ئەیدز چییە؟ ڕێگاكانی گواستنەوە و چۆنیەتیی خۆپارێزی لە نەخۆشینەکە و چارەسەر

ئەیدز، درمێکی درێژخایەنی ڤایرۆسی و بکوژە؛ بە هۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی بەرگریداڕووخێن (HIV)، خانەكانی بەرگریکەری لەشی مرۆڤ لاواز دەبن و، توانایی بەرگرییان نامێنێت بەرامبەر زیندەوەری هەرە ورد و چاونەبین؛ كە لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی تووشبوون بە بەكتریا و ڤایرۆس و مشەخۆر و كەڕووی هەلپەرست؛ هەروەها تووشبوون بە هەندێك شێرپەنجەی نائاسایی و، دەرئەنجامەكەی مردنە .

واتاشناسی
(AIDS) كوتكراوەی (Acquired immune deficiency syndrome) واتە دەركەوتنی كۆنیشانەیەك لە ئەنجامی كەموكووڕی بەرگریی لەش.

هۆكاری نەخۆشییەكە (Virus Human Immunodeficiency) برییتیە لە ڤایرۆسێكی زۆر بچووك بە ناوی (HIV) كە كورتكراوەی: ڤایرۆسی داڕوخانی بەرگریی لەشی مرۆڤە؛ ماوەی كڕكەوتنی، چەند هەفتەیەك بۆ چەند مانگێكە (زۆربەی لە نێوان 30-90 ڕۆژە)

نیشانەكانی ئەیدز
ئەم نەخۆشیە بە سێ قۆناغدا تێدەپەڕێت:
قۆناغی یەكەم: هەوكردنی توندی ڤایرۆسی و نیشانەكانی لە دوای سێ بۆ شەش هەفتە لە تووشبوون بەم ڤایرۆسە دەردەكەوێت كە ماوەی یەك تا سێ مانگ دەخایەنێ و دوایی بزر دەبێت.
نیشانەكانی ئەمانەن: بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای لەش، ئاوسانی لیمفەگلاندەكان، كەمبوونەوەی ئارەزوی خواردن، سكچوون، كۆكەیەكی وشكی بەردەوام بۆ ماوەی پتر لە مانگێك، دەركەوتنی ماكی سوور و پەمەیی لەسەر پێست و ناو دەم و پێڵووی چاو، هەستكردن بە ماندوبوون بەبێ هۆكاری دیار، هەوكردنی ناو گەروو و دەم و چەند نیشانەیەكی تریش.
قۆناغی دووەم: بێنیشانەیی، ئەو قۆناغە ماوەكەی دەگۆڕی لە یەكێكەوە بۆ یەكی تر پەیوەستە بە بەرگری لەش و ژمارەی ڤایرۆسەكانی ناو خوێن و ڕەگەزی تووشبووەكە و بوونی نەخۆشی تری زایندەیی، بەڵام بە گشتی (5-10) ساڵ دەخایەنێت و تەنها نیشانەی بریتییە لە ئاوسانی لیمفەگلاندەكان وكەمبوونەوەی لەسەرخۆی ژمارەی خڕۆکە سپیە شەڕکەرەكان (T-Cell) جۆری (CD4).
قۆناغی سێهەم و ئەیدز: دوا قۆناغی ئەم نەخۆشینەیە و هەوكردنی زۆربەی ئەندامەكان دەست پێدەكات وەك سیەكان و ناو دەم وگەدە و ڕیخۆڵە و میزەڕۆ و پێست و كۆئەندامی دەمار.
هەروەها لەدەستدانی زیاتر لە 10% كێشی لەش و خورانی سەرتاپای لەش و ئارەقەكردنی شەوانە و نەمانی ئارەزووی خواردن بە یەکجارەکی و، ئازاری جومگە و دەركەوتنی هەندی شێرپەنجەی پێست (كاپۆسس ساركۆما) و شێرپەنجەی لیمفەگلاندەكان و سكچوونێكی درێژخایەن و كەمخوێنی و بێهێزداگەڕانی ماسوولكەی دڵ و زۆر نیشانەی تر. ئەمانەش لە ئەنجامی كەمبوونەوەی ژمارەی (CD4) و نەمانی بەرگریی لەشە بەرامبەر بەكتریا و ڤایرۆس و کەڕووی هەلپەرست.

ڕێگاكانی گواستنەوە:
ڤایرۆسەكە لە ناو خوێن و شلەكانی لەش و شیر و شلە زایەندییەكان (ئاوی پیاو، شلەی دامەنی ئافرەت) هەروەها ئاوەزڵەی برین هەیە و، بەم ڕێگایانە دەگوازرێتەوە:
1. بە سەرجێیی و پەیوەندی سێكسی دەگوازرێتەوە؛ نێربازی لە هەموو سەرجێییەکی دی ترسناكترە.
2. لە ڕێگای خوێنی ڤایرۆسگرتە و پێكهاتەكانی دیکەی خوێن کە پیسداگەڕابێ و ڤایرۆسی پێوە بێ.
3. بە دەرزی و برینی لەش؛ بە تایبەتی لەو كەسانەی بە دەرزی، بەنگەمەنی لە خۆیان دەدەن؛ بەكارهێنانی كەلوپەلی پیسداگەڕاوی نەشتەرگەری؛ خاڵكوتین؛ لووت و گوێ سمین؛ سەرتراشین چەند كەسێك بە گوێزان (مووس)ـێکی پیس؛ هەروەها گواستنەوە بە ڕێگەی گۆڕینی ئەندامی لەش، وەك گورچیلە، جگەر، كۆرنیەی چاو.
4. لە دووگیانەوە بۆ كۆرپەکەی؛ بە تایبەتی لە كاتی لەدایكبوونی ئاسایی؛ جاروباریش بەرمەمکانەوەبەر ئەگەر شیر بداتە بەرمەمکانەکەی لەوانەیە تووشی بکا .
گواستنەوەی ڤایرۆسەكە ئاسانتر و خێراترە لەو كەسانەی كە برینیان هەیە لە كۆئەندامی زاوزێ، یان نەخۆشینە سێکسییەکانی دی یان ئەوانەی جگەریان تووشی ڤایرۆس بووە.

