رۆژنامەی ھەولێر

چەند زانیارییەك دەربارەی ڕیخۆڵەکوێرە

ماكوان عێزەت – هه‌ولێر

 

هەوكردنی ڕیخۆڵەكوێرە بریتییە لە هەوكردنی ناوپۆشی ڕیخۆڵەكوێرە. لە ئەنجامی گیرانی ڕیخۆڵەكوێرەوه‌ هۆكارەكانی تووشبوون بە ڕیخۆڵەكوێرە ده‌رده‌كه‌وێت.

 

د. هێمن حسێن پسپۆڕی وردی نەشتەرگەریی هەرس و جەرگ و پەنکریاس ئاماژە بەوە دەدات كە ڕیخۆڵەکوێرە کیسەیەکی شێوەپەنجەییە کە لە قۆڵۆنەوە دەردەچێت، لە لای ڕاستی خوارەوەی سکدایە؛ هەوکردنی ڕیخۆڵەکوێرە دەبێتە هۆی ئازار لە بەشی خوارەوەی ڕاستەوەی سک.
دەربارەی نیشانەکانی هەوكردنی ڕیخۆڵە كوێرە د. هێمن حسێن دەڵێت بریتین لە:
1-ئازارێکی کتوپڕ کە لە لای ڕاستی خوارەوەی سکەوە دەست پێ دەکات.
2-ئازارێکی لەناکاو کە لە دەوری ناوکەوە دەست پێ دەکات و، زۆرجار دەگۆڕێت بۆ خوارەوەی سکی ڕاست.
3-ئازارەکە لەگەڵ کۆکە، ڕۆیشتن یان جووڵەی زۆر زیاتر خراپتر دەبێت.
4-سکچوون و ڕشانەوە.
5-لەدەستدانی ئارەزووی خواردن.
6-تای پلەنزم کە ڕەنگە لەگەڵ خراپتربوونی نەخۆشییەکە بەرز بێتەوە.
7-قەبزی یان سکچوون.
8-ئاوسانی سک.
9- باوبژ (غازات).
د. هێمن حسێن ئاماژە بە هۆکارەکان دەكەت و دەڵێت: گیرانی ناوپۆشی ڕیخۆڵەکوێرە کە پێی دەوترێت لومێن، هۆکاری ئەگەری هەوکردنی ڕیخۆڵەکوێرەیە. ئەم گیرانە دەبێتە هۆی هەوکردن. پاشان بەکتریاکان بە خێرایی زۆر دەبن و دەبێتە هۆی هەوکردنی ڕیخۆڵەکوێرە و ئاوسانی؛ هەوکردنی ڕیخۆڵەکوێرە لەوانەیە ببێتە هۆی ئاڵۆزییەکی قورس؛ وەک:
تەقینی ڕیخۆڵەکوێرە؛ تەقینی ڕیخۆڵەکوێرە کە پێی دەوترێت پچڕانی ڕیخۆڵەکوێرە، کێم و زووخەکە بە تەواوی سکدا بڵاو دەکاتەوە و، هەروەها دەبێتە هۆی حاڵەتێک کە پێی دەوترێت هەوکردنی پەریتۆن، ئەگەری هەیە مەترسی لەسەر ژیانی هەبێت، ئەم حاڵەتە پێویستی بە نەشتەرگەری دەستبەجێ هەیە بۆ لابردنی ڕیخۆڵەکوێرە و پاککردنەوەی ناوسک.

پاشخان
*درێژی ریخۆڵەكۆێرە لە نێوان 5 تا 12 سانتیمەتر دەبێت؛ ڕیخۆڵەكوێرە بەكتریای سوودبەخشی زۆری لێ هەیە کە دەتوانن مرۆڤ لە نەخۆشی كولێرا و بەلەفیڕکە (دیزنتاریا) بپارێزن.
*دەربارەی چارەسەری هەوكردنی ڕیخۆڵەكوێرە تەنیا ڕێگەی چارەسەركردن بۆ ئەو حاڵەتە بریتییە لە لابردنی ئەو ئەندامە، بە نەشتەرگەری؛ یان بە کردنەوەی ناوسك یان بە هەناوبین (نازوور)؛ پزیشك هەندێکیان پێیان وایه‌ ڕیخۆڵەكوێرە زیادە نییە و سوودی زۆرە.
* ئەو باوەڕە زۆر هەڵەیە كە دەگوترێ ڕیخۆڵەكوێرە لە جەستەی مرۆڤ زیادەیە و هیچ سوودێكی نییە، بەپێچەوانەوە ڕیخۆڵەكوێرە ڕۆڵێكی گرنگی هەیە لە كۆكردنەوە و هەڵگرتنی بەكتریا سوودبەخشەكان لەناو خۆیدا؛ کە هەرسكردن کێشەی تێ بکەوێت، بەكتریای سوودبەخش دەردەدات و كێشەكە چارەسەر دەكات، بەمەش بۆتە بەشێكی گرنگی سیستمی بەرگریی لەش، مرۆڤ لە تووشبوون بە زۆر كێشە دەپارێزێت، بە تایبەت كێشەكانی كۆئەندامی هەرس.