سەنتەری گواستنەوەی خوێن و بەڕێوەبەرایەتیی بانکی خوێن لە شاری هەولێر بڕوانامەی “ئایزۆ”ـی بەدەست هێنا

رۆژی 14ی حوزەیرانی هەموو ساڵێك لە لایەن رێکخراوی تەندروستی جیهانی WHO بە ڕۆژی جیهانی خوێنبەخشەکان دانراوە لەم یادەدا ساڵانە هانی هاووڵاتیان دەدرێت بۆ بەخشینی خوێن.

بەخشینی خوێن ساڵانە یارمەتی ڕزگارکردنی ژیانی ملیۆنان کەس دەدات؛ پشتگیری لە ڕێکارە پزیشکی و نەشتەرگەرییە ئاڵۆزەکان دەکات. هەروەها ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە ڕزگارکردنی ژیانی دایکان و کۆرپەكەی، هاوكات بۆ نەخۆشانی تالاسیما و شێرپەنجە و گورچیلە فریادڕەسیانە.
لە سەرجەم چالاكییەكاندا سوپاسی خوێنبەخشە خۆبەخشەکان دەكرێت، هەروەها كار دەكرێت بۆ هۆشیارکردنەوەی كۆمەڵگە لەسەر پێویستی بەردەوامبوون لە بەخشینی خوێن بۆ ئەوەی ژیانی كەسانی كە ڕزگار بكەن.
وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم لە بەیاننامەیەكیدا ڕایگەیاند: بە دروشمی (خوێن ببەخشە، ئومێد ببەخشە، پێکەوە ژیان رزگار دەکەین) لە تەواوی جیهان ئەم یادەیە دەكرێتەوە کە تیشک دەخاتە سەر ڕۆڵی گرنگی خوێن بەخشین لە دڵنیابوون لە تەندروستی گشتی و پێشخستنی خۆڕاگری و بە زیندوو مانەوەی کۆمەڵگا.
وەک وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دڵەوە پیرۆزبایی و سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاڕاستەی سەرجەم خوێن بەخشان دەکەین. دیاری خوێنەکەت یارمەتیدەر بووە لە ڕزگارکردنی ژیانی نەخۆشەکان و تووشبووانی ڕووداوە جۆراوجورەکان و باشترکردنی تەندروستی و خۆشگوزەرانی زۆرێک لە هاووڵاتیان.
سیستەمی گواستنەوەی خوێن پێکهاتەیەکی گرنگی چاودێری تەندروستی گشتیە، رۆڵی هەیە لە چارەسەرکردنی کۆمەڵێک حاڵەتی پزیشکی بەرفراوان، لەوانە زەبر و زەنگ، نەشتەرگەری، شێرپەنجە و نەخۆشیەکانی خوێن. بەڵام هەمیشە خوێنی پاک و سەلامەت و پێویست پێویستی بە فەراهەم بوونی گەرەنتی هەیە، کەمی خوێن لە کاتی حاڵەتی فریاگوزاریدا ئەگەری هەیە ڕووبدات، بەڵام بە بەخشندەیی و پابەندبوونی مرۆڤایەتی خوێن بەخشەکان، زۆرێک لە نەخۆشەکان ئەو چارەسەرە ڕزگارکەرەی ژیانیان وەردەگرن کە پێویستیانە.
لە هەرێمی کوردستان پێشکەوتنی بەرچاوی خزمەتگوزارییەکانی سەنتەرەکانی بانکی خوێن و ڕێککارەکانی وەرگرتن و خوێن بەخشین و باشترکردنی پاکی و سەلامەتی خوێن بەدەستهاتووە. هەروەک سەنتەرەکانی بانکی خوێن بەرپرسیارن لە کۆکردنەوە و پشکنین و پرۆسێسکردن و دابەشکردنی خوێن و بەرهەمەکانی خوێن بۆ نەخۆشانی دامودەزگا تەندروستیەکانی کەرتی گشتی و تایبەت بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا سەبارەت بە گرنگی خوێن بەخشین و هاندانی خوێن بەخشینی خۆبەخشانەبۆ ڕارتنی باڵانسی ژیان.
