رۆژنامەی ھەولێر

ڕێگەگرتن لە دواكەوتنی زمانپژان

 

ماكوان عێزەت – هه‌ولێر

یەکێک لەو دیاردانەی ئێستا تا ڕادەیەک بڵاوە و جێگای هەڵوێستە لەسەرکردنە، درەنگکەوتنی زمانپژانە لە منداڵاندا.

بە بڕوای پسپۆڕان گرفتی دواكەوتنی قسەكردنی منداڵان پێویستی بە هەڵوەستە لەسەركردن هەیە و بەپێویستی دەزانن كە بە شێوەیەکی زانستییانە و بە گرنگییەوە پێویستە لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی بکرێت، ئایا هۆکاری ژینگەیین یان هۆکاری تر.
د. خەڵات محەممەد دکتۆرا لە نەخۆشییەکانی منداڵان، ئاماژە بەوەدەدات كە سەرەتای قسەکردن لە منداڵاندا بە دوو قۆناغی وەرگرتن و دوای ئەوەش دەربڕین دەبێت، ئەو بەشەی مێشک بەرپرسە لە وەرگرتن و دەربڕینی قسە دەکەوێتە لای چەپی مێشک.
سەرەتا منداڵ تەنها هەستەوەرەکانی وەرگرتنی دەنگەکان لە دەوروبەریانەوە وەردەگرن، دواتر لەگەڵ گەشەکردنیان هەوڵی دەربڕینەوەی ئەو دەنگانە دەدەن.
منداڵ لە ٤_٦ مانگاندا گڕوگاڵ دەکات، لە تەمەنی ٩ مانگاندا یەک بۆ دوو وشە دەردەبڕێت، بەڵام مەرج نییە بەباشی لە وشەکان بگەین، لە یەک ساڵاندا ٢ وشە بە باشی دەردەبڕێت، لە ١٨ مانگاندا توانای هەیە ١٠ وشە بە باشی بڵێت، قۆناغی دواتر و لە ٢ ساڵاندا ٥٠_١٠٠ وشە بە باشی دەڵێت و لەوانەیە دوو وشە پێکەوە بنووسێنێت، لە ٣ ساڵاندا ٣ وشە پێکەوە دەنووسێنێت لە ٧٥٪ـی قسەکانی تێدەگەین، تەمەنی ئاسایی گفتوگۆکردنی منداڵ ٥ ساڵانە.
د. خەڵات محەمەد دەشڵێت: ئێستا بە هۆی ناسروشتی زۆربەی زۆری رووداوەکانی دەوروبەرمان گەشەکردنی منداڵ بە گشتی و گەشەکردنی قسەکردنییان بە تایبەتی ئاسایی نییە.
کاتێک کۆرپەلە لە سکی دایکیدایە بەهۆی پیسداگەڕانی ژینگە و خواردنی زۆری ئەو خواردنانەی تەندروست نین، جەستە و مێشکی منداڵ بە شێوەیەکی ئاسایی گەشە ناکات.
لە قۆناغی دواتریش بە هۆی ئەوەی زۆربەی دایکان بە نەشتەرگەری منداڵیان دەبێت، منداڵ بە قۆناغە ئاساییەکانی منداڵبووندا ناڕوات ئەوەش کاریگەری لەسەر گەشەی جەستە و مێشکی دروست دەکات، دوای لەدایکبوونیش زۆربەی دایکان بە بیانووی کەمشیری، شیری خۆیان نادەن بە منداڵ؛ ئەوەش هۆکارێکی تری خراپ گەشەکردنی مێشکی منداڵە بە تایبەتی لە ساڵی یەکەمی تەمەنیدا.
د. خەڵات محەمەد ڕوونی دەكاتەوە كە هۆکارێکی تری دواکەوتنی قسەکردن لە منداڵاندا، زۆر و خراپ بەکارهێنانی شاشەکانی مۆبایل و تابلێت و تەلەڤیزیۆنەکانە بە تایبەت لە ساڵی یەکەم و دووەمی تەمەندا.
دەبێت منداڵ لە ساڵی یەکەم و دووەمی تەمەنیدا بە هەموو شێوەیەک لە شاشە بەدوور بگیرێت، چونکە زۆرترین کاتی گەشەکردنی مێشکی منداڵ لەو ماوەیەدایە.
بەشی زۆری قسەکردن و رەفتارکردن لەگەڵ دەوروبەر لەو دوو ساڵە فێر دەبێت.
کاتێک منداڵێک لە تەمەنی ٦ مانگاندا لە بەردەم شاشەیەك دادەنرێت و بە جارێک ئەو هەموو ڕەنگ و جووڵە و دەنگە ناسروشتییانە پێکەوە وەردەگرێت، دەبێتە هۆی پڕبوونەوەی ئەو بەشەی مێشک کە بەرپرسە لە فێربوونی زمان و قسەکردن، ئەوەش وادەکات شوێن بۆ فێربوونی قسەی ئاسایی نەمینێتەوە، لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی دواکەوتنی قسەکردن.
یەکێکی تر لە هۆکارەکان کەم تێکەڵبوونی منداڵە لەگەڵ منداڵانی تردا. تێکەڵبوونی منداڵ لەگەڵ هاوتەمەنەکانیدا هاندەرێکی باشە بۆ قسەکردن و دروستکردنی زۆرترین پەیوەندی بە دەوروبەریەوە.
یەکێکی تر لە کێشە زۆر باوەکان ناڕێکی کاتی نووستنی منداڵە، خەوی شەوان زۆر گرنگە بۆ گەشەی جەستەو مێشکی منداڵ بە پێچەوانەیشەوە درەنگ نوستن لە منداڵاندا دەبێتە هۆی تێکچوونی سیستمی هۆرمۆنی جەستە بە تایبەت هۆرمۆنی گەشە، درەنگخەوتن کاریگەری خراپییش لەسەر گەشەی خانەکانی مێشک دادەنێت.
د. خەڵات محەمەد چەند ئامۆژگارییەك دەخاتە ڕوو كە بۆ کەمکردنەوەی مەترسی دواکەوتنی قسەکردن و فێربوونی زمان لە منداڵاندا پێویستە دایکان و باوکان ڕەچاوی ئەم خاڵانە بکەن:
١. هەر لەسەرەتای دروستبوونی کۆرپەلە دەبێت دایکان هەوڵبدەن زۆربەی کات خواردنی تەندروست بخۆن، هەوڵ بدەن بە شێوەی سروشتی و لەکاتی خۆی منداڵ لە دایک ببێت. هەروەها پێدانی شیری دایک زۆر گرنگە بۆ گەشەی جەستە و مێشک.
٢. دایکان و باوکان دەبێت منداڵەکانیان بپارێزن لە شاشەی مۆبایل و تابلێت و تەلەڤیزیۆن بە تایبەت لە دوو ساڵی یەکەمی تەمەنیاندا.
٣. تێکەڵکردنی منداڵ لەگەڵ منداڵانی تر گرنگی خۆی هەیە بۆ فێربوونی زمان و قسەکردن هەروەها رێک خستنی کاتی خەوتنی منداڵ بە تایبەت لە شەوان، نابێت لێ بگەڕێن منداڵ درەنگ بخەوێت.