رۆژنامەی ھەولێر

ڕێكخراوە جیهانییەکەی تەندروستی یادی ڕۆژی جیهانیی شیرپێدانی سروشتی دەكاتەوە

ماكوان عيززه‌‌ت – هەولێر

 

هه‌فته‌ی یه‌كه‌می مانگی ئابی هه‌موو ساڵێك له‌لایه‌ن ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی وه‌ك په‌یامێك بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی هۆشیاری كۆمه‌ڵگه‌ دەرباره‌ی سووده‌ سروشتییه‌كانی شیرپێدانی سروشتی بۆ دایك و منداڵه‌كه دیاریكراوە.

شیری دایک یەکێکە لە ڕێگا کاریگەرەکان بۆ دڵنیایی لە تەندروستی و سەلامەتی منداڵ. شیری دایک سەرچاوەیەکی سەرەكی خۆراکە بۆ منداڵ و هەروەها سەرچاوەیەکی سەلامەتە کە دژەتەنی تێدایە کە یارمەتیدەرە بۆ پاراستن لە زۆرێک لە نەخۆشییەکان. پشتگوێخستنی شیرپێدان دەتوانێت لێکەوتەی جددی بۆ تەندروستی منداڵ بەدوای خۆیدا بهێنێت، لەوانە بەدخۆراکی و کەمی بەرگری لەش و نەخۆشییە مەترسیدارەکان بۆ سەر ژیانی.
د. محەمەد شوكر پسپۆڕی گشتی نەخۆشی و گەشەی منداڵ، ڕوونی دەكاتەوە كە شیری دایك یەكێكە لە خۆراكە تایبەتەكان كە لە سەرەتای دەسپێكی ژیان زۆر پێویستە بۆ منداڵی تازە لە دایك بوو، بەمەش شیری دایك لەگەڵ شیرەوشکە (شیری قوتوو) جیاوازییەكی زۆر هەیە لە نێوانیاندا، جیاوازییەكان دەتوانین لە چەند خاڵێكدا ئاماژەی پێبدەین:
یەكەم: بەرگری جەستەی كۆرپە بەهێز دەكات، دایك لە هەر دۆخێكدا بێت بەرگری جەستەی بەهێز دەبێت و ئەمەش لە ڕێگەی شیردانەوە دەگوازرێتەوە بۆ كۆرپە، بەڵام ئەمە لە شیری قوتونییە.
دووەم: پاراستنی منداڵ لە هەوكردن، بە تایبەت هەوكردنی سكچوون و ڕشانەوە، و چەندین نەخۆشی تر.
سێهەم: ئەو ڤیتامیاتانەی پێویستە بۆ منداڵ تێیدا هەیە، ئەگەر چی ئەم ڤیتامیاتانەش لە شیری قوتوو هەیە، بەڵام ئەو ڤیتامیناتانە كە لە شیری دایها هەیە زۆر بە ئاسانی هەرس دەكرێت لای كۆرپەكە و هەڵی دەمژێت.
د. شادان حەیدەر بەڕێوبەری نەخۆشخانە فێرکارییەکەی ئافرەتان و لەدایكبوون لە هەولێر جەخت دەكاتەوە كە پێویستە دایكان هەرکە منداڵەکەیان بوو، دەست بكەن بە شیرپێدانی سروشتی بە كۆرپەكانیان و بێبەشیان نەكەن لە ژەك، چونكە ژەك دەوڵەمەندە بە جۆرەكانی ڤیتامین، كە ئەمەش گرنگە بۆ گەشەی كۆرپە، كە لە سێ ڕۆژی لەدایكبوونی كۆرپەكە لە مەمكی دایك هەیە، هەر بۆیە ئێمە لە نەخۆشخانەش ڕێنمایی دایكان دەكەین كە شیردانی سروشتی زۆر گرنگ و كاریگەرە بۆ كۆرپەكە و بێبەشی نەكەن لەو سوودە زۆرانە.
د. سۆران سابیر پسپۆڕی نەخۆشییەكانی منداڵان ڕوونی كردەوە كە: پێویستە لەم هەفتەیەدا گرنگییەکی تەواو بە هۆشیاركردنەوەی دایكان بدرێت بۆ ئەوەی هان بدرێن و بزانن شیری دایكان چەندە گرنگە و پێویستە بدرێت بە كۆرپەكانیان، چونكە شیری دایك نیعمەتەێك و بەخشیشێكی خوای گەورەیە كە داویەتی بەدایك و ئەویش بیبەخشێت بە كۆرپەكەی.
