رۆژنامەی ھەولێر

ڕەبۆداران دەبێ زیاتر خۆیان بپارێزن؛ بۆ؟

ماكوان عيززه‌‌ت – هەولێر

نەخۆشیی “ڕەبۆ” یەكێكە لە نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەناسە و سییەكان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕەبۆ نەخۆشییەكی درێژخایەنە و كۆنترۆڵكردنی ئەوێت و چارەسەری بنەبڕ و چاكبوونەوەی تەواوەتیی نییە، ئەو جۆرەیان مەترسیدارە كە كۆنترۆڵكردنیشی قورسە و بە هۆیەوە چەند جۆرێك چارەسەر بەكار دێنن.

پزیشكان ڕوونی دەكەنەوە: نەخۆشیی ڕەبۆ نەخۆشییەکی درێژخایەنە و پێویستیی بە چاودێریی رێکوپێک هەیە، واتە کەسی تووشیار نیشانەکانی ڕەبۆیەکەی جێگیر بێت یان ناجێگیر، پێویستە هەر هیچ نەبێت سێ مانگ جارێک سەردانی ڕاوێژکاریی و پزیشکی تایبەتمەند بکات بۆ ڕێکخستنەوەی دەرمانەکان و هەڵسەنگاندنی فەرمانی سییەکانی کە بە ئامێری تایبەت دەکرێت.
د. زانا دزەیی پسپۆڕی هەناو ڕوونی دەكاتەوە كە هەڵە بەکارهێنانی پەمپی ڕەبۆ یان نەزانین لە بەکارهێنانی یاخود نەپابەندی لە بەکارهێنانیدا، دەبێتە هۆی ئەوەی نەخۆشەكە هەست بە چاكبوونەوە نەكات؛ لە کۆمەڵگەی ئێمەدا هەڵەیەکی زۆر باوی نازانستیی هەیە کە گوایە بەردەوام بەكارهێنانی پەمپ دەبێتە هۆكار بۆ ئەوەی کەسەکە فێری ببێت و بەردەوام بەكاری بهێنیت! ئەمە بیرۆکەیەکی زۆر هەڵە و نازانستییە و هیچ بنەمایەکی زانستیی نییە! چونكە پەمپەکانی ڕەبۆ بە گرنگترین و باشترین و پێویستترین چارەسەری ڕەبۆ دادەنرێن؛ بە پێچەوانەوە نەپابەندی لە بەکارهێنانیدا، وا دەکات زۆر ئەستەم بێت ڕەبۆ کۆنترۆڵ بێت.
د. زانا دزەیی جەخت دەكاتەوە كە پارێز بەشێکی سەرەکیی کۆنترۆڵکردنی ڕەبۆیە، بەتایبەت ئەو جۆرەی ڕەبۆ کە پێی دەوترێت ڕەبۆی هەستیارۆک، لەوانە کێشانی جگەرە، بەکارنەهێنانی ماسک لە کاتی تەپ و تۆز و خۆڵبارین و، لە کاتی بەکارھێنانی پاککەرەوەکانی ناو ماڵ و ئەو بابەتانەدا.
یان کەسی تووشبوو كارەكەی بە جۆرێکە کە دەبێتە ھۆی زیاترکردنی نیشانەکانی وەک کارکردن لە کارگەی چیمەنتۆ و گەچ و بۆیاغکردن و فڕنی نان، زۆر جار تەنها بە گۆڕینی شوێن و جۆری كار، نیشانەکان کۆنترۆڵ دەکرێن.
ئەو پزیشكە پسپۆڕە دەربارەی خاڵێكی تری گرنگی كۆنترۆڵكردنی ڕەبۆوە دەڵێت:
کێشی زیاد و قەڵەوی، دەشێ هۆکارێک بێت بۆ تووشبوون؛ لە هەمان کاتدا هۆکارێکیش بێت بۆ خراپترکردنی نیشانەکان و کۆنترۆڵ‌نەکردنی نەخۆشییەکە، بۆیە کەسی تووشیار بە ڕەبۆ پێویستە ئاگای لە كێشی جەستەی بێت و نەهێڵێت کێشی زیاد بکات.
هەروەها هەندێ نەخۆشیی تر لە کەسی تووشبوو بە ڕەبۆ لەوانە
گەڕانەوەی تڕشەڵۆکی گەدە بۆ سوورێنچک، نەخۆشییەکانی دڵ و نەخۆشیی هەستیاریی درێژخایەن لە لووت و قوڕگ.
گەڕانەوەی تڕشەڵۆکی گەدە دەشێ هۆکارێک بێت بۆ تووشبوون بە نەخۆشیی ڕەبۆ یانیش کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکە قورستر دەکات. بە هەڵە دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە لە سەرەتاوە. واتە کەسەکە دەشێ تووشی نەخۆشییەکی درێژخایەنی تری سییەکانی بووبێ، بەڵام هەمان نیشانەکانی ڕەبۆی هەبووبێت و، نەخۆشییەکە بە هەڵە دەستنیشان کرابێت. بۆ دڵنیایی لە دەستنیشانكردنی نەخۆشییەکە، پێویستە پزیشکی پسپۆڕی تایبەتمەند، هەڵسەنگاندنەکە بکات.
لە كۆتاییدا د. زانا دزەیی گوتیشی: ئەوانەی كە هەست دەكەن تەنگەنەفەسن یانیش ڕەبۆیان هەیە نابێت لە خۆیانەوە گۆڕانكاری لە دەرمانەكانیان بكەن، یانیش بێ ڕاوێژكردن بە پزیشكی پسپۆڕ دەرمان بەكار بهێنن.