ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر
بەشی نەخۆشییە گوازراوەكان لە وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، هەڵمەتی هۆشیاری و پەروەردەی لەسەر ڤایرۆسی ئایدز و ئاوڵەمەیموون (MPOX)لە شاری هەولێر جێبەجێ کرد.
هەڵمەتەکە دە ڕۆژەی خایاند؛ تیایدا هاووڵاتییان هۆشیار دەكرانەوە و تیشک خرایە سەر ڕێگاکانی گواستنەوەی ئەو دوو ڤایرۆسە و ئامرازەکانی خۆپاراستن و هاندانی خۆبەخشانە بۆ خۆپشکنین.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان بۆ بەرگیری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەكان، بەردەوام لە ڕێگەی تیمەكانییەوە هاووڵاتییان هۆشیار دەكاتەوە و هانی گرتنەبەری ڕێكارەكانی خۆپارێزی دەدات.
هاوكات وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان لە ڕاگهیێنراوێكدا بڵاو یكردهوه و ڕایگهیاندووه، هەموو شوێنێک لە رووی تەندروستییەوە چاودێری دەکرێت و سەلامەتیی هاووڵاتییان دەپارێزن و ڕێکاری یاسایی دەگیرێتە بەر بۆ هەر شوێنێک بەبێ مۆڵەتی تەندروستی کار بکات یان مۆڵەتەکەی بەسەر چووبێت.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاماژهی بهوهش كردووه، دوای پشکنینی کارمەندانی شوێنە گشتییەکان و دەرهێنان و نوێکردنەوەی مۆڵەتی تەندروستی، لەلایەن تاقیگەی تەندروستیی گشتییەوە، تیمەکانی تەندروستی سێ حاڵەتی هەڵگری ڤایرۆسی نەخۆشینی ئەیدز (HIV)یان دۆزییەوە کە لە ساڵۆنەکانی ئافرەتاندا کاریان دەکرد و هەموویان بیانی بوون و لایەنی پەیوەنداری لێ ئاگادار کرایەوە و ڕێکاری پێویست گیرایە بەر.
وەزارەتی تەندروستی هاووڵاتییان ئاگادار دهكاتهوه خۆیان دوور بگرن لە شوێنی نافەرمی و پێویستە سەردانی شوێنی فەرمی بکەن و لە شوێنە گشتییەکان پرسیاری مۆڵەتی تەندروستی بکەن و لە هەر گومانێک لە نەبوونی مۆڵەت یان دیاردەیەکی ناتەندروست ئەرکێکی نیشتمانی و مرۆییە لە ڕێگەی هێڵە گەرمەکانی پەیوەندی یان سندووقی سکاڵا تیمەکانی تەندروستی ئاگادار بکەنەوە.
ئەم هۆشدارییەی وەزارەتی تەندروستی دوای ئەوە هات، بەدواداچوون و پشکنین بۆ تەندروستیی کارمەندانی 6 ئارایشتگە كرابوو، کە دەرکەوت سێ کەسیان هەڵگری ڤایرۆسی (HIV)ین.