبەرگی هاوینە و فێنک.
2-لە کاتی دەرکەوتنی هەر نیشانەیەکی نائاسایی دەبێت ڕاوێژ بە پزیشکی پسپۆڕی ژنان و زایین بکرێت.
پاشخان
چەند ئامۆژگاریەک کە ڕەنگە یارمەتیت بدات لە هاویندا باشتر دووگیانییەکەت بەڕێوە ببەیت.
* لە کاتی دووگیانیدا بە شێداری بمێنەرەوە. گرنگە جەستەت بە شێداری بهێڵیتەوە. باشتر وایە ڕاوێژ بە پزیشکەکەت بکەیت سەبارەت بەو بڕە ئاوەی کە پێویستە بیخۆیتەوە لە هەر حاڵەتێکدا. بەڵام باشتر وایە کەمێک زیاتر لە ئاسایی بخۆیتەوە بە هۆی زیادبوونی کێش و خەرجکردنی وزە لە قۆناغەکانی دواتری دووگیانیدا. بەپێی ئاماری دامەزراوەی خۆراکی بەریتانیا، ئاو پێویستە بۆ بەرهەمهێنانی ئەو شلەمەنیانەی لە کاتی دووگیانیدا دەوری کۆرپەکە دەدەن و یارمەتی زیادکردنی قەبارەی خوێن دەدات. ئەگەر دووگیانییەکەت لە هاویندایە، بیر لەوە بکەرەوە کە ئاوی زۆر بخۆیتەوە بۆ ئەوەی جەستەت شێدار و تەڕ بێت.
* خۆپاراستن لە خۆر: بە هۆی گۆڕانی هۆرمۆنەکانەوە، باو و ئاساییە کە پەڵە لەسەر پێست دروست دەبێت،گرنگە دوور بکەویتەوە لە کاتژمێرەکانی ناوەندی ڕۆژ و دژەخۆرێکی بەرز بەکاربهێنیت، تەنانەت ئەگەر خۆر ڕاستەوخۆ کار نەکاتە سەرت.
*خۆت نوقم بکە لە ئاوەکەدا: ئەگەر بەختت باش بوو دەریاچە یان حەوزێک لە نزیکەوە هەبێت، ڕەنگە باشتر بێت بۆ ماوەیەک بمێنیتەوە. دەتوانیت مەلە بکەیت و سوود لە دەرفەتەکە وەربگریت بۆ وەرزشکردن، یان لەناو ئاوەکەدا بمێنیتەوە و هەندێک جوڵە بەدەستبهێنیت. لەکاتی ژێرئاوکەوتنیدا جومگەکانت بە ئازادی دەجوڵێن، کێشی سکت، بەهۆی گەشەکردنی منداڵدان، یارمەتی باشتر پشتگیری کۆرپەکەت دەدات.
ئەگەر بڕیارە گەشت بکەیت…
ئەگەر لە هاویندا دووگیانیت و پلانت هەیە بۆ پشوو یان گەشتێك ئەنجام دەدەیت، لێرەدا چەند ئامۆژگارییەک دەخەینە ڕوو کە دەبێت لەبەرچاو بگرن: لە هێڵی ئاسمانیەکەت بپرسە دەربارەی هەفتەی دووگیانییەكەت کە ڕێگەت پێ دەدەن گەشت بکەیت. هەندێک جار، داوای بەڵگەنامەیەکت لێ دەكەن كە پشتڕاست كرابێتەوە لە لایەن پزیشکی منداڵبوونەوە، کە باس لەوە دەکات کە دووگیانییەکەت مەترسیی هەیە یاخود نا. هەروەها لە ماوە دووگیانیدا ئەگەر بە ئۆتۆمبێل گەشت دەکەیت، هەر دوو کاتژمێر جارێک یان کەمتر بوەستە و لە ئۆتۆمبێلەکە داببەزە و هەندێک بجووڵێ و، سووکەوەرزشێک بکە؛ چونکە گرنگە بە درێژای دووگیانییەکەت لەشجوانییەكەت بپارێزە.