رێگای خۆپاراستن :
1. دووركەوتنەوە لە وەرگرتنی خوێن و پێكهاتەكانی، گەر زۆر پێویست بوو ئەوا دوای پشكنین و دڵنیایی لە خاوێنییەکەی، ئینجا وەربگیرێ؛
2. هەوڵدان بۆ كەمكردنەوە یان نەهێشتنی ئەوانەی ماددەی بێهۆشكەر بە دەرزی بەكار دەهێنن؛
3. بەكارنەهێنانی دەرزیی بەكارهاتوو، پاكژكردنەوەی بەردەوامی ئامێرەكانی نەشتەرگەریی گشتی و نەشتەرگەریی ددان؛
4. دووركەوتنەوە لە پەیوەندیی سێكسی لە دەرەوەی چوارچێوەی هاوسەرینی، بەتایبەتی فرەسێكسی؛
5. ئاگاداركردنەوە و زیادكردنی ئاستی هۆشیاری لەنێوان خەڵك لەسەر چۆنیەتیی گواستنەوە و مەترسیی ڤایرۆسەكە؛
6. بەكارهێنانی كۆندۆم لە كاتی سەرجێییکردنی ئاساییدا، بە تایبەت نائاسایی؛ چارەسەركردنی نەخۆشییە سێکسییەکانی دیکە.
7. چاودێریكردنی تووشبووەكان و پشكنینی ئەوانەی لێیانەوە نزیكن.

پشكنینی ئەیدز: بە پشنکنین بە دەزگای ئلایزا وێسترن بلۆت (ELISA &Western blot) نەخۆشییەکە دەدۆزرێتەوە.

ئایا (AIDS) چارەسەری هەیە؟
نەخێر؛ تاوەكو ئێستا چارەسەری تەواوی بۆ نییە؛ ماكوتەی نییە و چاكبوونەوەشی نییە، تەنها چەكمان بۆ بەرگری بریتیە لە خۆپاراستن.
ئەگەر ئافرەتێكی دووگیان تووشی ئەم نەخۆشییە بوو ئەوا پێویستە پێی بگوترێت كە ڤایرۆسی (HIV) واتە ئەیدزی هەیە و پێویستی بە چارەسەر و چاودێریی پزیشكی هەیە بۆ خۆپارێزی و پاراستنی منداڵەكەی چونكە وەرگرتنی چارەسەر منداڵەكە دەپارێزێت بە ڕێژەی دوو سێهەك (٢ لەسەر ٣). ئەنجامدانی نەشتەرگەری باشترە لە لەدایكبوونی ئاسایی چونكە ئەگەری تووشبوون كەم دەكاتەوە.
ئەو دەرمانانەی تاوەكو ئێستا بەكار دێت تەنها بۆ یارمەتیدانی نەخۆشە، ئەویش بۆ كەمكردنەوەی هەوكردنی هەلپەرستەكان و هەوڵدانە بۆ كەمكردنەوەی نیشانەكانی ئەیدز، نەك بۆ چارەسەری یەكجارەكی.

مەترسیی تووشبوون بە ئەیدز لە چیدایە؟
1. ماوەی كڕكەوتن و دەركەوتنی نیشانەكانی دوورودرێژە؛
2. هیچ چارەسەرێكی یەكجارەكی و بنبڕی نییە؛
3. هیچ جۆرە ماكوتەیەكی نییە بۆ بەرگریكردن لێی؛
4. بە زۆری تووشی هەرزەكار و لاوان دەبێت كە چینی بەرهەمهێنی كۆمەڵن و نیوەی ئەوانەی تازە تووش دەبن تەمەنیان لە خوار 25 ساڵانەوەیە؛
5. هەر ئەیدزگرتەیەک، لەوانەیە نزیكەی پەنجا بۆ سەد كەسی تریش تووش بکات.

ئەیدز بەم ڕێگایانە ناگوازرێتەوە:
پژمە، ماچ، قسەكردن، تۆقەكردن، فرمێسك و ئارەقە، نانخواردن بەیەكەوە، بەكارهێنانی قاپ و گلاس و خاولی و جلوبەرگی یەکدی، دانیشتنی قوتابیان و خوێندكاران لە تەنیشت یەكتر، بەكارهێنانی شوێنە گشتییەكانی وەك جێگای نوستن و گەرما و ئاودەست و دەسشۆرک (مەغسەل) و مەلەوانگە، بە كارهێنانی تەلفۆن و كۆمپیتەر، لە ڕێگەی مێش و مەگەز.

مێژووی ئەیدز
• ئەیدز بۆ یەكەم جار لە ناوەندی نەخۆشی و پشتگیری لە هاوینی ساڵی 1981 لە ویلایەتی لۆس ئەنجلوسی ئەمریكا دۆزرایەوە.
نەخۆشییەكە لە چەند حاڵەتێكی نەچاوەڕوانكراو دۆزرایەوە. كە لە هەوكردنی سیپەلاک لە چەند پیاوێك دۆزایەوە، کە لە دەرەوەی چوارچێوەی هاوسەرگیری سەرجێییان کردبوو؛ پاشان لە چەند ژن و پیاوێكی هۆکارە و ئالوودەی مادە هۆشبەرەكان بەدیار كەوت.