ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر
پزیشكان جەخت دەكەنەوە ئەگەر ئافرەت مەمکی گرێی لێ دەرکەوت یانیش ئازاری بەردەوامی هەبوو، دەبێ بە زووترین كات سەردانی “سەنتەری نەخۆشییەكانی مەمك” بكات لە لای خۆیان، یانیش بچێتە لای پزیشكی پسپۆڕ بە مەبەستی پشكنینی پێشوەختە.
بە مەبەستی زوو دەستنیشانکردنی هەر گرفتێک لەوانەی بە ڕواڵەت هیچ نەخۆشییەکی مەمکیان نییە، تیشكی مەمک (مامۆگرافی) یارمەتی پزیشکان دەدات بۆ دیاریکردنی هۆکاری نەخۆشی لە مەمکدا؛ بۆ نموونە: گرێ، کیس، گۆڕانی گۆی مەمک.
مامۆگرافی (تیشکی مەمك)، بەكار دەهێنرێت بۆ دەستنیشانكردنی نەخۆشینی مەمك لە خانماندا بەتایبەت بۆ زانینی پێشوەختەی شێرپەنجەی مەمك؛ ئەو خانمانەی تەمەنیان لە سەروو 40 ساڵانەوەیە دەبێ دوو ساڵ جارێك پشكنینی مامۆگرافی بكەن و، ئەوانەشی تەمەنیان لە سەروو 50 ساڵانەوەیە ئەگەر هیچ گرفتێكیشیان نەبوو ئەوا پێویستە ساڵی جارێك پشكنینەكە بكەن.
خاتوو دکتۆر ژیان خەلیل پسپۆڕی نەخۆشییەکانی مەمک ڕوونی دەكاتەوە كە تیشكی مەمك بۆ زوو دەستنیشانکردنی هەر گرفتێکی مەمکە؛ بەتایبەت لەو ئافرەتانەی كە هیچ نەخۆشییەکی مەمکیان نییە. یان بۆ ئەوانەی كە بەدواداچوونی شێرپەنجەی مەمكیان هەیە لە دوای چارەسەروەرگرتن.
هەروەها بۆ پشکنینەوەی مەمک، دوای شێرپەنجە.
پزیشكان روونیشی دەكەنەوە كە پێویستە لە کاتی دیتنی یەکێك لەم نیشانانەدا ئافرەت سەردانی پزیشكی تایبەت بكات یان بچێتە سەنتەری نەخۆشییەکانی مەمك:
1. دەرکەوتنی لوو لە بنباڵدا؛
2. گۆڕانی ڕەنگی پێس؛
3. گۆڕانی شێوەی مەمك؛
4. قووڵداگەڕانی گۆی مەمك.
شێرپەنجەی مەمك یەكەمین جۆری شێرپەنجەیە، كە تووشی ئافرەتان دەبێت، نیشانەكانی كەسی توشبوو بە شێرپەنجەی مەمك بریتین لە دەرکەوتنی گرێ، چاڵکەوتنی پێست، گۆڕانكاری لە ڕەنگی پێست وەك سووربوونەوە و، ئازاری بەردەوامی مەمك.

