رۆژنامەی ھەولێر

چۆن منداڵەكەت لە سكچوون و ڕشانەوە دەپارێزیت؟

ماكوان عيززه‌‌ت – هەولێر

 

نەخۆشینێکی هەرە باوی وەرزی هاوینان و كاتی گەرما، سكچوون و ڕشانەوەیە؛ ئەم نەخۆشینە چەند هۆكارێكی هەیە لەوانەش بەهۆی ڤایرۆس و بەكتریا كە ئەم جۆرە ڤایرۆس و بەكتریایانەی هاوین جیاوازن لە بەكتریا و ڤایرۆسی زستان.

بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و گۆڕانی كەشوهەوا، ڕێخۆشكەرە بۆ دەرکەوتنی ئەو بەكتریا و ڤایرۆسانەی منداڵ پێی نەخۆش دەكەوێت و تووشی هەوكردن دەبێت.
یەكێكی تر لەو نەخۆشینانەی كە لە وەرزی هاوین زۆر بڵاوە گەرمابردنە، زۆر جار منداڵ دەچنە دەرەوە و دەچنە بەر تاو، یانیش هەوكردنی لوولەی هەناسەش یەكێكی ترە لەو نەخۆشیانەی كە لەم وەرزەدا هەستی پێ دەكرێت.
بۆ پاراستنی منداڵ لە سكچوون پێویستە منداڵ خواردنی دەرەوە نەخوات؛ ئەوە ئامۆژگارییەکی دكتۆر هێرش حەمەڕەئووف پسپۆڕی تایبەتی منداڵانە، ئەو پزیشكە پسپۆڕە جەختیش دەكاتەوە كە لە كاتی سكچوونی منداڵاندا چەند ڕێنماییەك هەیە كە پێویستە دایك و باوك و كەسی نزیكی منداڵەكان ڕەچاوی بكەن و نابێت منداڵ پشتگوێ بخرێن:
1. پێویستە مندال خواردنی دەرەوە نەخوات.
2. سەوزە و میوە جوان بشۆردرێتەوە دواتر بدرێت بە مناڵ.
3. دەبێت منال فێر بكرێ بەر لە نانخواردن و دوای نانخواردیش دەستوپلی بشوات.
4. باشترین ئاو بۆ مناڵ ئاوی ماڵەوەیە، پاش ئەوەی جوان دەكوڵێنرێت.
5. كە خواردنێک هەڵگیرا و، نرایە یەخەچاڵ و بەفرگر، نابێ لە یەك جار زیاتر گەرم بكرێتەوە.
6. ئەگەرهاتو تووشی سكچوون بوو، مناڵەکە شلەمەنییەکی پێ بدرێت و سەردانی پزیشكی بۆ بكەن.