رۆژنامەی ھەولێر

مایەسیرییەکی چارەسەرکراو، ئەگەری گەڕانەوەی هەیە؟

ماكوان عيززه‌‌ت – هەولێر

 

دوای چارەسەرکرانی مایەسیری، ڕێژەی سەرهەڵدانەوەی نەخۆشییەکە بەپێی هۆکاری وەک ڕادەی توندییەکەی، هۆکاری بنەڕەتی و چاودێریی دوای چارەسەر دەگۆڕێت.

د. دیاری نیهاد ئیسماعیل پزیشکی پسپۆری نه‌شته‌رگه‌ری گشتی، نەشتەرگەریکردنی قەڵەوی دەربارەی هۆکارەکانی سەرهەڵدانەوەی مایەسیری دوای چارەسەر ئاماژە بەوە دەدات كە:
1- لابردنی ناتەواو: لە هەندێک حاڵەتدا هەموو شانەکان لە کاتی نەشتەرگەریدا بە تەواوی لا نەبراوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی دیسا بداتەوە بەر و سەر هەڵبداتەوە.
2- پەیدایشتی مایەسیرییەکی نوێ: نەشتەرگەری لابردنی مایەسیری چارەسەری ئەو مایەسیریانەی ئێستا دەکا، بەڵام ڕێگە ناگرێت لە سەرهەڵدانی مایەسیرییەکی نوێ.
3- گرژی و قەبزی: خووی ڕیخۆڵە، وەک گرژی و پەستان لە کاتی سەرئاوکردن و قەبزییەکی درێژخایەن، دەتوانێت بێتە هۆی گەشە یان گەڕانەوەی مایەسیری؛ تەنانەت دوای چارەسەریش.
4- شێوەی خۆراک و شێوازی ژیان: ڕێجیمێکی کەم‌ ڕیشاڵ و نەخواردنی شلەی پێویست و، زۆر دانیشتن لە سەرئاودا، لەوانەیە ببێتە هۆی سەرهەڵدانی مایەسیری یان توند و خراپترکردنی مایەسیرییەکی کۆنکەردە، تەنانەت دوای چارەسەریش.
5- دووگیانی و زایین: دووگیانکەوتن و زایین، فشارێکی بەرچاو دەخاتە سەر ناوچەی حەوز و، دەبێتە هۆی سەرهەڵدان یان سەرهەڵدانەوەی مایەسیری لە هەندێک دووگیاندا، تەنانەت دوای چارەسەری پێشوویش.

‏‌‎