ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر
ملەخڕە نەخۆشییەکی ڤایرۆسی گوازراوەیە، کەتووشی لیکەڕژێنی نیکافی دەبێت کە دەکەوێتە بەردەم گوێیەکان، کە بە هۆیەوە ئەو لیکەڕژێنە، تووشی ئاوسان دەبێت .
ئەو کەسانەی کە ڤاکسینی تایبەت بەو جۆرە ڤایرۆسەیان وەرنەگرتوە، زیاتر ئەگەری تووشبوونیان هەیە بەو نەخۆشیە، ئەم ڤایرۆسە لە ڕێگەی کۆکەو پژمینی کەسی تووشبوەوە دەچێتە هەواو لەو ڕێگەیەوە بۆ کەسی بەرامبەر دەگوازرێتەوە، یانیش بەهۆی بەکارهێنانی کەلوپەلی کەسی تووشیارەوە.
لە کوڕاندا، ملەخڕە ڕەنگە ببێتە هۆی هەوکردنی گونەکان، نەزۆکی و هەوکردنی کۆئەندامی زاوزێ لە نزیکەی 15-30%ـی پیاوانی دوای تەمەنی هەراشیان و باڵغبووندا ڕوو دەدات؛ بە زۆری کاریگەری لەسەر یەکێک لە هێلکەگونەکان دەبێت بەڵام لە حاڵەتە دەگمەنەکاندا دەتوانێت کار بکاتە سەر هەردووکیان. ئەمە گوتەی د. هونەر عوسمان کەریم پسپۆڕی نەخۆشیەکانی منداڵان و تازەلەدایکبووان و گەشەی منداڵانە؛ ئەو پزیشكە دەیشڵێت هەوکردنەکە دەبێتە هۆی ئاوسانی و ئازار و سووربوونەوەی هێلکە گونەکان، بەزۆری لە هەفتەی یەکەمی تووشبوون بە نەخۆشییەکە دەردەکەوێت.
ڤایرۆسەکە هێرش دەکاتە سەر شانەکانی هێلکە گونەکان، زیان بە تۆمەرۆ دەگەیەنێت کە تۆم (سپێرم)ـی تێیدا بەرهەم دێت، ئەمەش دەبێتە هۆی پووکانەوەی گون (بچووکبوونەوە).
دەرئەنجامەکانی بریتین لە کەمبوونەوەی ژمارەی سپێرمەکان، کەمبوونەوەی جووڵەی سپێرمەکان، شێوەی نائاسایی سپێرمەکان و هەندێکجار ناهاوسەنگی هۆرمۆنەکان کە کاریگەری لەسەر ئاستی هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن هەیە.
لە کاتێکدا نزیکەی 30-50%ـی کۆئەندامی زاوزێی تووشبوو جۆرێک لە پووکانەوە نیشان دەدەن، بەڵام تەنها نزیکەی 10%ـی پیاوان تووشی دابەزینی بەرچاو دەبن لە ژمارەی سپێرم و، نەزۆکی هەمیشەیی دەگمەنە بەڵام ئەگەری هەیە، بەتایبەتی ئەگەر هەردوو گون تووشی هەوکردنەکە بووبێتن.
دەربارەی ملەخڕە لە كچانیشدا، د. هونەر عوسمان کەریم ئاماژە بەوە دەكات كە ملەخڕە لە کچاندا دەتوانێت ببێتە هۆی هەوکردنی هێلکەدان، هەرچەندە ئەمەیان کەمتر باوە و،لێکۆڵینەوەی وایشی لەسەر نەکراوە بەراورد بە هەوکردنی گون لە کوڕاندا.
هەوکردنی هێلکەدانەکان لەوانەیە کارکردە ئاساییەکەی هێلکەدان تێک بدات، کە ئەگەری هەیە ببێتە هۆی کێشە لە دووگیانیدا.
ملەخڕە لە سەرەتای دووگیانیدا مەترسیی لەبارچوون زیاد دەکات.

