ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر
شێوازی خەوتن لە کاتی دووگیانیدا بە گوێرەی پێشڤەچوونی دووگیانی دەگۆڕێت، لە ماوەکانی سەرەتای دووگیاندا ھۆرمۆنی پرۆجیسترۆن زیاد دەکات؛ بەتایبەت لە سێ مانگی یەکەمی دووگیاندا کە ئەمەش ھەستی خەواڵووی و ھیلاکی و ویستی خەوتن زیاد دەکات لە خانمی دووگیاندا.
ئافرەتانی دووگیان بە شوێن ئەوە پرسیارەوەن كە باشترین شێوازی خەوتن لە کاتی دووگیانیدا چۆنە؟
د. کەژان کاوە پسپۆڕی نەشتەرگەری و نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون و نەزۆکی وەڵامی ئەو پرسیارە دەخاتە ڕوو؛ دەڵێت: خەوتن لەسەر لای چەپ (بەتایبەت لە سێ مانگی دووەم و سێیەم)، دەتوانیت پشتییەک لەژێر ڕانت دابنەیت؛ بەمەش:
• ڕۆیشتنی خوێن بۆ وێڵاش و کۆرپە باشتر دەکات.
• یارمەتی گورچیلە دەدات لە فلتەرکردنی خوێن و کەمکردنەوەی ئاوسانی پێ و دەست.
د. کەژان کاوە پسپۆڕی ئامۆژگاری ئافرەتانی دووگیان دەكات كە لەسەر پشت نەخەون (دوای 20 هەفتە) لەوانەیە ببێتە هۆی:
• سەرەگێژە یان هەناسەتەنگی.
• دابەزینی پەستانی خوێن.
• کەمبوونەوەی ڕۆیشتنی خوێن بۆ کۆرپە.
ڕێنمایی بۆ ڕێکخستنی خەو لە ماوەی دووگیانیدا
*سەرینێکی باش بەکار بهێنە و بیخەرە پشتتەوە و نێوان ڕانەکانت تاکوو ئاسوودەتر بخەویت.
* تاکوو دەتوانیت دوور بکەوەرەوە لە خواردنەوەی وەک چا و قاوە و، خواردنەوە گازییەكان.
* دەروونت ئارام بكە و زۆر قەلەق مەبە و ئارام بە.
* دوور بكەوەرەوە لە خەوی پچڕپچڕ بە تایبەت لە ڕۆژدا، بۆ ئەوەی شەو بە ئارامی خەوت لێ بكەوێت.
* بەرنامەی خەوت ڕێک بخە و هەموو ڕۆژێک لە کاتێکی دیاریکراودا هەڵبستە و بخەوە.
* خواردنەوەی زۆر لە ڕۆژدا بخۆرەوە و شەوان زۆر شلەمەنی و ئاو مەخۆرەوە چونکە ناچار دەبیت بەردەوام بچیت بۆ سەرئاو و بەمەش خەوت تێک دەچێت.
* ژوورێکی گونجاو هەڵبژێرە بۆ خەوتن؛ چەند كاتژمێر بەر لە خەو، مۆبایل بەلاوە بنێ.

