ماكوان عيززهت-هەولێر
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، تۆمارکردنی تووشبوویەکی دیکەی تای خوێنەچۆڕەی راگەیاند، ئەویش پیاوێکی دانشیتووی شاری سلێمانییە لە گەڕەكی چوارچرا كە تەمەنی ( 41 ) ساڵانە و، لەڕێگای سەربڕینی چەندین ئاژەڵ، بەرکەوتەی ئاژەڵی تووشبوو بووە، دوای گومانلێکردن بە نەخۆشی تای خوێنەچۆڕە و بوونی نیشانەکانی و چەندین ڕێکاری دەستنیشانکردن و چارەسەری پزیشکی گیراوەتە بەر. جارێ لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە لە نەخۆشخانە خەوێندراوە و چارەسەر وەردەگرێت و تا ئێستا باری تەندروستیی جێگیرە.
لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوو وەزارەتی تەندروستی یەكەمین حاڵەتی نەخۆشییەكەی ڕاگەیاند و هاووڵاتیانی لە مەترسیی نەخۆشییەكە ئاگادار كردەوە، وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند دوای چەندین حاڵەتی گومانلێکراوی نەخۆشی تای خوێنەچۆڕە لە هەرێمی کوردستان و هاتنیان بۆ نەخۆشخانە و بەدواداچوون و پشکنین بۆ گومانلێکراوان لەو دوو مانگەدا، دەرەنجام تەنها شەش حاڵەت دەستنیشان کراون و پشتڕاست کراوەتەوە، کە بەداخەوە حاڵەتێکیان لەبەر قورسیی نەخۆشینەکەی، گیانی لەدەست دا و حاڵەتەکانی دیکە بەتەواوی چاک بوونەتەوە و لە نەخۆشخانە دەرچوونە.
وەزارەتی تەندرستی لە ڕێگەی بەیاننامەیەكەوە داوای لە هاووڵاتیان كرد و جەخت دەکاتەوە لەسەر جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی، لە کاتی گومان و نیشانەکانی نەخۆشی لەسەر ئاژەڵ پێویستە تیمەکانی ڤێترنەری ئاگادار بکەنەوە.
یان هاووڵاتیان و بەرکەوتووانی بەخێوکردنی ئاژەڵ یان بەرهەمەکانی ئاژەڵ لە کاتی دیتنی هەر نیشانەیەکی ناتەندروست، بەخێرایی سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن بێ دواکەوتن.
تای خوێنەچۆڕە چییە؟
نەخۆشییەكی ڤایرۆسیی هاوبەشی مەترسیدارە بە هۆی مێرووی گەنەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ و ئاژەڵی وەك مانگا و مەڕ و بزن و سەگ. ئەم ڤایرۆسە خانەخوێە بۆ بوونەوەری وەك گەنە، مێشوولە، شەمشەمەكوێرە، قرتێنەرەكان.ئەم نەخۆشیە لە عێراقدا هەیە و ساڵانە چەندین حاڵەتی لێ تۆمار دەكرێت.
ڕێژەی مردن بەم نەخۆشیە زۆر بەرزە و دەگاتە 50 %. مەترسی ئەم نەخۆشیە لەوەدایە تا ئێستا هیچ ڤاكسینێكی بۆ نەدۆزراوەتەوە.
نیشانەكان :
• تا
• شەكەتی و بێهێزی
• گێژی
• ئازاری ماسوولكە یان ئێسك یان جومگەكان
• هێڵنج و ڕشانەوە
• سكچوون
نیشانە مەترسیدارەكان :
لەوانەیە نیشانەكان لە ماوەی 2 – 21 ڕۆژ دەربكەون بەپێی جۆری ڤایرۆسەكە.
• خوێنەچۆڕکەی ژێر پێست یان ئۆرگانە ناوخۆییەكان یان لە چاو، دەم و گوێچکە.
• ناڕێكی لە كاری كۆئەندامی دەمار .
• لەهۆشخۆچوون.
• وڕێنە.
• پەككەوتنی گورچیلە.
• پەككەوتنی جگەر.
هۆكاری تووشبوون بەم نەخۆشییە
لە ڕێگەی بەریەككەوتن لەگەڵ ئەو ئاژەڵ و جڕوجانەوەرانەی تووش بوونە بەم ڤایرۆسە، وەك: مێشوولە، گەنە، قرتێنەرەكان و شەمشەمەكوێرە.
هەندێك جۆر لە تای خوێنەچۆڕە دەگوازرێتەوە لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر.
شێوازی گواستنەوە:
لە ڕێگەی پێوەدانی مێشوولە و گەنە بە مرۆڤەوە، یان لە ڕێگەی بەریەككەوتن لەگەڵ شلە و دەردراوی كەسی تووشیار، وەك خوێن، لیك، تۆوی پیاو. هەندێك جاریش لە ڕێگەی بۆنکردنی پاشەڕۆ یان میزی مشكی تووشبوو.
لەكاتی گەشتكردن بۆ ناوچەیەك كە ئەم نەخۆشیەی تێدا باوە، لەوانەیەگەشتیار تووشی تای خوێنچۆڕە ببێت بەڵام لە كاتی گەڕانەوەی لە گەشتەكە نیشانەكانی لێ دەربكەوێ.
فاكتەرەكانی مەترسی
• كاركردن لەگەڵ كەسانی تووشیار.
• سەربڕین و خواردنی ئاژەڵی تووشیار.
• بەكارهێنانی سرنجی كەسانی تر لە ڕێگەی بۆڕییەكانی خوێنەوە
• سەرجێیی بەبێ بەكارهێنانی كۆندۆم.
• كاركردن لەو شوێنانەی قرتێنەری لێ هەیە.
• بەركەوتنە بەر خوێن یان شلەی كەسێكی تووشیار.
ماكەكان:
• شۆك بەهۆی هەوكردنی خوێن
• پەككەوتنی چەند ئۆرگانێك
• گیان لەدەستدان.
خۆپاراستن لەم نەخۆشیە:
1- دووركەوتنەوە لەو شوێنانەی كە نەخۆشیەكەی لێ بڵاو بوەتەوە.
2- بەكارهێنانی كەرەستەی خۆپارێزی كەسی وەك دەسكێش، زرێی دەم و چاو
3- كڕینی گۆشت لە شوێنی باوەڕپێكراو
4- كوڵاندنی گۆشت هەتا 70 پلەی سەدی و زیاتر.
5- دووركەوتنەوە لە كەسانی گومانلێكراو.
6- دانانی تەلمێش بۆ دەرگا و پەنجەرەكانی ماڵەوە.
7- فڕێدانی پاشماوەی ئاژەڵی سەربڕاو لە شوێنی تایبەت بە پاشماوەی ئاژەڵان
8- سەربڕینی ئاژەڵ لە سەربڕخانە .
9- لەناو بردنی مێشوولە و قرتێنەرەكان .