لەم ڕۆژەدا، بە دەرفەتی دەزانین پیرۆزباییەکی گەرم و دەستخۆشی و سوپاسی سەنتەری گواستنەوەی خوێن و بەڕێوەبەرایەتی بانکی خوێن لە شاری هەولێر بکەین بەبۆنەی بەدەستهێنانی بڕوانەمەی ئایزۆ ISO لە بواری هەڵسەنگاندنی خزمەتگوزارییەکانی گواستنەوەی خوێن، بەهیوای زیاتر بەردەوام بوون و بەرەوپێشچوونی ئەم خزمەتگوزاریە ستراتیجیە لە تەواوی هەرێمی کوردستان.
د.سانع ئەبابەكر ئەرگووشی بەرێوەبەری بانکی خوێن لە هەولێر، ڕوونیكردەوە یادكردنەوەی ڕۆژی جیهانی خوێن بەخشین بۆ ئەوان لەمساڵدا جیاوازە بەهۆی ئەوەی توانیویانە بڕوانامەی ئایزۆی نێودەوڵەتی وەربگرن كە تایبەتە بە بواری تاقیگەیی، كە ئەمەش دڵنیایی دەدات كە ئەو ئامێرانەی هەمانە لەگەڵ ئەو پشكنینانەی ئەنجام دەرێت هاوتایە و بەگوێرەی ستاندارتی جیهانییە.
د.سانع ئەبابەكر لە بارەی خوێنبەخشانەوە گوتی: ئەوانەی كە خوێن دەبەخشن دیارە لە ئاستێكی بەرزی ڕۆشنبیریدان، هەر بۆیە بەردەوام هەست بە بەرپرسیاریەتی دەكەن و دێن خوێن دەبەخشن، هەر بۆیە زۆر گرنگە ئەو هەستە لەلای هەموو تاكێك هەبێت چونكە كۆمەڵگەی ئێمە بەهۆی ژینگەی دەوربەرمان بەردەوام وادەخوازێت كە خوێن بەردەستبێت، هەروەها هەردوو ڕەگەز لە تەمەنی سەروو 18 ساڵی دەتوانن خوێن ببەخشن، ئەوانەی خوێنیشیان بەخشی تا دوای شەش مانگی تر ناتوانن خوێن ببەخشنەوە، ئەمەش بۆ ئەوەیە بزانرێت لەو ماوەیە توشی هیچ جۆرە ڤایرۆسێك بووە یاخود نا.
عەبدولقەهار عەلی سكرتێری كۆمەڵەی خوێنبەخشانی كوردستان ڕوونی كردەوە كە لە لایەن ئەندامەکانیانەوە لە ژێر چاودێری پزیشكی و بە سیستەمێكی تەندروست خوێن دەبەخشن، ئەو كەسانەی كە خوێن دەبەخشن تەمەنیان لە سەرووی 18 ساڵییەوەیە.
سكرتێری كۆمەڵەی خوێنبەخشانی كوردستان دەشڵێت: ئەندامانمان خوێن بێ بەرامبەر دەبەخشن و چاوەڕێی هیچ جۆرە پاداشتێكی ماددی ناكەن، ئەمەش لە پێناو ڕەزامەندیی خوای گەورەیە.
كۆمەڵەی ئەڵمانی بۆ گواستنەوە و نەخۆشییەكانی خوێن ئاماژە دەكات كە لە سوودەكانی خوێنبەخشین بۆ خاوەنەكەی، لە مەترسیی تووشبوون بە كێشەی دڵ دەیپارێزێت و كار بۆ بەهێزكردنی سیستمی بەرگری لەش دەكات، بەوەش ئەو كەسە كەمتر تووشی نەخۆشی دەبێت، جیا لەوەی توانای بەجێگەیاندنی كارەكانی زیاتر دەبێت و بە گشتی تەندروستی باشتر دەبێت. هەروەها كۆمەڵەكە ئاماژەی بەوەشداوە كە ئەوانەی دوچاری كەمخوێنی و شەكرە و هەوكردنی جگەر لە جۆرەكانی بی و سی و ڤایرۆسی ئایدزبوون ناتوانن خوێن ببەخشن، جیا لەوانەش پێویستە پلەی گەرمی لەشی ئاسایی بێت و تەمەنی لە نێوان 18 بۆ 60 ساڵاندا بێت و كێشی لەشی لە 50 كیلۆگرام كەمتر نەبێت.