ئەژین عەبدوڵا – ههولێر
ئاو یەکێکە لە باشترین خواردنەوەکان کە ئافرەت دەتوانێت بیخواتەوە لە کاتی دووگیانیدا و، گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ خۆی و کۆرپەلەکەی. هەروەها ئامۆژگاری ئەوەیە خانمانی دووگیان بە درێژای ڕۆژ ئاو بخۆنەوە نەک تەنها کاتێک هەستیان بە تینووێتی کرد.
توێژینەوەکان ئاماژە بە پێویستی خواردنەوەی لانی کەم هەشت پەرداخ ئاو دەکەن لە ڕۆژێکدا. ئەگەر توانیت ئەم بڕە زیاد بکەیت، بە تایبەت لە کاتی گەرمای هاویندا یان کاتێک هەوڵی زیاتر لە ئاسایی دەدەیت. توێژینەوەکان هۆشداری دەدەن لە وشکبوونەوەی لەش بەهۆی زۆری کاریگەرییە زیانۆکەکانی لەسەر لەش.
گرنگیی ئاوخواردنەوە بۆ خانمانی دووگیان
توێژینەوە زانستییەکانی ئەم دواییە ئاماژەیان بەوە کردووە کە لە ماوەی گەشەی کۆرپەلە لە سکی دایکیدا قەبارەی خانەکانی لەشی کۆرپەلە زیاد دەکات و بەم شێوەیە ئاوی پێویست بۆ گەشەی خانەکانی لە جەستەی دایکەوە بەدەست دەهێنێت. ئافرەتی دووگیان لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا پێویستە زۆر بایەخ بە خواردنەوەی ئاو بدات؛ گرنگترین ئامۆژگارییەكانیش بۆ هاندانیان بۆ زۆر خوارنەوەی ئاو بریتین لە:
* ئاو یارمەتیی جەستە دەدات ماددە خۆراکییە پێویستەکان هەڵبمژێت، هەروەها ڤیتامین و کانزا و هۆرمۆنەکان لە ڕێگەی خوێنەوە دەگوازێتەوە بۆ سەرتاسەری لەش بۆ گەیاندنی خۆراک بە کۆرپەلە.
* لەش لە خوێی زیادە ڕزگار دەکات و یارمەتیی گورچیلە دەدات ڕێژەی نیشتوو لە جەستەی ئافرەتی دووگیان و کۆرپەلە کەم بکاتەوە.
* ئاوسانی پێ و دەست کەم دەکاتەوە کە ئافرەتانی دووگیان لە دوا قۆناغی دووگیانیدا تووشی دەبن.
* ژنانی دووگیان لە بەرکەوتنی هەوکردنی میزەڕۆ دەپارێزێت.
* هەستکردن بە قەبزی لە کاتی دووگیانیدا کەم دەکاتەوە.
* ئەگەر ئاوی پێویست بخۆیتەوە ئەگەری لەدایکبوونی پێشوەختە کەمدەکاتەوە.
* پلەی گەرمای لەش ڕێک دەخات.
* ڕزگاری دەبێت لەو ژەهرانەی زیان بە جەستە دەگەیەنن.
* بەرکەوتن بە پێستی وشک کەم دەکاتەوە و لە دەرکەوتنی زیپکە دەتپارێزێت.
* لێدانی دڵ ڕێک دەخات، هەروەها هەستکردن بە گرژی و دەمارگیری و ماندوێتی کەم دەکاتەوە.
*پێویستە بۆ دەردانی شیری دایک دوای منداڵبوون.
ئامۆژگاری بۆ خواردنەوەی ئاوی پێویست:
1. ئاوی فێنك بخۆرەوە؛ تا پلەی گەرمی ئاوەکە نزمتر بێت، خواردنەوەکە ئاسانتر دەبێت، بەتایبەتی لە کاتی هەستکردن بە سکچوون لە قۆناغە سەرەتاییەکانی دووگیانیدا.
2. خواردنەوەی شەربەتی سروشتی وەک پێکهاتەیەکی زیادە جگە لە ئاو. خواردنی ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە ئاو، وەک سەوزە و میوە وەک خەیار و کاهوو و کەرەوز، جگە لە سپیاتی (شیرەمەنی).
3. بە سکی بەتاڵ ئاو مەخۆرەوە؛ چونکە هەندێك جار تووشی سكچوونت دەكاتەوە، پێش خواردنەوەی ئاو خواردنێکی سادە بخۆ بۆ ئەوەی جەستەت ئاگادار بکاتەوە.