د. سۆران سابیر جەختدەكاتەوە كە پێویستە دایكان بۆ ماوەی دووساڵ شیری خۆیانبدەن بە كۆرپەكانیان.
کاتێک منداڵ شیری دایک دەخوات دوو جۆر هۆرمۆن چالاک دەبن ئۆکسیتۆسین و پرۆلاکتین، ئەم هۆرمۆنانە سودبەخشن بۆ ئارامکردنەوەی منداڵەکە و دایکەکە، هەتا منداڵ شیری دایک بخوات رێژەی شیرەکەشی زیاتر دەبێت، هەروەها یارمەتی رەحمی دایکەکە دەدات کە بچێتەوە شوێنی خۆی دوای لەدایکبوونی منداڵەکە، پسپۆران ئاماژە بەوە دەکەن باشتر وایە منداڵەکە بە ویستی خۆی شیری دایکەکە بخوات و مەمکی دایکەکە بەرنەدات، هۆشداریش دەدەن لەوەی لانی کەم دەبێت شەش مانگی سەرەتای تەمەنی کۆرپەلە شیری دایکی بخوات.
پاشخان
سوودی شیری دایک بۆ ساوا:
شیری دایك گونجاوترین پێكهاتەی خۆراكییە كەوا هەمیشە ئامادەیە و ئاسانە بۆ هەرسكردنی ساواكە، جگە لەوەش ئەم سوودانەی هەیە:
• شیری دایك هەموو ئەو پێكهاتە خۆراكیانەی تێدایە كە بۆ گەشەی ساوا پێویستن و بە بڕی پێویست بە ئاسانی هەرس دەبێت و دەست دەكەوتنیشی ئاسانە.
• شیردانی پوخت پاڵپشتی لە سیستەمی بەرگری ساوادەكات، هەروەها لە گەشەی نمونەیی جەستە و ئەقڵی ساوا.
• ئەو منداڵانەی كە شیرپێدانی پوختیان پێدراوە بەڕێژەی كەمتر تووشی سكچوون و نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەناسە دەبن، بە بەراورد بە منداڵانی تر.
• بەریەككەوتنی پێستی دایك و منداڵیارمەتی دەدات بە گەرمی بمێنێتەوە و ڕێگری دەكات لە دابەزینی پلەی گەرمای لەشی ساوا.
• یارمەتیی بەهێزكردنی پەیوەندی سۆزداری نێوان دایك و ساواكەی دەكات.
سوودی شیردانی کۆرپە بۆ دایك:
• شیردانی سروشتی سوودی هەیە بۆ كەمكردنەوەی خوێنبەربوونی دوای منداڵبوون و، پاراستنی دایكلە كەمخوێنی.
• یارمەتی دوواكەوتنی دووگیان بوون دەدات.
• دایك دەپارێزێت لە قەڵەوی، هەوەها گەڕانەوەی لەشی دایك بۆ باری سروشتی بەر لە دووگیانکەوتن.
• دایك دەپارێزێت لە تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمك و هێلكەدان.
دایکی بەرمەمکانەوەبەر (واتە: شیردەر) چۆن دەتوانێت ئاگاداری کوالێتی شیرەکەی بێت؟
دایکی شیردەر پێویستە زۆر گرنگی بە خۆراکی بدات و بڕێکی زۆر سەوزە و میوە و ماسی کە ئۆمیگا ٣یان تێدایە بخوات. هەروەها باشترە لە خواردنەوە گازییەکان و خواردنەوە دەستکردەکان دوور بکەونەوە، چونکە تا خۆراکی دایک تەندروستتر بێت کوالێتی شیرەکەی باشتر دەبێت. هەروەها جەخت لەسەر گرنگی وەرگرتنی دۆخی شیرپێدان دەکەینەوە کە ئاسوودە بێت بۆ هەردوو دایک و کۆرپە بۆ دوورکەوتنەوە لە ئازار و گرژبوون کە ڕەنگە بەهۆی دانیشتنی نائارامەوە ڕوو بدات، هەروەها بۆ دوورکەوتنەوە لە برینداربوونی گۆی مەمک ئەگەر دۆخی دانیشتنی کۆرپەکە گونجاو نەبێت.
سوودەکانی شیرپێدان
