ماكوان عيززهت – هەولێر
خۆڵبارین كاریگەریی نەرێنی لەسەر تەندروستیی مرۆڤ دەبێت، بەتایبەتی بۆ ئەو كەسانەی كە بەدەست كێشەی هەناسەدانەوە دەناڵێنن، هەڵمژینی تۆز و هەوای پیس دەبێتە هۆی كێشەی بۆ هەناسە و، خورانی بۆڕییەكانی هەناسە و تەنگەنەفەسی.
د. سەركار سوورچی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی دەڵێت: ڕێنمایی هاووڵاتیان دەكەین لەو كاتانەی خۆڵیارین توند دەبێت بە ماسكەوە بچنە دەرەوە و ئەگەر پێویست نەبوو لە ماڵ نەچنە دەر؛ هەروەها ئەوانەی گرفتی هەناسەیان هەیە و نەخۆشی ڕەبۆیان هەیە پێویستە وریاتر بن و ڕێنماییەكان جێبەجێ بكەن.
وتەبێژی وەزارەتی نەندروستی ئاماژەی بەوەش دا كە لە كاتە نەخوازراوەكاندا هاووڵاتیان دەتوانن پەیوەندی بكەن بە هیڵی ژمارە 122ـی فریاكەوتنەوە، بۆ ئەوەی بە هانایانەوە بچن و هاوكاریان بن.
گرفتە تەندروستییەكان لە كاتی خۆڵبارین بریتین لە: ئازار و كزانهوهی كۆئهندامی ھهناسه و كزانهوهی چاو، كهمكردنهوهی ڕادهی بینین، ھهوكردنی بۆرییهكانی ھهناسه، ڕهبۆ، ھهوكردنی درێژخایهنی سییهكان (ئێمفیزیما)، لاوازكردنی بهرگریی لهش و، دڵەترپەی نائاسایی، جهڵتهی دڵ و مێشک و، مهرگی ناگەهان.
د. محەمەد میرزا پسپۆڕی فیسیۆلۆجی رایگەیاند، گەردەلوولی خۆڵ كاریگەریی نەرێنیی ڕاستەوخۆی لەسەر كۆئەندامی هەناسەدان هەیە، بەتایبەتی بۆ ئەو كەسانەی بەدەست نەخۆشییە درێژخایەنەكانی كۆئەندامی هەناسەوە دەناڵێنن؛ وەك: تەنگەنەفەسی و هەستیاریی جیوب و نەخۆشیی درێژخایەنی قەبزداگەڕانی سییەكان. بەركەوتنی ڕاستەوخۆ بەم تۆزە دەبێتە هۆی خوران و چڵکاویکردنی پەردەی كۆئەندامی هەناسە.
د. محەمەد میرزا گوتیشی: ڕەنگە كەسانی تەندروستیش كاریگەریی زریانی خۆڵیان لەسەر بێت كاتێك بەر بڕێكی زۆر تۆز و خۆڵ دەكەون، ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی كۆكە و پژمین، هەروەها ڕەنگە ببێتە هۆی سووربوونەوەی چاو و نیشانەكانی تر كە لە ئەنجامی بەركەوتنی ڕاستەوخۆ بە ڕێژەیەكی زۆر تۆز و پیسی دروست دەبێت.
خۆپارێزی
*بەكارهێنانی چاویلكە و قەترەی چاو بۆ پاراستنی چاو لە خۆڵ و پیسی بۆ ئەوەی تووشی هەستیاری و هەوكردنی چاو نەبێت.
*دووركەوتنەوە لە چوون بۆ شوێنی كراوە وەك پاركەكان لە كاتی زریانەكاندا.
*لە كاتی دەرچوون لە ماڵەوە دەمامك هەڵپێچە و، کە پیس بوو، بیگۆڕە.
*نەخۆشی تەنگەنەفەسی دەبێت هەمیشە ئامێری هەناسەدانی پێ بێت لە ئەگەری هەر حاڵەتێكی لەناكاودا.
*لە كاتی شۆفێریدا دڵنیابە لە داخستنی پەنجەرەكان و لەبری هەوای دەرەوە، ئەیركۆندیشن بەكار بهێنە.
*ئەگەر زریانەكان لە كاتی كەشوهەوای گەرمدا ڕوویان دا، پێویستە بڕێكی پێویست ئاو بخورێتەوە.
*ئامادەكردنی ماڵەكەت پێش زریانی خۆڵ.
*داپۆشینی ئەو پارچانەی مۆبیلیات كە زۆرترین زیانیان هەیە بەهۆی تۆز و خۆڵەوە.

