ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر
پەڵە و شوێنەواری سووتان لە ئەنجامی تێکچوونی چینی خوارەوەی پێست دەردەکەوێت، لە کاتی سووتاندا لەش پرۆتینێک دەردەدات کە پێی دەوترێت کۆلاجین بۆ ئەوەی یارمەتی چاکبوونەوە بدات، کە لە دۆخێکی ئاساییدا ڕێک خراوە و بەیەکەوە بەستراوەتەوە، بەڵام لە کاتی سووتانی پێستدا، ڕیشاڵەکانی ئەم پرۆتینە بە شێوەیەکی ناڕێکخراو گەشە دەکەن، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە دیمەن و هەستێکی جیاواز بدات بە پێست و، دەبێتە پەڵە.
د. بورهان تاهر قەرەداغی پسپۆڕی نەخۆشیەکانی پێست و جوانکاری لە بارەی كاریگەری و چارەسەری شێوازی پەڵەی سووتاوی وای ڕوون دەكاتەوە و سەرەتا ئاماژە بەوە کاریگەرییەکانی سووتان دەكات؛ وەك:
1-پەڵەی سوور و گەورە و بەرز : زۆرجار ڕەنگیان سوور ، کە بە دەست لێدان گەرمن و خورانیان هەیە.
2-پەڵەی گرژداگەڕاو: کە دەبنە هۆی بچووکبوونەوە و گرژداگەڕانی پێست و ماسولکە و ڕیشاڵەکان لە شوێنی سووتاویەکە.
3-پەڵەی کیلۆید: ئەمانە بریتین لە پەڵەیەک کە وەک گۆشتی زیادە یان گەشەیەکی بەردەوامی پێست بریقەدار و بێموو.
لە بارەی چارەسەری د. بورهان تاهر قەرەداغی ئاماژە بە چەند خاڵێك دەكات؛ لەوانە :
*دەرزیی کۆلاجین کە بۆ پڕکردنەوەی پێست و بەهێزکردنی و تەندروستی پێست بەکار دێت.
*دەرزیی فیلەر: هەروەها دەتوانرێت فیلەر بەکار بهێنرێت، وەکو فیلەری ستیرۆید کە دروستبوونی کۆلاجین کەم دەکاتەوە و دەرکەوتن و پێکهاتە و قەبارەی پەڵەکان دەگۆڕێت.
*توێکڵکردنی کیمیایی: ماددە کیمیاییەکان بۆ لەناوبردنی چینی سەرەوەی پێستی تووشبوو بەکار دێت، ئەمەش ڕێگە بە پێستی تەندروست دەدات لە شوێنی خۆیدا گەشە بکات.
*مادەی سپیکردنەوەی پێست: ئەمانە ئەو دەرمانانەن کە بە شێوەیەکی سەرەکی بەکار دەهێنرێن بۆ کاڵکردنەوەی ڕەنگی پێست.
*لەیزەر یان چارەسەر بە ڕووناکی کە دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە ڕووی پێست و ڕێگە بە گەشەکردنی پێستی تازە و تەندروست دەدات هەروەها پەڵەکان نەرم دەکاتەوە و ڕووی زبری پەڵە دەشارێتەوە.
نەشتەرگەری
بەزۆری لە حاڵەتەکانی کاریگەری توندی سووتاویدا بەکار دێت کە پەڵەکان قووڵن و بریتین لە:
1-لابردنی پێستی تێکچوو بە نەشتەرگەری.
2-پەیوەندکردنی پێستی تازە.
3-فراوانکردنی شانەکان: باڵۆنێک لە ژێر پێست لە نزیک پەڵەکە دادەنرێت بە تێپەڕینی کات ئەم باڵۆنە هێواش هێواش پڕ دەکرێت لە شلە بۆ فراوانبوون و زیادکردنی ڕووبەری شانەی ساغ و تەندروست.