رۆژنامەی ھەولێر

پاراستنی منداڵ لە سوورێژە

ماكوان عيززه‌‌ت – هەولێر

 

سوورێژە (Measles)نەخۆشیەکی ڤایرۆسی گواستراوەیە، سوورێژە لەناو منداڵاندا زۆر باوە، بۆیە سەرەکیترین ڕێگەی خۆپارێزی بەکارهێنانی ژەمی کوتانە بۆیان دژ بە ڤایرۆسەکە.

سوورێژە لە ڕێگەی دەنكۆڵەی ناو هەناسە و كۆكە و پژمەی كەسی تووشیارەوە دەگوازرێتەوە؛ نەخۆشیەكە گواستراوە دەبێت دوو ڕۆژ پێش دەركەوتنی نیشانەكانی و تا (5) ڕۆژ دوای دەركەوتنی پەڵەكانی پێست.
لەم بارەیەوە دکتۆر خالید حه‌مه‌ساڵح پسپۆڕی بواری نه‌خۆشیه‌کانی منداڵان ڕوونی دەكاتەوە كە: مامەڵەکردن لەگەڵ سوورێژە لە منداڵاندا بریتییە لە کەمکردنەوەی نیشانەکان، ڕێگریکردن لە ئاڵۆزییەکان و پێدانی چارەسەری گونجاو.
ئەو پزیشكە پسپۆڕەیە دەشڵێت: سوورێژە نەخۆشیەکی گواستراوەیە، بۆیە گرنگە منداڵە تووشبووەکە جیا بکرێتەوە بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بۆ کەسانی تر، بەتایبەت ئەوانەی کە کوتانیان بۆ نەکراوە یان مەترسی زیاتریان لەسەرە بۆ ئاڵۆزییەکان، وەک کۆرپە، ئافرەتی دووگیان، و ئەو کەسانەی کە سیستەمی بەرگری لەشیان لاوازە.
دکتۆر خالید حه‌مه‌ساڵح ئاماژە بەوەش دەدات كە پشودان و خواردنەوەی ئاوی پێویستە، خواردنەوەی شلەمەنیەکانی وەک ئاو و شۆربا. چونکە تا و ئارەقەکردنەوە کە پەیوەندی بە سوورێژە هەیە دەبێتە هۆی وشکبوونەوەی لەش، بۆیە گرنگە هاندانی خواردنی شلە بدرێت. هەروەها بەکارهێنانی دەرمانی کەمکردنەوەی تا بدرێتە منداڵەكە كە ئەمەش لەژێر چاودێری پزیشكدا دەبێت.
دکتۆر خالید حه‌مه‌ساڵح باس لە کەمکردنەوەی نیشانەکان دەكات كە: نەهێشتنی نیشانەکانی وەک کۆکە و قوڕگئێشە و هەوکردنی گوێ. بەکارهێنانی دەرمانی دژە زیندەیی بۆ هەوکردنی گوێ هەروەها قەترەی لووت یان سپرای لووت بۆ کەمکردنەوەی گیرانی لووت و، خواردنی ڤیتامین ئەی و، لە هەمووی گرنگتریش کوتان چونكە کوتانی سوورێژە کاریگەرییەکی زۆری هەیە بۆ رێگەگرتن لە تووشبوون و کەمکردنەوەی توندیی نیشانەکانی منداڵەکە دوای تووشبوون.
هێشتا سوورێژە چارەسەرێکی دیاریکراوی نییە چونکە نیشانەکانی دەبێت بە تەواوی سووڕی خۆیاندا تێپەڕن (دوو بۆ سێ هەفتە) بۆ ئەوەی چارەسەر ببن. جگە لەوەش باشترین چارەسەر بۆ نەخۆشی سوورێژە خۆپاراستنە. بۆیە دڵنیابە کە ڤاکسینی سوورێژە بدەیت بە منداڵەکەت.
سەرەڕای ئەوەی رێژەی مردن بە ئەم نەخۆشییە بەهۆی بەکارهێنانی کوتانی دژەسوورێژە بەڕێژەیەکی بەرچاو لە سەرانسەری جیهاندا کەمیکردووە، بەڵام هێشتا ساڵانە لە جیهاندا زیاتر لە 200 هەزار کەس بەهۆیەوە گیان لەدەستدەدەن،وە زۆربەی زۆریان منداڵانن.