ماكوان عيززهت – هەولێر
لێدانی دڵت خێــرایە و ناڕێـــکە یاخــود خــاوە و ناڕێکە ئەمە ڕیتمە، لێدانی دڵی ئەو نەخۆشانەیە کە تووشی نەخۆشی لەرزینی گوێچکەڵەیی ھاتوون.
د. شوان عوسمان ئەمین پسپۆری نەخۆشییەکانی دڵ ڕوونیدەكاتەوە كە نەخۆشی لەرزینی گوێچکەڵەیی ئەو حاڵەتە، نەخۆشییەکی باوە لە سەرانسەری جیھان، بە پێی دوایین ئامارەکان ساڵانە نزیکەی ٢.٧ ملیۆن کەس تووشی ئەم حاڵەتە دێن و لە کوردستانی خۆیشمان بە شێوەیەکی بەرچاو ھەیە.
د. شوان عوسمان دەشڵێت: لەرزینی گوێچکەڵەیی ئەو نەخۆشییەیە کە چیتر لێدانی دڵ و تەزووی کارەبایی لە شوێنی سەرەکی خۆیان دەرناچن. واتا خانەکانی تایبەت بە ناردنی تەزووی کارەبایی وەک سەرچاوەی سەرەکی کار ناکەن و بەشێکی تر لە خانەکان ئەم کارە دەکەن، بەمەش ناڕێکی لە ڕیتمی لێدانی دڵ دروست دەبێت و تەزووی کارەبایی لە زۆر لاوە دەنێردرێن و دڵ وەک پێویست ناتوانێ بە شێوەیەکی ئاسایی کرداری خاوبوونەوە و گرژبوونەوە ئەنجام بدات، ئەمەش وا دەکات نەخۆشەکە توشی ناڕێکی لێدانی دڵ ببێت و وەک دڵەکووتە ھەستی پێدەکات.
هەندێ جار توشبووی نەخۆشییەکە نیشانەکانی وەک تەنگە نەفەسی،سەرسووڕە یاخود ژانی سینگ دەبێت.
لەم حاڵەتەدا دڵ ڕەنگە بەڕاددەی ٣٠٠ لێدان لە خولەکێک یان زیاتر لێبدات، بەمەش کرداری سووڕی خوێن وەک پێویست بۆ بەشەکانی لەش نانێردرێت.
لە بارەی ھۆکارەکانی لەرزینی گوێچکەڵەیی د. شوان عوسمان ئەمین ئلماژە بەوە دەدات كە: وەک ھەر نەخۆشییەکی تر، بەشێکی زۆر لە ھۆکارەکان بە نەزانراوی ماونەتەوە، بەڵام کۆمەڵێ فاکتەر ھەن دەبنە ھۆی تێکچوونی سیستەمی تەزووی کارەبایی دڵ و ناڕێکی و نایەکسانی لە لێدانەکانی دڵ، دیارترینیان :-
1-نەخۆشیی خوێنبەرەکانی دڵ و نۆبەی دڵ.
2-نەخۆشیی دەمەوانەکانی دڵ.
3-بەرزیی فشاری خوێن.
4-نەخۆشییە زگماکییەکان و نەخۆشیی دەمەوانەکانی دڵ.
5-زۆر بە کارھێنانی ماددە کحولییەکان و دەرمانە وریاکەرەوەکان.
6-لەکەسانی بەتەمەن دا، بەتایبەت دوای تەمەنی ٦٥ ساڵی، بەھۆی لەکار کەوتنی خانەکانی سەرچاوەی ناردنی تەزووی کارەبایی دڵ.
د. شوان عوسمان ئەمین چارەسەری لەرزینی گوێچکەڵەیش دەخاتە ڕوو كە بریتییە لە:
چارهسهر كردنی ئهم نەخۆشییە هۆكاره بۆ ڕێگریكردن لهتوشبوون به نۆبەی مێشك و كێشهی خوێنبهرهكان و نەمەیینی خوێن لە بەشەکانی دڵ.
دهبێ هۆكارە سهرهكییەکە چارهسهر بكرێت، لهگهڵ ئهو نیشانانهی كه نهخۆشهكه ههیهتی.
پزیشکی پسپۆر پێویستە دەرمانی ڕێکخەری ڕیتم و زۆری لێدانەکانی دڵ بدات بە نەخۆشەکە بە گوێرە باری تەندروستی و گونجانی، ھەروەھا دەبێ دەرمانی خوێن شلکەرەوە وەربگرن چونکە ئەم لێدانە ناڕێکانە وا دەکات خوێن لە بەشێکی دڵدا بمێنێتەوە و تۆپەڵ بێت، لەم حاڵەتەدا ئەگەری دەرچوونی ئەم تۆپەڵە خوێنە مەییوانە ھەیە بۆ خوێنبەرەکانی لەش بە تایبەت خوێنبەرەکانی مێشک کە ھۆکارن بۆ توشبوون بە نۆبەی مێشک .
هەروەها پهڕاندن لهرێگای تاڵهوه كەوی کردن یەکێکە لە ڕێگاکانی چارەسەر کردن، دهكرێت لهرێگای سۆندهیهكی بچوك ( تــاڵ)ـێكهوه لە ژێر ڕینمایی وێنەی تیشکدا، ئهو شوێنانهی كهتهزووی كارهبای زیاد دهنێرن، بسوتێندرێت و کەوی بکرێت، بۆ ڕێگری کردن له دووباره تێکچوونی لێدانی ناڕێک و خێرای دڵ.

