هەڵکشانی فشارخوێن و خوێنەچۆڕەی لووت

ماكوان عيززه‌‌ت-هەولێر

خوێنەچۆڕەی لووت یاخود بەخوێنداهاتنی کەپوو حاڵەتێکی باوە و، رەنگە ببێتە هۆی ترس و ناڕەحەتی؛ بە شێوەیەکی گشتی خوێنەچۆڕەی لووت، مەترسییەکی وای لێ ناکرێت.

د. دلێر غازی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ و سنگ و بۆرییەکانی خوێن ڕوونی دەكاتەوە خوێنەچۆڕەی لووت، چەند هۆکارێکی جیاجیای هەیە؛ لەوانە: زەبر، کەشوهەوای وشک، هەوکردنی لووت، فشارخوێنی بەرز.
دەشڵێت: هەڵکشانی پەستانی خوێن دەبێتە هۆی خوێنەچۆڕەی لووت؛ ئاخر خوێنبەرەکانی ناو لووت ناسک و لاوازن و، بە فشارخوێنی بەرز تووشی پچڕان دەبن؛ لەوانەیە بە پژمینێکی قایم، خۆێنی لووت بەرببێت. ئەگەر فشارخوێن زۆر و درێژخایەن بێ، خوێنەچۆڕەی لووت درێژە دەکێشێت و زوو نامەیێت و، راگرتنی خوێنەچۆڕەکە ئاڵۆزتر دەکات. فشارخوێنی بەرز فشاری زیاتر دەخاتە سەر خوێنبەرەکانی سەرتانسەری لەش، لەوانەش خوێنبەرە ناسکەکانی ناو بۆشایی لووت. بە تێپەڕینی کات ئەم بەرزبوونەوەی پەستانە دەبێتە هۆی لاوازکردنی دیواری لوولەی خوێن و، دەیخاتە بەر مەترسیی خوێنەچۆڕە.
د. دلێر غازی ئاماژە بەوەش دەكات كە: فشارخوێنی بەرز هۆکارێکی خوێنەچۆڕەی لووتە، بەڵام تاکە هۆکار نییە. هەروەها هۆکاری دیکەی وەک هەستیاری، دەرمانی شلکردنەوەی خوێن یان خوراندنی لووتیش لەوانەیە ببنە هۆی بەخوێنداهاتنی کەپوو؛ ئەگەر کەسێک زووزوو لووتی بەخوێندا دێت و، فشارخوێنیشی بەرزە، باشتر وایە ڕاوێژ بە دكتۆری پسپۆڕ بکات. بە شێوەیەکی تۆکمە، پەستانی خوێنی بەرزەفت بکات، بە گۆڕینی شێوازی ژیان، دەرمان، یان تێکەڵەیەک لە هەردووکیان؛ لەوانە:
ـ وەرزش و جووڵەی بەردەوام؛
ـ دوورکەوتنەوە لە ترس و دڵەڕاوکێ؛
ـ خواردنی ژەمی بێوەی و ساغڵەم؛
ـ دابەزاندنی کێش؛
ـ وازهێنان لە جگەرە؛
ـ بەکارهێنانی دەرمانی پەستانی خوێن لە کاتی خۆی.