ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر
تیشکی خۆر چەندین سوودی بۆ پێست هەیە، بەڵام بەرکەوتنی زۆر زیانی بۆ تەندروستی پێست دەبێت. بۆیە پێویستە دژەخۆر بەکاربهێنرێت لە هەردوو وەرزی هاوین و زستاندا بۆ ئەوەی لەم کاریگەرییە زیانبەخشانە دوور بکەویتەوە و پێست بە تەندروستی بپارێزێت.
دژەخۆر یەکێکە لە گرنگترین ڕێگاکانی پاراستنی پێست لە تیشکی سەروو بنەوشەیی و کاریگەرییە زیانبەخشەکانی. بۆ بەدەستهێنانی سوودە خوازراوەکان، دەبێت دژەخۆر لە هەردوو وەرزی هاوین و زستاندا بەکاربهێنرێت، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی کەشوهەوای خۆرگیری کەشوهەوا بە درێژایی وەرزەکان. هەروەها پێویستە لە هاویندا هەر دوو کاتژمێر جارێک دژەخۆر بەکاربهێنرێتەوە بۆ دڵنیابوون لە پاراستنی پێست بە شێوەیەکی گونجاو.
سوودەکانی خۆر
تیشکی خۆر هۆکارێکی سەرەکییە بۆ ژیان و تیشکەکانی بەختەوەری دەروونی بۆ تاکەکان دەهێنێت. بە پێچەوانەوە نەبوونی دەبێتە هۆی خەمۆکی و بێهێزی. هەروەها خۆر ڤیتامین D بەرهەم دەهێنێت کە لەش لە چەندین نەخۆشی دەپارێزێت و ئاسانکاری دەکات بۆ هەڵمژینی کالیسیۆم لە کۆئەندامی هەرسدا. ڕۆژانە سی خولەک بەرکەوتنی خۆر بەسە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی پەیوەست بە خۆر بۆ لەش، بەڵام بەرکەوتنی درێژخایەن بە تیشکی خۆر دەبێتە هۆی کاریگەریی زیانبەخش بۆ جەستە.
زیانی بەرکەوتنی لێدانی تیشکی سەروو بنەوشەیی لە پێست
بەرکەوتنی درێژخایەنی خۆر دەبێتە هۆی سووتانی پێست، لە سووتانی پلە یەک یان دووەمەوە تا گەرما یان خۆر بردن. ئەو منداڵانەی زۆر بەر خۆر دەكەون، ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجەی پێست زیاترە لە تەمەنی گەورەبوونیاندا.
هەندێک حاڵەتی پێست وەک زیپکە بە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی خۆر باشتر دەبن بەڵام دوای ماوەیەک دووبارە دەبنەوە و ئەمەش توندتر دەبن. بۆیە گرنگە ئاگاداری مەترسییەکانی بەرکەوتنی خۆر بیت و چۆن خۆت لێی بپارێزیت.