گرنگی شیرپێدان لە پێکهاتەکانی شیری دایکدایە کە هەموو پێداویستییە خۆراکیەکانی کۆرپە لەخۆ دەگرێت. لە کاتێکدا شیری قوتو بۆ منداڵانی خوار تەمەنی دوو ساڵ بەهۆی نارەحەت هەرسکردنیەوە پێشنیار ناکرێت، لە کاتێکدا شیری فۆرمۆلا لە بنەڕەتدا شیری وشککراوە کە دەستکاری کراوە بۆ ئەوەی لە شیری دایک بچێت لە ڕووی پرۆتین و چەوری و شەکرەوە، هەر بۆیە نكۆڵی لەوە ناكرێت كە کوالیتی شیری سروشتی بێهاوتایە. شیری دایک چەوری تێدایە کە پێویستە بۆ گەشەکردنی مێشک و هەروەها بڕێکی بەرچاو لە ئۆمیگا ٣ی سروشتی تێدایە. ئەو توێژینەوەیانەی لەسەر ئەو کۆرپانە ئەنجامدراون کە شیری فۆرمۆلایان خواردووە بە بەراورد بەوانەی شیری دایکیان خواردووە، دەریانخستووە کە ئەم منداڵانە توانای دەروونی و ئاستی زیرەکییان باشترە لە چاو ئەو کۆرپانەی شیری قوتویان خواردووە. لە ڕووی پرۆتینیشەوە ئەو پرۆتینەی لە شیری مانگادا هەیە، یان پرۆتینی وشککراوە، کە هەرسکردنی قورسە بە بەراورد بەو پرۆتینی سروشتییەی لە شیری دایکدا هەیە. جگە لەوەش ئەو پرۆتینانەی لە شیری فۆرمۆلادا هەن، پرۆتینی غەیرە مرۆڤن و نامۆن بە جەستە و لەوانەیە جەستەی کۆرپە دژەتەنەکانی دژی ئەوان پەرەپێبدات. بۆیە ڕەنگە هەندێک جار منداڵی ساوا تووشی سکچوون یان هەستیاری ببێت. شیری دایک مادەیەکی خۆراکی زۆر گرنگی تێدایە. گرنگترین سوودەکەی ئەوەیە کە خانەکانی بەرگری و دژەتەنی تێدایە کە بەرگری لەشی کۆرپە بەهێز دەکات، ئەمەش وای لێدەکات بەرەنگاری هەندێک جۆری بەکتریا و ڤایرۆسی زیانبەخشی لووت و گوێ و قوڕگ ببێتەوە.
پێکهاتەی شیری دایک بەپێی قۆناغەکانی گەشەکردنی کۆرپە دەگۆڕێت بۆ دابینکردنی پێداویستییە خۆراکیەکانی. بۆیە ڕاستەوخۆ دوای لەدایکبوون، فۆرمولەکە بریتییە لە کۆلۆسترۆم کە ڕێژەیەکی زۆر بەرزی ئاوی تێدایە، هەرچەندە بە ڕێژەیەکی کەم. دوای نزیکەی هەفتەیەک دەگۆڕێت بۆ شیر و چەسپاوی و چەورییەکەی زیاد دەکات لەگەڵ گەشەی کۆرپە تاوەکو بۆ کۆرپە و تێربوونی گونجاو دەبێت. بۆ دڵنیابوون لەوەی کە کۆرپەکە لە شیری دایکیەوە پێداویستییە خۆراکیەکانی خۆی دابین دەکات، پێویستە میز و پیسایی کردبێت.
ئەو خۆراكانەی شیری دایك زیاد دەكەن:
شیری دایك تەنیا بە خواردنی باش زۆر دەكات و ئەگەرچی لەگەڵ ئەوەش دۆخی دەروونیی دایك لە سەر زۆر و كەمبوونی شیرەكەی گرینگی زۆری هەیە. ئەو خۆراكانەش دەتوانن شیری دایك زیاد بكەن:
• میوە و سەوزە كاریگەری باشی هەیە بۆ ئەوەی شیری دایك زیاد بكات، هەربۆیە واباشە لە دوای نانخواردنی ئێواران زۆر میوە و سەوەزە بخورێت بۆ ئەوەی بۆشەو شیرێكی زۆر ئامادەبێت بۆ ساواكەت.
• ئاو و دۆ، لەو خواردنەوانەن كە زۆر خێرا شیری دایك زۆر دەكەن و ئەوەش بە تایبەتی شەوان پێش خەوتن، دەبێ دایك چەند پەرداخ ئاو یان دۆ بخواتەوە.
• لەگەڵ قازانجی زۆری ئەو خواردنە ساكارانە بۆ سەر شیری دایك خورادنی بەردەوامی گۆشتی ماسی، هێلكە و دانەوێڵەكان وەك نیسك و نۆك، برنج و پەتاتەش دەتوانێ شیری دایك زۆر بكات.