رۆژنامەی ھەولێر

چ كاتێك زەردوویی لە كۆرپەدا مەترسیدارە؟

ماكوان عيززه‌‌ت – هەولێر

چ ڕێژەیەکی زەردووی لە منداڵی ساوادا جێی نیگەرانییە، ئەمە ئەو پرسیارەیە كە زۆرجار بە مێشكی دایك و باوكی كۆرپەكاندا دێت.

د. كارزان محەمەد حەسەن پزیشكی پسپۆڕی منداڵان لەو بارەیەوە جەختدەكاتەوەكە كە هەموو ڕێژەیەکی زەردوویی ترسناک نییە، پەیوەندی بەوەوە هەیە کە ئایا تەمەنی كۆرپەكە چەندە یان باشترە بڵێین چەند کاتژمێرە لەدایک بووە؟
بۆ نموونە ئەگەر كۆرپەیەك تەمەنی ٣ رۆژان تێپەڕیبێت و، ڕێژەی زەردووییەکەی سەروو ١٥ بێت ئەوکات ئەم ڕێژەیە ترسناکە و ئەگەری هەیە زیان بە مێشکی منداڵەکە بگەیەنێت؛ تەنها چارەسەریشی پێویستە لە نەخۆشخانە بخرێتە ژێر ڕووناکاییەکی تایبەت (فۆتۆتراپی)، كە بە هۆی تیشكەكانیەوە هانی جەستەی منداڵەكە دەدات بە خێرایی ماددەی بیلیڕۆبینی زیادە فڕێ بداتە دەرەوە. ئێمە چاوەڕێی ئەوە دەکەین تا ١٥ ڕۆژ چارەسەر ببێت و بەلایەنی کەمەوە زەردووییەکەی کەم بێتەوە ٨ و ٩ و ١٠.
د. كارزان محەمەد دەشڵێت: ئەگەر زەردوویی درێژە بکێشێ بۆ 2 هەفتە بە دڵنیاییەوە پێویستە پشکنینی تەواوی زەردووی درێژخایەن بۆ منداڵەکە بکرێت بۆ ئەوەی بزانین کە کێشەیەکی دیکەی نییە جگە لە زەردوویی، بۆ نمونە هەوکردنی بۆری میز، کێشە لە هۆرمۆنی غوددە، وە نەخۆشی جگەری منداڵی تازەلەدایکبوو .
ئەگەر پشکنینەکان ئاسایی بێت و هیچ کێشەیەکی دیکەی نەبێت ئەوکاتە نیگەرانی ڕێژەی زەردوویی منداڵەکە نین ئەتوانین مانگێک بۆ دوو مانگ چاوەڕێ بکەین، بەمەرجێک ڕێژەی زەردووییەکەی لە 1٥ نمرە زیاتر نەبێت،
ئەگەر چارەسەری فۆتۆ كاریگەریی پێویستی نەبوو زەردووییەكە هەر لە بەرزیوونەوەدا بوو، ئەوكات پزیشك بڕیاری گۆڕینی خوێنی منداڵەكە دەدات.