٧ ئامۆژگاری بۆ ڕەواندنەوەی دڵەڕاوکێی دەمەو زایین

ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر

لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە زیاتر لە 60%ـی ئافرەتی دووگیان، دڵەڕاوکێی پێش زایین دەیانگرێ و ترسیان لێ دەنیشێت.

ئامۆژگاری بۆ زاڵبوون بەسەر دڵەڕاوکێ و فشاری دەمەو زایین
1- لەگەڵ دەوروبەرت باسی بکە: هاوسەرەکەت، هاوڕێکانت، دایکت، خەسووت. داوای یارمەتی بکە، هەستەکانت بە ڕوونی ڕوون بکەرەوە و داوای ئەو پشتگیرییە بکە کە پێویستتە. مەیشارەوە و ئینکاری مەکە. بەدوای ئەو شتانەدا مەگەڕێ کە ترست زیاد بکات.

2- لەگەڵ پزیشکەکەتدا قسە بکە و ترسەکانتی بۆ ڕوون بکەرەوە و داوای ئامۆژگاریی زانستی بکە.

3-دەستبەتاڵ مەبە و، بە کاری باش و سوودبەخش کاتی خۆت بەسەر بەرە. بابەتی باش و زانستی بخوێنەرەوە دەربارەی دووگیانی و منداڵبوون و پەروەردەکردنی منداڵ. نەكەیت خۆت بە چیرۆکی ترسناک و خەیاڵی و ترسناکەوە سەرقاڵ بكەیت.

4- بەشدار بە لە خولی ڕاهێنان و وەرزش و سەردانیكردنی ئەو شوێنانەی ئامۆژگاری دەدەنە خانمانی دووگیان.

5- وەرزش، پیاسە، یان یۆگا یارمەتیدەر دەبێت بۆ کەمکردنەوەی فشار.
6- لە خۆت بپرسە ئایا ئەم ترسە لە ڕاستیدا ترسی دوای منداڵبوونە؟ پەیوەندیی بە کار و سروشتی خۆیەوە هەیە. پەیوەندیی بە توانای تۆوە هەیە بۆ گرنگیدان بە منداڵەکە. بەپێی دۆخەکە چارەسەرێک بدۆزەرەوە.

7- لەخۆت بپرسە ئایا لەکاتی منداڵبووندا لە ئاڵۆزییەکان دەترسیت؟ ئەگەر وایە، هەموو پشکنینی پزیشکی پێویست ئەنجام بدە بۆ ئەوەی خۆت دڵنیا بکەیتەوە. پرسیار لە پزیشکەکەت بکە دەربارەی تەندروستیی خۆت و جۆری منداڵبوونەکەت.