ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر
نەخۆشیی غودە رژێنی پەریزادە، ئەم رژێنە لەشێوەی پەپولەدایە دەکەوێتە بەشی خوارەوەی پێشەوەی مل قەبارەکەی نزیکەی 5 سانتیمەتر و كێشی نزیكهی ٢٠ گرام دهبێت، فەرمانی سەرەکیی ئەو ڕژێنە دەردانی هۆرمۆنیT3 و T4 کە کاری سەرەکییان ڕێكخستنی مێتابۆلیزم و پلهی گهرمای لهش و لێدانی دڵە.
بەگشتی چوار جۆر نەخۆشیی غودە هەیە بەڵام دوو جۆری نەخۆشیی غودە زۆر باوە:
1. غودەی تەمەڵ: کە وەک پێویست هۆرمۆن دەرنادات.
2. غودەی هار( غودەی سام): واتە زیاد دەردانی هۆرمۆنی غودە.
د. ئەدیب عومەر پزیشكی پسپۆڕی هەناوی و غودە ئاماژە بە نەخۆشییەكەو ئەرك و فەرمانەكان و نیشانەكانی دەكات:
سەرەتا د. ئەدیب عومەر لە بارەی ڕژێنی غودە و ئەركی، ڕوونی دەكاتەوە كە: غودەی دەرەقی ڕژێنێكی خوێنە دەكەوێتە بەشی پێشەوەی مل، ئەم غودەیە هۆرمۆنێك دەڕێژێت پێی دەڵێن هۆرمۆنی ژیان، لەبەر ئەوەی هەموو زیندە چالاكییەكانی لەش ئەم هۆرمۆنە ڕێك دەخات وە وزە لەو خواردنە وەردەگرێت كە دەیخۆین، هەروەها پلەی گەرمی لەش ڕێك دەخات.
غودە كە دەكەوێتە پێشەوەی مل شێوەی پەپولەی هەیە، وەك هەموو ئەندامەكانی لەش ڕوو بەڕووی نەخۆشی دەبێتەوە، نەخۆشییەكەش بە شێوەیەكی گشتی دەكرێت بە چوار بەشەوە.
ئەم هۆرمۆنە كە زیاد دەڕێژێت پێی دەوترێت غودەی چالاك، یانیش كەم دەڕێژێت پێی دەڵێن غودەی تەمەڵ، یانیش هەروەك هەموو ئەندامەكانی تر توشی گرێ دەبێت، یاخوود ئەستوردەبێت و قەبارەكەی گەورە دەبێت بەڵام لە قەبارەیەكدا دەوستێت نە زیاد دەكات و نە كەم.
هەروەك باسمانكرد چوار جۆر نەخۆشیی غودە هەیە، لەوانە مەترسیدارەكە بریتیە لە بوونی گرێكە”خانەی شێرپەنجەیی” ، بەڵام باوترینیان غودەی چالاكە، كە بە غودەی سام لە نێو خەڵك ناسراوە، هەوەها غودەی تەمەڵ كە ئەم دوو جۆرەیان زۆرترین جۆری نەخۆشییەكەن.
د. ئەدیب عومەر نیشانەكانی غودە دەخاتە ڕوو:
غودەی تەمەڵ: ئەگەر بێت و باسی لێوە بكەین، كەسەكە سەرەتا هەست بە بێهێزی دەكات، هەموو گیانی دێشێت، ئازاری ماسولكەی هەیە، زۆرجاریش كێشی زیاد دەكات، پرچی تەنك دەبێت و نینۆكەكانی ئەوەرێت، پێستی ووشكدەبێت، نەخۆشەكە تووشی خەمۆكی و تەمەڵی دەبێت ئارەزووی زۆرخەوتن دەكات و، تەنگەنەفەس دەبێت.
غودەی چالاك “سام”: بەهۆی ئەوەی هۆرمۆنەكە زیاتر لە ڕێژەی خۆی دەڕژێت، نەخۆشەكە هەست بە ووزەیەكی زیاتر دەكات، لێدانی دڵی خێراتردەبێت، هەست بە گەرما دەكات، ئارەزووی خواردنی زۆردەبێت بەڵام كێشی دادەبەزێت، لە خانمان سووڕی مانگانەیان تێكدەچێت و ماوەی خوێنەكەی كەمدەبێت، كاریگەری لە سەر چاو و قژی دەبێت.
دەستنیشانکردنی نەخۆشیی غودە
* ئەم هۆرمۆنەیە لەریگەی پشکنینی خوێنەوە دەستنیشان دەکریت بە ئامێری هۆرمۆنات لە سیرەمی خوێنەکە.
*سۆنەر بۆ دڵنیایی لە قەبارە و شێوەی ڕژێنەکە.
* تیشک بۆ دڵنیایی لە شوێن و بارودۆخی ڕژێنەکە.
* پشکنین لە کاتی بوونی هەر برین و ناڕێکیەک لە شێوەی ڕژێنەکەدا هەبێت کە گومانی شێرپەنجەی لێ بکرێت.