ڕاگەیاندراوێک لە وەزارەتی تەندروستیەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە، 4ـی حوزەیرانی 2025، نووسینگەی وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە نووسراوێکی فەرمی چەند بڕیار و ڕێنماییەکی گشتاندووە و ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی تەندروستی کردووە بۆ ئەوەی لە ڕۆژانی جەژن سەرجەم نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییەکان لە ئامادە باشی دابن.

کۆپییەکی نووسراوەکە بە دەستی ماڵپەڕی هەولێر کەوتووە و تیایدا هاتووە “لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و بەمەبەستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستیی لە ڕۆژانی جەژنی قوربانی پیرۆز، پێویستە هەموو بەڕێوەبەرایەتییە تەندروستییەکان پابەندی بڕیار و ڕێنماییەکان بن”؛ هەروەها جەخت دەکاتەوە، کە بە وردی چاودێری جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی خۆ پارێزی لە تووشبوون بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون دەکات.

خاڵەکانی پێویست بۆ هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکان بریتییە لە؛

1. دانانی لێژنەی بەدواداچوون لەسەرجەم بەرێوەبەرایەتی گشتیی و نەخۆشخانەکان.

2. بۆ هەرکارێکی پێویست و لەناکاو پێویستە هێلی گەرمی پەیوەندی هەبێت.

3. لە کاتی پێویستدا کۆگاکانی دەرمان و پێداویستی پزیشکی و تاقیگەیی کراوە دەبن لەسەرجەم شار و شارۆچکەکان.

4. پابەندبوونی پزیشکانی پسپۆڕ و نیشتەجێی دێرین و خولاو و پەرستار و کارمەندانی تەندروستیی بە دەوامی ئێشکگری.

5. هاتنەژوورەوەی ڕاگەیاندن تەنیا لە ڕێگای ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیەکان دەبێت.

6. ئاماری ڕۆژانە دەبێت لە ماوەی (24) کاتژمێر لە ڕێگای پەیوەندی مۆبایلەوە لە (8)ی بەیانی تاکوو (8) بەیانی ڕۆژی دوایی ڕەوانە بکرێت بۆ بەڕێوەبەرایەتیە گشتییەکان.

7. ڕۆژانە فۆرمی تایبەت بە ئامارەکان ڕەوانە بکرێت بۆ بەڕێوەبەرایەتیە گشتییەکان.

8. ئامادەباشی بۆ ئەمبولانس و دابینکردنی گاز و بەنزین بکرێت.

9. بەدواداچوونی بەردەوام بۆ پڕۆژەکانی خاوێنکردنەوە و دابینکردنی خۆراك بکرێت.

10. هێلەکانی مۆبایلی بەرپرس و (مستلم)ی بەشەکان کراوە بێت وەڵام بدرێتەوە.

11. نەخۆشخانەکانی فریاکەوتن و نۆرینگە دەرەکیەکان کراوەبن و هەموو سەردان و زانیاریەکان تایبەت بە نەخۆش تۆمار بکەن.

12. سەنتەرەکانی پێدانی چارەسەری کیمیاوی بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە پێویستە بە شێوەی ئێشکگری کراوەبێت.

13. سەنتەرەکانی شوشتنی گورچیلە پێویستە بە شێوەی ئێشکگری کراوەبێت.

14. تیمەکانی فریاگوزاری و هێلی (122) بەردەوام دەبن لە ئەرك و کارەکانیان بە شێوەی (24) کاتژمێری وە هۆبەی پزیشکی فریاکەوتن خشتەی دابینکردنی تیمەکانی دادەنێت بۆ شوێنەکانی پێویست و گەشتیاری.

15. خزمەتگوزاری بانکی خوێن بە شێوەی ئێشکگری (24) کاتژمێری کراوەبێت.

16. تیمەکانی (پشکنینی ئاوی خواردنەوەی ماڵان و نەخۆشیە گوازراوەکان و چاودێری تەندروستیی) بەردەوام دەبن لە بەدواداچونەکانیان بەشێوەی ئێشکگری.

17. تیمەکانی تەندروستیی بەهەماهەنگی تیمەکانی ڤیتەنەری چاودێری شوێنەکانی سەربڕینی ئاژەڵ بکەن و چاودێری مەرجە تەندروستییەکان بکەن.

18. بەدواداچوونی جێبەجێکردنی ڕێنمایی تایبەت بە کۆنتڕۆلکردنی نەخۆشی تای خوێن بەربوون بکرێت.

19. پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستیی بۆ ئاوارەکان لە کەمپەکان بەردەوام دەبێت.

20. تیمی تەندروستیی لە شوێنە گەشتیاریەکان دابنریت بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستیی بۆ باری لەناکاو.